
سبەى
لە سەردەمێکدا کە مۆبایلە زیرەکەکان بوونەتە ئامرازێکی پێویست، ئاسان نییە بزانین لە چ تەمەنێک و چۆن رێگە بە منداڵان بدرێت بەکاریبهێنن، بەو پێیەی زۆربەی توێژینەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن، بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان لەلایەن منداڵانەوە زوو ناتەندروستە، بەتایبەتی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ.
لە توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Pediatrics بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی پێش تەمەنی 12 ساڵی خاوەنی مۆبایلی زیرەکن، زیاتر تووشی خەمۆکی و قەڵەوی دەبن، بەراورد بەو منداڵانەی کە خوویان بە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک نەگرتووە.
توێژەران داتای زیاتر لە 10 هەزار و 500 منداڵیان شیکردووەتەوە، ئەوەش گەورەترین توێژینەوەیە لە ئەمەریکا لەسەر گەشەکردنی مێشکی منداڵان.
توێژینەوەکە گەیشتووە بەو دەرئەنجامەى کە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بەتایبەتی لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ، مەترسیدارە و کاریگەرییەکانیشی تا هەرزەکاری و گەورەیی دەمێنێتەوە.
ران بارزیلای پزیشکی دەروونی منداڵان و هەرزەکاران لە نەخۆشخانەی منداڵانی فیلادلفیا روونیکردەوە، کاتێک مۆبایل دەدەیت بە منداڵەکەت، دەبێت کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر دەروون و رەفتار و گەشەکردنی مێشکی بزانیت.
تێگەیشتنێکی باشتر لە مەترسییەکان
لە بەشێکی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەو منداڵ و هەرزەکار و گەنجانەی کە خاوەنی مۆبایلی زیرەکن، کاتێکی کەمتر بەسەردەبەن لە هەموو ئەو شتانەی پێویستن بۆ تەندروستی، وەکو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و وەرزشکردن و خەوتن.
ران بارزیلای دەڵێت، چوار ساڵ جیاوازی لە تەمەنی منداڵاندا زۆرە، مێشکی منداڵێکی تەمەن 12 زۆر جیاوازە لە مێشکی هەرزەکارێکی 16 ساڵان. بە دیوێکی تردا یەک ساڵ لە تەمەنی منداڵ، گرنگە لە پرۆسەی گەشەکردنی مێشک و رەفتار، کە کارییگەرییەکانی تا هەرزەکاری و گەنجی و گەورەیی درێژدەبێتەوە.
کەمخەوی
لە کاتێکدا توێژینەوەکان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی مۆبایلە زیرەکەکان لەسەر منداڵان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا زۆربەیان کۆکن لەسەرئەوەی ئەم ئامێرانە دەبنە هۆی تێکدانی خەوتنی منداڵان.
جەیسۆن ناگاتا پزیشکی منداڵان لە زانکۆی کالیفۆرنیا ئامارێکی مەترسیداری ئاشکراکردووە، ئەویش ئەوەیە کە 63%ی منداڵانی 11 و 12 ساڵ لە ئەمەریکا بەئاسانی دەستیان بە مۆبایلی زیرەک دەگات.
ئەو پزیشکە ئامۆژگاری لابردنی مۆبایلەکان لە ژووی نووستنی منداڵان و هەرزەکاران دەکات، تا خەویان تێکنەچێت و لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی مۆبایل، بەتایبەتی لە شەواندا بەدووربن.
