
سبەی
خواردنی بیبەری توون چەند سوودێکی تەندروستی گرنگی هەیە، لەوانە یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات و مەترسییەکانی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە پێگەی ڤێریوێڵ هێڵس بڵاوکراوەتەوە، کاپسایسین کە پێکهاتەیەکی سەرەکی بیبەری توونە، یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات و سوودێکی تەندروستی زۆر بەو کەسانە دەبەخشێت، کە گیرۆدەی نەخۆشی بەرزەفشاری خوێن بوون.
سوودەکانی بیبەری توون
-باشترکردنی فشاری خوێن
کاپسایسین یارمەتی دەردانی ئۆکسیدی نیتریک دەدات، کە ماددەیەکە بۆرییەکانی خوێن فراوان دەکات و سوڕی خوێن چالاک دەکات.
-دژە هەوکردن
بیبەری توون پێکهاتەی دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنی تێدایە. کە بەسوودن بۆ تەندروسنی خوێنبەرەکان و مەترسییەکانی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان کەمدەکەنەوە (رەقبوونی خوێنبەرەکان هۆکارێکی سەرەکی بەرزبونەوەی فشاری خوێنە).
کایسایسین یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کێش، هەروەها رۆڵی هەیە لە باشترکردنی میکانیزمی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە.
لە توێژینەوەکاندا هاتووە، ئەو کەسانەی حەزیان لە خواردنی بیبەری توونە، خواستی بەکارهێنانی سۆدیۆم (خوێ)یان لە ژەمەکاندا کەمدەبێتەوە. چونکە خوێ کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرزکردنەوەی فشاری خوێن هەیە.
کەی پێویستە بە وریاییەوە بیبەری توون بخورێت؟
ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت، کە کێشەی تەندروستییان هەیە لە کۆئەندامی هەرس، وەکو گەڕانەوەی تڕشەڵۆک و برینی گەدە، خۆیان بە دوور بگرن لە خواردنی بیبەری توون.
ئەو کەسانەشی کە هەستیارییان هەیە بە خۆراکە توونەکان و تووشی خێرابوونی لێدانی دڵ و چەند دۆخێکی تەندروستی دیکە دەبن، دەبێت بیبەری توون نەخۆن، هەندێک دەرمانیش لەگەڵ بیبەری تووندا کارلێک دەکات، بۆیە باشترە لەو کاتەدا راوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.
