بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و پێشنیازی نوێی ترەمپ؛ دەرفەت یان چەقبەستوویی زیاتر؟

#ئێران#ئەتۆمیی#ئەمەریکا#ئیسرائیل
4 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • رۆژی سێشەممەی رابردوو، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەچوو، كە تێیدا دوایین گۆڕانكارییەكان سەبارەت بە ئەم پرسە خرایە روو و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی و كاتیی ئەنجومەنەكە و نوێنەری ئێران پرسەكەیان لە گۆشە نیگای جیاوازەوە خستەروو.كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران شایەتی پەرەسەندنێكی نوێیە لە پەیوەندی و ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتن، رەنگە داهاتووی روبەڕووبوونەوە یان كارلێكی نێوان ئەم دوو ئەكتەرە دیاری بكات.
Primary Asset

سبەی

رۆژی سێشەممەی رابردوو، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەچوو، كە تێیدا دوایین گۆڕانكارییەكان سەبارەت بە ئەم پرسە خرایە روو و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی و كاتیی ئەنجومەنەكە و نوێنەری ئێران پرسەكەیان لە گۆشە نیگای جیاوازەوە خستەروو.كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران شایەتی پەرەسەندنێكی نوێیە لە پەیوەندی و ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتن، رەنگە داهاتووی روبەڕووبوونەوە یان كارلێكی نێوان ئەم دوو ئەكتەرە دیاری بكات.

مۆرگان ئۆرتێگاس، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: ئەمریكا ئامادەیە بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای "پیتاندنی سفر لەسەر خاكی ئێران".

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە چەند مانگی رابردوودا بەرپرسانی ئەمەریكا و بەتایبەت خودی دۆناڵد ترەمپ، چەندین جار باسیان لە بەرژەوەندی واشنتن كردووە لە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام بە دەگمەن بە راشكاوی باسیان لە رەهەندەكان و ناوەڕۆكی مەرجەكانیان بۆ ئەو رێككەوتنە كردۆتەوە.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی باڵای ئێران، چەندین جار رایانگەیاندووە ئەمریكا بۆ دانوستان ئامادە نییە و واشنتنیان بە زیادەرەوی  تۆمەتبار كردووە.

هاوكات بەرپرسانی ئێران چەندین جار باسیان لەوە كردووە، ئەمریكا داوایكردووە پرسی مووشەكی ئێرانیش بەشێك بێت لە مژاری كۆبوونەوەكان.

سەرەرای بانگەشەكانی ئێران، بەڵام نوێنەری ئەمەریكا لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایش هیچ جۆرە ئاماژەیەكی بە بەرنامە مووشەكییەكەی ئێران نەكرد، تەنانەت پرسی یارمەتییەكانی ئێرانی بۆ گروپە چەكدارەكانی ناوچەكە وەك بابەتێكی گفتوگۆكان نەخستەروو.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری ئەمەریكا جەختی لەسەر دوو مەرجی وڵاتەكەی، بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران كردەوە لەوانەش، گفتوگۆی راستەخۆ و هاوكات دەستهەڵگرتنی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە هەر رێژەیەك.

پلانی نوێی ئەمەریكا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران

بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی ئەمەریكا لە خستنەرووی پێشنیازی دانوستانێكی نوێ لەگەڵ ئێران چەندین ئامانج دەپێكێت، لەوانەش:

یەكەم ئامانجی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی پێشنیازی دانوستان، رەتكردنەوەی بانگەشەی بەرپرسانی ئێرانییە كە ئەمەریكا بە هۆكاری پەككەوتنی دانوستانەكان تۆمەتبار دەكەن.

دووەم ئامانجی ئەمەریكا بۆ نیگەرانییەكانی واشنتن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەرچەندە سەرۆكی ئەمەریكا بانگەشەی ئەوە دەكات كە توانای ئەتۆمی ئێرانی لەناوبردووە، بەڵام راپۆرتە سەربەخۆ و باوەڕپێكراوەكان ئاماژە بە چارەنووسی نادیاری زیاتر لە 400 كیلۆ یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە ئێران لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن.

جگە لەوەش نیگەرانیی گەورە هەیە ئەگەر  ئێران بڕیاری دووبارە نۆژەنكردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بدات، ئەگەرچی ترەمپ بەردەوام هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئێران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكاتەوە بۆ جارێكی دیكە دەكرێتە ئامانج، بەڵام چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە رێگەی دانوستان تێچوویەكی زۆر كەمتری هەیە لەوەی لە رێگەی ‌هێرشێكی سەربازییەوە هەوڵی لەناوبردنردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بدرێت.

