
سبەى
لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد، دیدگای زانایانی گەردونناسی سەبارەت بە ئەرکەکانی بۆشایی ئاسمان گۆڕانکاری ریشەیی بەسەرداهاتووە، چونکە AI چیتر سنوودار نییە بە شیکردنەوەی داتاکان لەسەرزەوی، بەڵکو زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەکی سەربەخۆ توانای بڕیاردان و فێربوون لە ئەزموون و تاقیکردنەوەکان هەیە. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە دەتوانێت لە ژینگە ئاڵۆز و قورسەکان وەکو بۆشایی ئاسمان خۆی بگونجێنێت.
ئەزموونێکی ئەڵمانی ناوازە
تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی ڤورزبۆرگی ئەڵمانی، یەکەم تاقیکردنەوەی ئەنجامدا، کە تیایدا زیرەکی دەستکرد بە سەربەخۆییەکی تەواوەتی مانگێکی دەستکردی لە خولگەکەیدا کۆنترۆڵکرد. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ئەو تەکنەلۆجیایە توانایەکی بەرزی هەیە لە فێربوون و زانیارییەکان لە ئەزموون و تاقیکردنەوەکان کۆدەکاتەوە.
تاقیکردنەوەکە سەرکەوتنی AIی لە رێنماییکردنی مانگی دەستکردی InnoCube و ئەنجامدانی جوڵەى ورد بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ خستووەتەڕوو. ئەزموونە سەرکەوتووەکە ئاسۆیەکی نوێ بۆ مانگە دەستکردە زیرەک و سەربەخۆکان دەکاتەوە، کە توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و ئەرکە ئاڵۆزەکانی بۆشایی ئاسماندا هەیە. ئەمەش ئەو راستییە پیشان دەدات، کە رەنگە AI لە داهاتوودا لە بری مرۆڤ ئەرکی گەڕان بە بۆشایی ئاسماندا بگرێتەئەستۆ.
وردەکاری تاقیکردنەوەکە
مانگە دەستکردەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆی ڤورزبۆرگ و زانکۆی تەکنیکی بەرلین پەرەی پێدراوە و کێشی نزیکەی 4.5 کیلۆگرامە. لە 14ی 1ی 2025 بە موشەکێکی سپەیس ئێکس بە بەرزی 500 کیلۆمەتر لە خولگەیەکدا جێگیر کرا.
لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، سیستمی زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەکی سەربەخۆ مانۆرێکی سەرکەوتویی ئەنجامدا، بەجۆرێک بە وردی ئاراستەی مانگە دەستکردەکەی گۆڕی.
بەکارهێنانی جۆراوجۆر
لە ئێستادا زیرەکی دەستکرد چەندین بەکارهێنانی لە بۆشایی ئاسماندا هەیە. وەکو بەشداریکردنی لە باشترکردنی پلان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە و خشتەی کارکردن، جگە لە شیکردنەوەی بڕێکی زۆر لە داتا لە مانگە دەستکرد و تەلەسکۆپەکانەوە بۆ چاودێریکردنی هەسارەکان و گۆڕانی کەشوهەوا بە وردییەکی زیاتر. جگە لەوەش، AI لە چاککردنەوە و چاودێریکردنی کارکردنی کەشتییە ئاسمانییەکان بەکاردەهێنرێت.
