
مانگى رابردوو چوارچێوەى هەماهەنگى پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى راگەیاند و گفتوگۆکانى بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ دەستپێکرد
سبەى
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان “پێشکەوتنێکى گرنگى” لە پڕۆسەى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران راگەیاند، بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکان کاندیدى براوە دەبێت دەستبەرداری سەرجەم پشکەکانى لە وەزارەتەکان ببێت بۆ لایەنەکانى دیکەى ناو هاوپەیمانێتییەکە.
ئەو پێشکەوتنە کە ناوەڕۆکەکەى ئاشکرانەکراوە لەدوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان تاوتوێکرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى کۆوبونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە.
لەکۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران دوایین پێشهاتەکانى دۆخى ئەمنى و سیاسی خستەڕوو. کۆبوونەوەکە هەروەها “پێشکەوتنێکى گرنگى” بەخۆوە بینى لە گفتوگۆکانى تایبەت بە دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران، بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان و چوارچێوە کرد و رێککەوتن لەسەر پشتبەستن بە خشتەى دیاریکراو بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.
سەرچاوەیەک نزیک لە دانوستانەکانى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران بە رۆژنامەى مەداى عێراقى راگەیاندووە، هێشتا ناکۆکى هەیە لەبارەى قەبارەى ئەو وەزارەتانەى کە دەدرێت بەو لایەنەى پۆستى سەرۆک وەزیرانى پێنادرێت، بەو پێیەى کاندیدى براوە دەبێت دەستبەرداریی سەرجەم پشکە وەزارییەکانى بێت.
بەوتەى سەرچاوەکە، ئەو وەزارەتانەى کە ناکۆکیان لەسەرە زیاتر وەزارەتە سیادییەکانن، وەک دەرەوە و ناوخۆ و بەرگرى و دارایی.
مانگى رابردوو چوارچێوەى هەماهەنگى پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى راگەیاند و گفتوگۆکانى بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ دەستپێکرد، هاوکات لەگەڵ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکایەتییەکانى کۆمار و پەرلەمان.
جاسم محەمەد جەعفەر سەرکردە لە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا پێشتر رایگەیاندبوو، کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیران لەنێوان چەند کاندیدێکدایە، بەڵام تا دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک کۆمار لەلایەن کوردەوە، چوارچێوەى هەماهەنگى ناوى کاندیدەکەى ئاشکراناکات.
بەپێی زانیارییەکان 9 کەس بە فەرمی سی ڤی و داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران و لەنێوانیاندا یەکێکیان بە فەرمی دیاری دەکرێت و تا ئێستا کێبڕکێى توند لەنێوان نورى مالیکى و محەمەد شیاع سودانیدایە.
بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى سودانى بە بەدەستهێنانى 46 کورسی پلەى یەکەمى ریزبەندییەکەى گرتووە، دواى ئەویش هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دێت بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى کە 29 کورسی بەدەستهێناوە.
چاوەڕواندەکرێت چوارچێوە لیستى کاندیدەکان بۆ سێ کاندید کورتبکاتەوە کە کاندیدى سەرەکى و دوو کاندیدى یەدەگ بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران لەخۆ بگرێت.
بە پشتبەستن بە دەستوور، وادەى دەستووری بۆ بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێ نزیکەی چوار مانگە لەدواى راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەوە، ئەوەش دواى ئەوەى سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراو، گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانى حکومەت رادەسپێردرێت.
سەرۆک کۆمار لە ماوەی 30 رۆژى دواى دەستبەکاربوونى خولى نوێی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.
بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆک وەزیران تا کۆتایی ئەمساڵ دوابکەوێت، لەگەڵ ئەگەری درێژبوونەوەی گفتوگۆکان تا شوباتی ٢٠٢٦.