سێیەم هۆكار بۆ حەز و خولیای سەرۆكی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دانوستانەكاندا ئیمتیازی زیاتر لە ئێران بەدەست بهێنێت،  لەلایەكی دیكەوە پێدەچێت ترەمپ هێشتا بیر لە دیدارێك لەگەڵ سەرۆك یان رێبەری ئێران بكاتەوە، كە ئەگەر رووبدات، دەبێتە یەكەمین سەرۆكی ئەمەریكا لە مێژوودا كە لەگەڵ بەرپرسێكی پلە باڵای ئێران كۆببێتەوە.

بژاردە راستەقینەكانی ئێران چین؟

دوای شەڕی 12 رۆژە، زیانی بەرچاو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و بەرگرییەكانی ئێران كەوت، هاوكات تا دێت فشاری گەمارۆ ئابوورییەكان و سنوورداربوونی فرۆشتنی نەوت پەرە بە قەیرانە ئابورییەكان لە ئێران دەدات، ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایتەتییەكی گشتی لە ئێران پێشبینی كراوە بۆیەش ئێران چەندین بژاردەی لەبەرەدستدایە بۆ روبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانانە لەوانەش:

بژاردەی یەكەم دەتوانێت درێژەدان بە دۆخی ئێستا و پاراستنی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بێت. ئەمەش بەو مانایەیە كە بۆ ئێستا بەرپرسانی حكومەتی ئێران بەرەو نۆژەنكردنەوەی هێز و دامەزراوە ئەتۆمییەكانیان هەنگاو نانێن، بۆ ئەوەی هەستیارییەكان بە تایبەت لە ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە نەوروژێنن.

ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای ئەو هیوایەی كە بنیامین نەتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئیسرائیل دەست لەكاربكێشێتەوە، هەروەها لەسەر ئەو چاوەڕوانییەی كە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ كۆتایی پێبێت. 

بە پشتبەستن بەم ستراتیژە بەرپرسانی ئێران توانای مووشەكی خۆیان بەهێزتر دەكەن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هەر هێرشێكی داهاتووی ئیسرائیلدا، توانای لێدانی دوژمنەكەیان هەبێت. لە هەمانكاتدا بەرنامە ئەتۆمییەكە لە دۆخی بەستووی ئێستای خۆیدا دەهێڵنەوە.

ئەم بژاردەیە رەنگە هەندێك سوودی هەبێت، بەڵام كێشە سەرەكییەكەی، قەیرانی بەردەوامی ئابووری و فشاری گەمارۆ جیهانیەكان و ئەگەری ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرئەنجامەكانیەتی.

بژاردەی دووەم بریتییە لە پەرەپێدانی قەیرانەكە، بەو مانایەی كە لەگەڵ بەهێزكردنی توانا مووشەكییەكانیدا، بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانەوەی دامەزراوە زیانلێكەوتووە ئەتۆمییەكانی یان دروستكردنی دامەزراوەی نوێ. لە كاتێكدا ئەم ستراتیژە رەنگە رێگرییەكی كورتخایەن بۆ ئێران دابین بكات، بەڵام مەترسی روبەڕووبوونەوەی سەربازی زۆر زیاد دەكات، بە تایبەت كە ئیدارەی ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر ئێران هەنگاوێكی لەو شێوەیە بگرێتەبەر، ئەمەریكا جارێكی دیكە لێیدەداتەوە.

بەڵام بژاردەی سێیەم بریتییە لە دانوستانی راستەقینە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، ئەگەر حكومەتی ئەمەریكا بە راستی تەنها بەدوای ئەوە دا بگەرێت كە ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بە هەر ئاستێك بێت لەسەر خاكی ئێران، پێشكەشكردنی پێشنیازیك بۆ پیتاندنی هاوبەشی یۆرانیۆم لەسەر خاكی یەكێك لە وڵاتانی كەنداو كە پێش دەستپێكردنی شەڕی 12 رۆژە پێشنیاز كرابوو و لەلایەن ئێرانەوە رەتكرایەوە، دەتوانێت هەڵبژاردەیەكی زیرەكانە بێت.

لەم نێوەندەدا، لە ژێر رۆشنایی ئەم چوارچێوەدا، ئێران دەتوانێت چەند داواكارییەكی هەبێت، لەوانە هەڵگرتنی تەواوەتی سزاكانی لەلایەن ئەمەریكاوە، شتێك كە رەنگە لە هیچ ئیدارەیەكی دیكەی ئەمەریكا بەم شێوەیە گونجاو. چونكە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر وڵاتێكی تر لە ئەمەریكا پێویستی بە پرۆسەیەكی یاسایی و سیاسی ئاڵۆز هەیە كە بە سادەیی نایەتەدی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی