
کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا
سبەی
لە 20 ەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆندا بڕیاردرا ماوەی كارەكانی كۆمیسیۆن درێژ بكرێتەوە، ئەندامانی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە كردووە پێویستە راپۆرتێكی گشتگیر بە دیدێكی دیموكراتیكانە بنووسرێتەوە".سەرۆكی پەرلەمانی توركیاش دەڵێت "وڵاتەكەمان خەریكە گەمارۆ دەدرێت و كاتێكی زۆرمان لەبەردەست نییە".
لە 20ەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا كە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێكهێنراوە، باس لەوەكرا، بۆ بە "كۆمەڵایەتیكردن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەكە و بەتایبەت بۆ بونیادنانی ئاشتییەكی ئەرێنی، پێویستییان بە میكانیزم و بەشدارییەكی نوێی كۆمەڵایەتی و ئامرازی جیاواز هەیە". بڕیاڕیش درا كە لە 31ـی كانوونی یەكەمەوە كارەكانی كۆمیسیۆنەكە بۆ دوو مانگی دیكە درێژبكرێتەوە.
گوڵستان كلچ كۆچیگیت، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە كۆبوونەوەكەدا قسەی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی كۆمیسیۆن دروستكردنی ژێرخانی یاساییە بۆ ئاشتی و رایگەیاند:" دەبێت راپۆرتەكە بە عەقڵێكی هاوبەش و دیدگایەكی فراوان بنووسرێت، پرۆسەكە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و بۆ بونیادنانی ئاشتییەكی ئەرێنی پێویستە گفتوگۆی بەرفراوان ئەنجامبدرێت".
"هێشتا لە سەرەتای پرۆسەكەداین و رێگەیەكی دوورمان لەپێشە"
گوڵستان كلچ كۆچیگیت وتیشی:"هێشتا لە سەرەتای پرۆسەكەداین و رێگەیەكی دوورمان لەپێشە، شیكارییەكان بە روونی ئەوە نیشان دەدەن كە بۆ كۆمەڵایەتیكردن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەكە و بەتایبەت بۆ بونیادنانی ئاشتییەكی ئەرێنی، پێویستیمان بە میكانیزمی نوێ، بەشداریی كۆمەڵایەتیی نوێ و ئامرازی جیاواز هەیە، هەر بۆیە، پێمان وایە پێویستە گفتوگۆیەكی ورد لەسەر ئەوە بكرێت كە دەبێت لەمەودوا چی بكرێت".
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا مەڕاڵ دانش بەشتاش، ئەندامی دەم پارتی ئاماژەی بەوە كرد "دەبێت پرسی كورد بە روونی پێناسە بكرێت، هەنگاوە سەربازییەكان رێگەی چارەسەر دوور دەخەنەوە".
مەڕاڵ دانش بەشتاش وتی:" ئەم پرسە بەوە چارەسەر ناكرێت كە تەنها وەك تیرۆریزم ناوزەد بكرێت. داواكاریی ئەوە هەیە كە بتوانم بە ئازادی بە زمانی خۆم بدوێم، وەرن با وەك كۆمیسیۆن تەنها بۆ هەفتەیەك زمانێكی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بنیادبنێین. با زمانی خوشك-برایەتی بنیاد بنێین،با باس لە مێژووی هاوبەشی ئەم وڵاتە بكەین، با لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بدوێین، من بانگەشەی ئەوە دەكەم كە كەشوهەواكە دەگۆڕێت، بەڵام دروستكردنی زمانێكی دژبەر قبوڵكراو نییە".
لەلایەن خۆشیەوە، ساروخان ئۆلوچ، ئەندامی دەم پارتی رایگەیاند:"بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی پێویستە هەموو پارتەكان بەبێ مەرج لەسەر راپۆرتێكی هاوبەش رێكبكەون، لەو هەنگاوانەی بۆ داهاتوو دەنرێن، گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوبەش بۆ كۆمەڵایەتیكردنی ئاشتی زۆر گرنگە".
"چوار ماددەی یەكەمی دەستوور گفتوگۆی لەسەر ناكرێت"
دواتر فەتی یەڵدز ئەندامی مەهەپە لە كۆمسیۆنەكە، دووپاتی كردەوە "چوار ماددەی یەكەمی دەستوور گفتوگۆی لەسەر ناكرێت".
“ توركیا دەرفەتێكی مێژوویی لەدەست دەدات”
نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئاماژەی بە پێشهاتەكانی جیهان و ناوچەكە كرد و رایگەیاند:"سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆك وەزیرانی یۆنان و سەرۆك وەزیرانی ئیدارەی رۆمی باشوری قوبرسی خستۆتە پاڵ خۆی و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە وڵاتەكەمان دەكات و تۆمەتبارمان دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە جەنگی روسیا-ئۆكراینا دەگوازرێتەوە بۆ دەریای رەش، كاتێك سەیری ئەم دۆخە دەكەین، دەبینین بۆ دروستكردنی بەرەی ناوخۆیی توركیا، خوشك-برایەتی و دۆخی بێ ململانێ، كاتێكی زۆرمان لەبەردەستدا نەماوە".
كورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا، هەوڵێك هەیە بۆ گەمارۆدانی توركیا و رایگەیاند:"ئەگەر بەرپرسیارێتییەكمان بەرامبەر بە مێژوو هەبێت، یەكێك لە گرنگترین بەرپرسیارێتییەكانمان ئەوەیە كە پێشهاتەكانی دەوروبەری توركیا بە باشی تێبگەین و باشترین وەڵاممان بۆی هەبێت. رێگەی ئەمەش ئەوەیە كە پلانی ئیمپریالیستەكان تێكبدەین و هەنگاوی وا بنێین كە تا قیامەت بەردەوام بین، بۆ ئەمەش دەبێت خوشك-برایەتی تەنها قسە نەبێت، بەڵكو دەبێت پێداویستییەكانی یاسای خوشك-برایەتی جێبەجێ بكرێن و هەنگاوی كردەیی بۆ بنرێت".
" من درك بەمە دەكەم، ئەگەر بەپێی رۆحی سەردەمەكە نەجووڵێینەوە، نەك تەنها كارەكانی كۆمیسیۆنەكە سەركەوتوونابن، بەڵكو لە هەمان كاتدا توركیا دەرفەتێكی مێژوویی لەدەست دەدات، بۆ ئەمەش پێویستە هەر كەسێك ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە سەر شانی جێبەجێی بكات. هیوادارم كارەكانمان ئەنجامێكی بەسوودیان هەبێت". سەرۆكی پەرلەمانی توركیا وای وت.
