
موستەفا هیجری
سبەی
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانى ئێران رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و لاوازبوونی ئێران، لە سوودی کورد بووە و ئەوان بۆ شەڕ و ئاشتی ئامادەن.
مستەفا هیجری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "ئەمارگی" ئاماژەى بەوەکردووە، ئێرانی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر جیاوازە لە ئێرانی پاش حەوتی ئۆکتۆبەر و گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر داینەمیکی هێزدا هاتووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هیجری کە شوباتى ئەمساڵ بەسەرۆکى حزبەکەى هەڵبژێردرایەوە ئاماژە بە ئەوە دەکات، تا حەوتی ئۆکتۆبەر، ئێران رۆژ لە دوای رۆژ هێز و هەژموونی خۆی لە ناوچەکە زیاتر کردووە و بووە بە مەترسییەکی گەورە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لاوازبوونی بریکارەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا، رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، هەروەها شەڕی 12 رۆژە، ئێرانی لاواز کردووە.
گۆڕانکارییەکان دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و لاوازبوونی ئێران، لە سوودی کورد بووە و کورد دەبێت سیاسەتەکانی یەکبخات بە ئاراستەی گۆڕانکارییەکان، هەروەها کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت یەکگرتوو بێت، ئەوەش بەپێی وتەی مستەفا هیجری.
سەبارەت چالاکییە سەربازییەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، هیجری دەڵێت: "خەباتی چەکداری زیانی گیانی زۆری لێداوین، خەباتی ئێمە شانبەشانی گەلانی دیکەی ئێران بەردەوام دەبێت،" هەروەها پێیوایە نابێت کورد بە تەنها هەموو قوربانییەکان بدات بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران، بەڵکو دەبێت گەلانی دیکەش ئێرانیش بەشداربن، سەرەڕای ئەوانەش وەک هیجری دەڵێت: "لە هەمانکاتدا ئێمە تەواو ئامادەین بۆ بەردەوامیدان بە خەبات، لە نێویدا خەباتی چەکداری."
هیجیری پێیوایە، لە م قۆناغەدا خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیی زیانی گیانی کەمترە و وێنەیەکی جوانتری هەیە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمنى نێوان عێراق و ئێران بە بەشداری هەرێمی کوردستان، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانى ئێران دەڵێت: "تەنها چالاکیی سەربازییەکانمان سنوردارکراون، بەپێی پەیڕە و پرۆگرامی حیزب، لە جۆرەکانی دیکەی خەبات و چالاکی بەردەوامین."
هیجری دەشڵێت: "ئێران بەردەوامە لە فشارکردن لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەرکردنمان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە لێرە بەردەوامین لە خەبات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەنتەری هەماهەنگی حیزبەکانی رۆژهەڵات، هیجری دەڵێت: “هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەهۆی ژمارەیەک ناکۆکی ناوخۆییمانەوە راوەستا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حیزبی دیموکرات دەستپێشخەرییەکی کردووە و ژمارەیەک کۆبوونەوە کراون و لەلایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە پێشوازی لێکراوە.”
