
ئاڕاستەى درۆنەکان لە رۆژهەڵاتى دوزخورماتووەوە بەرەو کۆرمۆر
سبەى
هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە سنورى چەمچەماڵ لە رێگەى دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە کە لە سنورى دوزخورماتووەوە ئاڕاستەکراون، ئەوەش بەپێی ئەنجامى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە، بەبێ ئەوەى ناوى ئەنجامدەرانى هێرشەکە ئاشکرابکات.
ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە کە 3ى كانونى یەکەم لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە پەسەندکرا، ئەنجامدەرانى رووداوەکە بە کەسانى دەرچوو لە یاسا ناودەبات و دەڵێت هەندێکیان دەستگیرکراون.
بەپێی ئەنجامەکە کە دواى 9 رۆژ لە هێرشەکە راگەیەنرا و دەست "سبەى" کەوتووە، درۆنەکان لە رۆژهەڵاتى دوزخورماتووەوە هەڵدراون بە ئاڕاستەى باشورى کۆرمۆر، یەکێکیان ئامانجەکەى پێکاوە و ئەوەى دیکەش لەدەرەوەى کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
دورى نێوان کۆرمۆر و دوخورماتوو زیاتر لە 45 کیلۆمەترە و بۆشاییەکى ئەمنى بەرفراوان لەنێوانیاندایە و بەشێک لە گروپەکانى سەر بە حەشدى شەعبى لەناویاندا حەشدى تورکمان لە نزیک ئەو ناوچانە جێگیرکراون.
لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى کۆرمۆر لەلایەن وەزیرى ناوخۆى عێراقەوە سەرۆکایەتى دەکرا بە ئەندامێتى هەریەکە لە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى و وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و فەرماندەى پڕۆسە هاوبەشەکان.
هێرشەکە 11 هەمین هێرش بوو کە لەو ناوچەیەوە بکرێتە سەر کۆرمۆر، ئەوەش بەپێی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە کە گەیشتووە بە ناوى ئەنجامدەرانى و بە کەسانى دەرچوو لە یاسا ناویبردوون و فەرمانى دەستگیرکردن بۆ بەشێکیان دەرکراوە.
لیژنەى لێکۆڵینەوە دەڵێت، دواى دیاریکردنى ئەنجامدەرانى هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەى بەڵگەکان بۆ ئەوەى دواى دەستگیرکردنیان رەوانەى دادگا بکرێن.
بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەى هێرشەکە، لیژنەکە شەش راسپاردەى خستووەتەڕوو، لەناویاندا دابینکردنى سیستمى بەرگرى ئاسمانى لەلایەن وەزارەتى بەرگرى عێراقەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ کێڵگەکە، لەگەڵ دوبارە بڵاوکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتى سەڵاحەدین، بۆ رێگرى لەهەر دزەکردنێکى ئەمنى و راسپاردنى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ، دەستەى حەشدى شەعبى بۆ گۆڕینى فەرماندەیی هێزەکان لەو ناوچەیە.
بەرەوپێشبردن و پتەوکردنى کەناڵەکانى پەیوەندى هەواڵگرى نێوان دەزگاى هەواڵگرى و هاوتاکانیان لەهەرێم، راسپاردەیەکى دیکەى لیژنەیەکە بۆ پاراستنى کێڵگەکە، لەگەڵ سەپاندنى رێوشوێنى توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەى درۆن بەسەرجەم جۆرەکانییەوە، تەنها بە رەزامەندى فەرمى نەبێت.
لیژنەکە هەروەها داواى لە ئەنجومەنى دادوەرى کردووە لیژنەیەک پێکبهێنێت لەگەڵ دەزگا هەواڵگرى و ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکە و جەختیکردووەتەوە، کارەکانى بەردەوام دەبێت تا ئاشکراکردنى سەرجەم ئەو کەسانەى لە هێرشەکەدا تێوەگلاون.
هێرش بۆسەر کۆرمۆر
كاتژمێر 11:30ـی شەوی چوارشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2025) هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادركەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ. ئەمەش 11 هەمین هێرشە بۆسەر ئەو كێڵگەیە.
بەهۆی هێرشەكەوە، بەرهەمهێنانی غاز بەتەواوەتی لە كێڵگەكە وەستا و كوژانەوەی گشتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان روویدا، بەو پێیەی 80%ـی وێستگەكانی كارەبا پشت بە بەرهەمی غازی كێڵگەكە دەبەستن. ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەكەوە كەوتەوە ماوەی 10 كاتژمێر بەردەوام بوو.
هێرشەكە كۆگایەكی عەمباركردنی غازی شلی لە كێڵگەكە بە ئامانج گرت و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە، بەڵام زیانی گەورەی بە كێڵگەكە گەیاند و پرۆسەی بەرهەمهێنان بە مەبەستی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەتەواوەتی راگیرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمپانیای دانەغاز.
بەهۆی هێرشەكەوە بەرهەمهێنانی كارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ یەك هەزار مێگاوات دابەزی، هەروەها ناردنی 1200مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ عێراق راگیرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبای عێراق.
دوای هێرشەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا.
شادەماری غاز
کێڵگەى کۆرمۆر بە شادەماریی غاز لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت، دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.
غازی کۆرمۆر، سەرچاوەى دابینکردنى رێژەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غاز.
رووبەرى کێڵگەکە دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
