کۆتری درۆنی؛ داهێنانێکی نوێ نەخشەی بەرەکانی جەنگ دادەڕێژێتەوە

2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • کۆمپانیایەکی روسی پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی Bio-Drone بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆتر لە دوورەوە راگەیاند.
Primary Asset

سبەى

لە هەنگاوێکی نوێیدا بە ئاراستەی داڕشتنەوەی بەرەکانی جەنگ، روسیا کۆتری درۆنی بەرهەم هێناوە، کە بە چاندنی ئامێرێکی بچووک لە مێشکیدا، دەتوانێت بیکاتە چەکێکی کوشندەی مەترسیدار.

کۆمپانیایەکی روسی پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی  Bio-Drone بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆتر لە دوورەوە راگەیاند. 

ئەم هەنگاوە، واتە کۆتری درۆنی نیگەرانی دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوای لە ئەگەری بەکارهێنانی گیانلەبەرە کێوییەکان بۆ سیخوڕیکردن لێکەوتووەتەوە.

ئەلێکساندەر پانۆڤ دامەزرێنەری کۆمپانیاکە وتى "ئێمە لە ئێستادا کۆتر بەکاردەهێنین، بەڵام دەتوانرێت پەرەیپێبدرێت بۆ بەکارهێنانی لە کەروێشک و قەڵەڕەش، یان نەورەس بۆ چاودێریکردنی کەناراوەکان ".

کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە ئامێرەکە بە وزەی خۆر کاردەکات و جی پی ئێسی تێدایە. بەڵام هیچ رێژەیەکی مردنی لە کاتی چاندنی ئامێرەکە لە مێشکی کۆترەکاندا ئاشکرانەکردووە. رێکارێک کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی زۆر ناسکە.

ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، ئەگەری کەوتنەخوارەوەی ئەم باڵندانە هاوشێوەی باڵندە سروشتییەکانە، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنانی لە شارەکاندا سەلامەت بێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکانیان، لەگەڵ ژینگەی سروشتی خۆیاندا تێکەڵ بکرێنەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە داهێنانەکانی کۆمپانیا روسییەکە مشتومڕی لێدەکەوێتەوە. پێشتر رووبەڕووی ئەو تۆمەتە کرایەوە، کە هەوڵی دەستکاریکردنی سیستمی دەماری مانگای داوە، لە پێناوی زیادکردنی بەرهەمهێنانی شیردا. لە کاتێکدا روسیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەکارهێنانی ئاژەڵ بۆ مەبەستی سەربازی، لەوانە راهێنانی دۆلفینەکان بۆ چاودێریکردنی زەریاکان و دانانی مین و ئەنجامدانی ئەرکی سیخوڕی لە ژێر ئاودا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی