کورد داوایەکى حەلبوسى رەتدەکاتەوە؛ چوارچێوەى هەماهەنگى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆک وەزیران دەخاتە دواى سەرۆک کۆمارەوە

#چوارچێوەى هەماهەنگى#سەرۆک وەزیران#سەرۆک کۆمار
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دواى 20 رۆژ لە راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، هێشتا کاندیدى سێ پۆستە سەرۆکایەتییەکە یەکلانەکراونەتەوە کە بەپێی نەریتى سیاسی سەرۆک کۆمار پشکى کورد و سەرۆک وەزیران پشکى شیعە و سەرۆکى پەرلەمان پشکى پێکهاتەى سوننەیە.
Primary Asset

سبەى

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆک وەزیران دەخاتە دواى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک کۆمار لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە، کوردیش پێشیازەکەى محەمەد حەلبوسى بۆ ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆک کۆمار بەسەرۆکى پەرلەمان رەتدەکاتەوە.

دواى 20 رۆژ لە راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، هێشتا کاندیدى سێ پۆستە سەرۆکایەتییەکە  یەکلانەکراونەتەوە کە بەپێی نەریتى سیاسی سەرۆک کۆمار پشکى کورد و سەرۆک وەزیران پشکى شیعە و سەرۆکى پەرلەمان پشکى پێکهاتەى سوننەیە.

فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەندامى مەکتەبى سیاسی پارتى لە پەراوێزى مونتەداى دەوحە رایگەیاند، پۆستى سەرۆک کۆمار مافى کوردە و پێشنیازەکەى محەمەد حەلبوسى بۆ ئاڵوگۆڕى پۆستەکە لەگەڵ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان جێگەى قبوڵکردن نییە و زیاتر پرسێکى پەیوەست بە هەڵبژاردن بووە.

هاوشێوەى کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیران لەناو چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان، کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک کۆماریش لەناو کورد و بە دیاریکراوى پارتى و یەکێتى دەستیپێکردووە و هەریەکەیان بە پشکى خۆیانى دادەنێن و پێشنیازى گۆڕینەوەشى بە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان رەتدەکەنەوە.

فوئاد حسێن پێیوایە، ئەرکى قورسى پێکهێنانى کابینەى داهاتوو دیاریکردنى سێ سەرۆکایەتییەکەیە، کە بەوتەى ئەو، ئەوەش پێویستى بە هەماهەنگى هەیە بەپێی عورفى سیاسی و ئەگەر بگەنە لێکتێگەیشتن کابینەى نوێ لە ئازارى داهاتوودا پێکدەهێنرێت.

مانگى رابردوو چوارچێوەى هەماهەنگى پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى راگەیاند و گفتوگۆکانى بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ دەستپێکرد، هاوکات لەگەڵ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکایەتییەکانى کۆمار و پەرلەمان.

جاسم محەمەد جەعفەر سەرکردە لە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیران لەنێوان چەند کاندیدێکدایە، بەڵام تا دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک کۆمار لەلایەن کوردەوە، چوارچێوەى هەماهەنگى ناوى کاندیدەکەى ئاشکراناکات.

وتیشى ئاشکراکردنى پێشوەختەى ناوى کاندیدى سەرۆک وەزیران دەبێتە هۆى خستنى لەرووى سیاسییەوە، بۆیە لەبەرژەوەندى چوارچێوەیە ئاشکراکردنى ناوەکەى دوابخات تا هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار.

جاسم محەمەد جەعفەر باسى لەوەشکرد، چوارچێوە دەتوانێت لەچەند رۆژى کەمى داهاتوودا ئەگەر پێویست بکات ناوى کاندیدەکەى رابگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکان 9 کەس بە فەرمی سی ڤی و داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران و لەنێوانیاندا یەکێکیان بە فەرمی دیاری دەکرێت و تا ئێستا کێبڕکێى توند لەنێوان نورى مالیکى و محەمەد شیاع سودانیدایە.

بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى بە بەدەستهێنانى 46 کورسی پلەى یەکەمى ریزبەندییەکەى گرتووە، دواى ئەویش هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دێت بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى کە 29 کورسی بەدەستهێناوە.

چاوەڕواندەکرێت چوارچێوە لیستى کاندیدەکان بۆ سێ کاندید کورتبکاتەوە کە کاندیدى سەرەکى و دوو کاندیدى یەدەگ بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران لەخۆ بگرێت.

بە پشتبەستن بە دەستوور، وادەى دەستووری بۆ بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێ نزیکەی چوار مانگە لەدواى راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەوە، ئەوەش دواى ئەوەى سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراو، گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانى حکومەت رادەسپێردرێت.

سەرۆک کۆمار لە ماوەی 30 رۆژى دواى دەستبەکاربوونى خولى نوێی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.

بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆک وەزیران تا کۆتایی ئەمساڵ دوابکەوێت، لەگەڵ ئەگەری درێژبوونەوەی گفتوگۆکان تا شوباتی ٢٠٢٦.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی