
سبەی
هۆکارێکی شاراوەی نەخۆشی شەقیقە ئاشکراکرا، پسپۆڕێکی دەمار و بڕبڕەی پشتیش رێگایەکی بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشییەکە بە رێژەی 60-70% دیاریکردووە.
لەکاتێکدا شەقیقە کە سەرئێشەیەکی توندە و لە زۆربەی نەخۆشەکاندا دەبێتە دۆخێکی تەندروستی درێژخایەن، سێیەم بەربڵاوترین نەخۆشییە لە جیهاندا، بەڵام چارەسەرێکی بنەبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە و چارەسەرەکانیش زیاتر لە کەمکردنەوەی نیشانەکانیدا کورتدەبێتەوە.
ئەندریە راتینۆڤ، پزیشکی دەمار و بڕبڕەی پشت باسی لە هۆکارێکی شاراوەی نەخۆشییە کردووە و وتوویەتی گرژبوونی ماسولکەکانی مل، هۆکارێکی دروستبوونی شەقیقەیە. وتووشیەتی ئازاری نەخۆشییەکە لە ملەوە دەستپێدەکات و لە کاتی چەمانەوەی سەردا ئازارەکە زیاتر دەبێت. هەروەها زیاتر لایەکی سەر دەگرێتەوە، هەستێکیش دروست دەکات وەکو ئەوە وایە سەرت قورس بێت.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە 90%ی گرژبوونی مل بە چەند هۆکارێک دروستدەبێت، لەوانە دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر کۆمپیوتەر و چەمانەوەی سەر و مل، کە فشاردەخاتە سەر دەمارەکان و سستکردنی سوڕی خوێنی لە سەردا لێدەکەوێتەوە. هەروەها شێوازی خەوتن و جوڵەی نا تەندروستی رۆژانە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانی مل.
ئەو پسپۆڕەی دەمار و بڕبڕەی پشت وتوویەتی ژنان زیاتر تووشی گرژبوونی ماسولکەکانی مل دەبن، ئەویش بەهۆی بایلۆجی جەستەیان و هەڵگرتنی جانتای دەستی لەسەر لایەکی شان.
شێوازی خەوتن و سەرینی نا تەندروست
ئەندریە راتینۆڤ دەڵێت، سەرینی نا تەندروست بەشدارە لە دروستبوونی گرژبوونی مل و سەرئێشەدا. ئەگەر زۆر بەرز یان زۆر نەرم بوو. کە وادەکات مل بە درێژایی شەو لە دۆخێکی نا تەندروست بمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژبوون و وردە وردە دەبێت بە نەخۆشی شەقیقە.
ئەو پزیشکە لە کۆتایدا روونیکردۆتەوە گۆڕینی سەرین و رێکخستنی دۆخی خەوتن، سەرئێشە بە رێژەی 60-70% لە نەخۆشەکاندا کەمدەکاتەوە.
