
سبەی
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، كێبڕكێی ئەمەریكا و ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر كابینەی نوێدا گەرمتر بووە. بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەت بە پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی، واشنتن دەیەوێت هیچ كەسایەتییەكی نێو ئەو گروپانەی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكادان، پێگەیان لە حكومەتی داهاتووی عێراق نەبێت.
وەك لە راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێت حكومەتی داهاتووی عێراق هەنگاوی رژد بگرێتەبەر بۆ كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە عێراق.
بەپێی راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتەر، لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەكان، ئەمەریكییەكان بە سەركردە عێراقییەكانیان راگەیاندووە، ئەمەریكا نایەوێت هیچ گروپێكی سزادراو لەلایەن ئەمەریكاوە لە حكومەتی نوێی عێراقدا هەبێت.
سەبارەت بە كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، پێكهاتەی حكومەتی داهاتووی عێراق تەواو بڕیارێكی عێراقییانە دەبێت، بەڵام ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێت بەغداد خۆی لە كەسانی نزیك لە ئێران بەدوور بگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "بڕیاردان لەسەر پێكهاتەی حكومەتی عێراق لای عێراقییەكانە،" هەروەها دەشڵێت: "ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی پەیامێكی روون بۆ چەكپێدانانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران كە سەروەری عێراقییان لاواز كردووە، بوونەتە مەترسی بۆ ئەمەریكی و عێراقییەكان و سەرچاوەكانی عێراق لە سوودی ئێران بەكاردەهێنن. سەركردە عێراقییەكان باش دەزانن چی لەگەڵ بەرژەوەندی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراقە و چیش لە بەرژەوەندی پەیوەندییەكانی واشنتن و بەغداد نییە."
سەبارەت بە پێشینەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و كابینەی داهاتووی عێراق، جەیمس جیفری، باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا بۆ عێراق قسەی بۆ ئەلمۆنیتەر كردووە و دەڵێت: "ئەمەریكا ماسی دیكەی هەیە بۆ راوكردن لە ناوچەكە (پێشێنەی دیكەی گرتنی هەیە)، لە لوبنان، سوریا و كەرتی غەززە بە تایبەتی، هەروەها مەترسی بنیاتنانەوەی مووشەكی ئێران."
سەبارەت بە عێراق جەیمس جیفری دەڵێت: "بەڵام لە لایەكی دیكەوە، ئەمەریكا درك بەوە دەكات سەركەوتوو بوون لە سەركەوتنی ستراتیژی گەورە دژی ئێران، بۆیە نایانەوێت عێراق ببینن ببێتە ئەو شوێنەی ئەو دەستكەوتە بەدەستهاتووانەی دژی ئێران پێچەوانە بكاتەوە."
سەبارەت بە پێشینەكانی ئەمەریكا لە حكومەتی داهاتووی عێراق، باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا بۆ عێراق دەڵێت: “ئەمەریكا دەیەوێت بە هێزێكی كەم لە عێراق بمێنێتەوە، رێزگرتن لە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە عێراق و دڵنیاییدان لە بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.”
