ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ترەمپ؛ لە هاوپەیمانێتییەوە بۆ دژایەتی ئەوروپا و سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ

#ئەمەریکا#ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا#روسیا#ئەوروپا
12 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • کاردانەوەکان لەسەر ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا فراوان بوون، بە تایبەت لەلایەن ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆوە. بەپێی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، روسیا و چین چیتر نەیارە لە مێژینەکەی رۆژئاوا نین
Primary Asset

سبەی

کاردانەوەکان لەسەر ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا فراوان بوون، بە تایبەت لەلایەن ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆوە. بەپێی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، روسیا و چین چیتر نەیارە لە مێژینەکەی رۆژئاوا نین.

ساڵانێکە لە ستراتیژی ساڵانەی ئاسایشی نیشتیمانی حکومەتەکانی ئەمەریکا، تێڕوانینی ئەمەریکا بۆ جیهان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەخرێتەڕوو، لە روسیاوە تا چین، لەوێوە تا هەناردەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینەوە.

هەر لە سەرەتاوە، ئیدارەی ترەمپ، بە تایبەت لەلایەن جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکاوە دەستکراوە بە رەخنەگرتن لە وڵاتانی ئەوروپا، بڵاوکردنەوەی ستراتیژی ساڵانەی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکاش هەمان رەنگدانەوەی دیدگا راگەیەندراوەکانی ئیدارەی ترەمپە لەسەر ئەوروپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ.

لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا، وڵاتانی ئەوروپا وەک هێزێکی لاوازکراو نێشاندراوە و سەربەخۆیی خۆیان رادەستی یەکێتی ئەوروپا کردووە، هەروەها رەخنە لە حکومەتەکانی ئەوروپا گیراوە بە ئەوەی پرێنسیپەکانی دیموکراسی تیایاندا لاوازکراوە و کەسانی نەتەوەیی بێدەنگکراون.

وەک لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا هاتووە، کیشوەری ئەمەریکا رووبەڕووی "لەناوچوونی شارستانییەت" دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی پەنابەران و کۆچبەرانەوە لە دوو دەیەی داهاتوودا رەنگە دەکرێت سیمای وڵاتانی ئەوروپا بگۆڕێت، چونکە زۆرینەی دانیشتوانی ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ دەبنە نا-ئەوروپی، بۆیە ناکرێت پشتیان پێببەسترێت.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا نیشاندەری ئەوەیە چۆن ئیدارەی ترەمپ جارێکی دیکە سیاسەتە نەریتییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا دادەڕێژێتەوە، هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی دابەشبوونی قووڵ لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆدا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئاسایشی لە ئەوروپا و جیهان دەستەبەر کردووە.

سەبارەت بە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، کاتیا بیگۆ، توێژەری باڵا لە چاتهام هاوس-ی بەریتانی دەڵێت: "کاتێک سەرکردە ئەوروپییەکان ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دەخوێننەوە پێویستە گریمانەی ئەوە بکەن هاوپەیمانیی ناتۆ کۆتایی هاتووە و هۆشداریی و بەئاگاهێنانەوەیەکە بۆ ئەوروپا."

تیمۆسی گارتۆن ئاش، مێژوونووسی دیاری بەریتانی قسەی بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە سەبارەت بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و دەڵێت: "زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەوروپا،" هەروەها دەشڵێت: "ئێمە لە دۆخێکی نائاساییداین کاتێک ئەمەریکا لە رووی تیۆرییەوە [لەسەر کاغەز] ئەمەریکا هاوپەیمانمانە، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپیدا چیتر ئەمەریکا و ئەوروپا وەک هاوپەیمان سەیر ناکرێن."

لە ئەو کاتەوەی بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، زۆرینەی سەرکردەکانی ئەوروپا قسەکانیان رەنگدانەوەی خواستەکانی ترەمپ بووە، ئەوەش کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵوێستی ترەمپ لەسەر ئەوروپا، بەڵام ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیدارەکەی بەردەوام بوون لەسەر ناشرینکردنی ئەوروپا و سیاسەتەکانی وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت لە پرسەکانی تایبەت بە پەنابەراندا.

بەشێک لە خاڵەکانی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، رەنگدانەوەی هەمان قسەکانی جەیدی ڤانسە. 

بەپێی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا بە یارمەتی ئەمەریکا دامەزراوە، هەروەها حکومەتەکانی ئەوروپا تۆمەتبار دەکات بە لاوازکردنی پرۆسەی دیموکراسی.

رەخنەکان لە ئەوروپا لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا بێپێشینەن، چونکە لە وەشانەکانی پێشوودا، زیاتر روسیا وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا پێناسە دەکرا.

سەبارەت بە دیدگای ئەمەریکا لەسەر شەڕی ئۆکراینا، دووبارە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان تێڕوانینی واشنتن و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ. وەک لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا هاتووە، ئەوروپییەکان بە هەبوونی "چاوەڕوانی نا کەتواریی [واقیعی]" لە شەڕی ئۆکراینا پێناسە دەکرا. ئەمەریکا وەک نێوەندگیر خۆی دەناسێنێت لە ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ئەوروپا، نەک وەک هاوپەیمانی ئەوروپا، ئەوەش وەک سەرەتای لێکهەڵوەشاندنەوەی ناتۆ لەلایەن پسپۆڕانەوە تەماشا دەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی