کاندیدی کورد بۆ سەرۆکایەتی کۆمار وونە؛ لەنێوان 9 کاندیدی سەرۆک وەزیران و 5 کاندیدی سەرۆکی پەرلەماندا

#عێراق#هەڵبژاردن#سەرۆک وەزیران#سەرۆکی پەرلەمان#سەرۆک کۆمار
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەگەڵ نزیکبوونەوەی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە
  • چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێوان 9 کاندیدا سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی کاندیدێکە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران
  • سوننەکانیش کاندیدی خۆیان لەنێوان 5 کەسدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی دەکەنەوە
  • لەو نێوەندەدا تائێستا کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیارنییە و ئاسۆی هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پۆستە نییە
Primary Asset

کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان- 8/12/2024

سبەی

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێوان 9 کاندیدا سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی کاندیدێکە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، سوننەکانیش ئەمشەوە کاندیدی خۆیان لەنێوان 5 کەسدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی دەکەنەوە. لەو نێوەندەدا تائێستا کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیارنییە و ئاسۆی هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پۆستە نییە.

بەپێی نەریتی سیاسی و سازانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی کورد، شیعە و سوننە و دەرئەنجامی کۆتایی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شیعەکان کە ئێستا زۆرینەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کۆبونەتەوە، پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرن، سوننەکانیش کە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی کۆبونەتەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەرکەوتەی ئەوانە، لایەنە کوردییەکانیش کە تائێستا هیچ هاوپەیمانی تەنانەت کۆبونەوەیەکیشیان ئەنجامنەداوە، سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی ئەوانە، بەڵام تائێستا قسەیان لەسەر هیچ کاندیدێک نەکردووە.

پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە

حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: زۆرینەی ئەو تانانەی لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن تۆمارکرابوون، لەلایەن دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنەوە یەکلایی کراونەتەوە و زیاتر لە 600 تانە لە کۆی 800 تانەی تۆمارکراو، رەتکراونەتەوە.

ئاشکرای کرد؛ دوای یەکلایی کردنەوەی سەرجەم تانەکان و وەرگرتنی بڕیاری پێویست، لیستی ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکان دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ئەوەی پەسەندی بکات و بە فەرمی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆمار بانگهێشتی پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمان دەکات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ماوەیەکدا کە لە 15 رۆژ تێپەڕنەبێت.

9 کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران

چوارچێوەی هەماهەنگی لەئێستادا سەرقاڵی یەکلایی کردنەوەی کاندیدێکە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، بەپێی زانیارییەکانیش 9 کەس بە فەرمی سی ڤی و داواکارییان پێشکەشکردووە و لەنێوانیاندا یەکێکیان بە فەرمی دیاری دەکرێت.

ئەحمەد مەعموری، وتەبێژی هاوپەیمانی بناغەی عێراقی بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی راگەیاندووە: ئەو لیژنەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی سەرۆک وەزیران، تائێستا دۆسیەی 9 کاندیدی پەسەندکردووە و تاوتوێی بەرنامەکانیان دەکات بۆ بواری ئاسایش، ئابوری و پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان.

ئاماژەی بەوەکردووە، دیاریکردنی کاندیدەکە بە سازان دەکرێت لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا و بە جۆرێک دەبێت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەبەرچاو دەگیرێت و کەسێکی پەسەندکراو بێت لەناو میللەت و شەقام و لەسەر ئاستی دەرەوەشدا.

ناکۆکییەکانی چوارچێوی هەماهەنگی

بەوتەی عەلا مستەفا توێژەری سیاسی، ناکۆکی توند لەناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوەش گەورەترین بەربەست و رێگرە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

ئاشکرای کردووە، ئەوەی باس دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی دەکرێتەوە، ئەستەمە بەهۆی ناکۆکی و دابەشبوونی لایەنەکانی ناو چوارچێوەوە، سازان لەنێوانیاندا نییە، لەژێر فشارێکی گەورەی ناوخۆی و دەرەکیدان. بۆیە پێویستیان بە دانوستانی زیاتری ناوخۆیی و لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەشدا هەیە بۆ ئەوەی بگەنە سازان لەسەر کاندیدێک کە پەسەندی هەموو لایەک بێت.

سوننەکان کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە

بڕیارە ئەمشەو (4ـی کانوونی یەکەمی 2025) لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی کە لایەنە سوننەکانی براوەی هەڵبژاردن پێکیانهێناوە کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی بەرکەوتەی هەڵبژاردنیان لە حکومەتی نوێ و یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیەیە.

لە کۆبونوەکەدا تاوتوێی بەرکەوتەی لایەنە سوننییەکان دەکرێت لە حکومەتی داهاتوو و پۆستە وزاری و سیادییەکان و دانوستان لەگەڵ کورد و شیعە وەک دوو لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی نوێ و پرسە دەستورییەکانی پەیوەست بە یەکلایی کردنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق.

بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، سوننەکان لەنێوان 5 کاندیدا یەکێکیان یەکێکیان یەکلایی دەکەنەوە و وەک نوێنەری خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاری دەکەن.

بەهەمانشێوە سەرەڕای ناکۆکی ناوخۆییان، پێویستە کاندیدی سوننەکانیش بەهەمانشێوە سازانی سوننەکان و رەزامەندی کورد و شیعە و تاڕادەیەک وڵاتانی دیکەی ناو هاوکێشەی سیاسی عێراقی لەسەربێت، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ بەربەستێک لەناو ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت.

پەرتەوازەیی کورد و کاندیدی سەرۆک کۆمار 

بەپێی رێکارە دەستورییەکان، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستە لەماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی کاندیدی فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.

وەک نەریتی سیاسی و بەرکەوتەی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای ساڵی 2005 بەرکەوتەی کوردە، لە دوو خولی رابردوودا ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی ناو کورد دروست بوو لەسەر پۆستەکە، بۆ ئەم خولەش تائێستا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکی فەرمی ئەنجامنەدراوە بۆ یەکلایی کردنەوەی کاندیدی ئەو پۆستە.

لە وێنە گشتییەکەشدا کورد دیارە جیاواز لە شیعە و سوننە، ئەمجارەش کورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغداد و ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە بەغداد و ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەرکەوتە و پشکی کورد لە کابینەی داهاتووی عێراق و پۆستە وزاری و سیادییەکان درووست دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی