
ژمارەیەک گەنجی تورکیا هێمای گورگە بۆرەکانیان نیشان داوە
سبەی
سەرەرای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوامە، بەڵام راپۆرتی ماڵپەرێكی بەریتانی دەردیدەخات، شەپۆلێكی نوێی راسترەوی توندڕەو لە ناو گەنجانی ئەو وڵاتە سەریهەڵداوە كە بە توندی دژی پرۆسەكەن و بە دژایەتیكردنی دەستور و ناپاكی پێناسەی دەكەن.
بەشی فارسی ماڵپەری بی بی سی بەریتانی، لە راپۆرتێكدا پەردە لەسەر شەپۆلێكی نوێی ناسیۆنالیزم(راستڕەوی توندرەو) لە توركیا هەڵدەداتەوە، كە بە زۆری لەناو مێرمنداڵان و گەنجانی ئەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە، بەپێی راپۆرتەكە ئەو شەپۆلە خاوەنی تایبەتمەندی نوێیە و بەراورد بە جۆرەكانی دیكەی راستڕەوی جیاوازتر دەردەكەوێت و خاوەنی هێما و رەهەندی نوێترە.
بە گوێرەی ماڵپەرەكە ئەو شەپۆلە نوێیەی راستڕەوی لە توركیا لە رێگەی دروشم، پۆشینی جلوبەرگ بە هێمای رەگەزپەرستانە و لێدوانی توند دژی نەتەوەكانی دیكە دەردەكەوێت، لەوانەش بەكارهێنانی هێمای گورگی بۆر لەسەر جلوبەرگ، هەڵواسینی لافیتە كە تێیدا سوكایەتی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەكرێت، دروشمی رەگەزپەرستانە، بڵاوكردنەوەی بەربڵاوی پۆستەری مستەفا كەمال ئەتاتورك و وێنەی ئەنوەر پاشا.
پاڵنەرەكانی رەگەزپەرستی نوێ لە توركیا
پرۆفیسۆر ئۆزگهان شنیڤا، مامۆستا لە كۆلێجی ئابووری و زانستە كارگێڕییەكان لە زانكۆی تەكنیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ساڵانێكە لێكۆڵینەوە لەسەر گەنجان دەكات، لەو بارەیەوە بە بی بی سی وتووە:" چینی مامناوەند لە قەیراندایە، گەنجانی ئەم چینەی كۆمەڵگەی توركیا روبەڕووی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە و زۆربەیان لە تەمەنێكی زۆر كەمەوە ناچارن كار بكەن و ئەمڕۆ و داهاتوویان لە مەترسیدا دەبینن".
لەلایەكی دیكەوە، بەهادور دینچ ئەرسەلان، نووسەر و خاوەنی ماڵپەری تامگاتورك لە كتێبێكی دوو بەرگیدا بە ناوی "ناسیۆنالیزمی عەلمانی" بۆچوونەكانی خۆی سەبارەت بەم جۆرە لە ناسیۆنالیزمە دەخاتە ڕوو.
لەبەشێكی كتێبەكەی ئەم نووسەردا هاتووە:"تاكە سەرمایەیەك كە گەنجان دەتوانن دەستی پێوە بگرن، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانە، لە راستیدا لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن خۆیان و شوناسەكەیان بپارێزن".
راپۆرتێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی لاوانی ئیستانبوڵ باس لەوە دەكات، لە نێو گەنجانی ناسیۆنالیستی توركیادا بەشێك لەو هێمایانەی پارتە راستڕەوكان لە سەرانسەری جیهاندا بەكاریدەهێنن دەبیندرێت، لەوانەش وەستانەوە دژی كۆچبەران و دوژمنایەتی توند لەگەڵ كەمینە نەتەوەیی، ئایینی و رەگەزییەكان.
هاوكات بە گوێرەی چەندین راپۆرتی مەیدانی، ئەم شەپۆلە نوێیە دژی هەرجۆرە سیستم و دەسەڵاتێكی نەریتییە و لە بەرانبەر دیموكراسی دەوەستێتەوە.
هەروەها لێكۆڵینەوە هاوشێوەكانی دیكەش، باسیان لە كاردانەوەی گەنجان بەرامبەر بە سورییەكان و كۆچبەری نایاسایی و پرسی ئاسایشی سنوورەكان كردووە.
نەوەی نوێی رەگەزپەرستانی توركیا دژی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەوەستنەوە
بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێكۆڵینەوەی لاوانی ئیستانبوڵ نەوەی نوێی رەگەزپەرستانی توركیا، ئەگەرچی نكۆڵی لە ناسنامەی كورد لە توركیا ناكەن، بەڵام بە توندی دژی پرۆسەی ئاشتی دەوەستنەوە و دروشمدان دژی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە كۆبوونەوەكانیان بە زۆری دەبیسترێت.
بەشێك لەو گەنجانە پرۆسەی ئاشتی وەك پرۆسەیەك دژی دەستوور و نەتەوەی تورك وەسف دەكەن، جگە لەوەش بە پرۆسەیەكی ناپاكانە پێناسەی دەكەن.
