خۆی دورخستووەتەوە؛ تۆنی کروس باشترین پێکهاتەی مێژوويی تۆپی پێى دیاریکرد

#تۆنی کروس
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
Primary Asset

سبەى

تۆنی کروس، کە یەکێکە لە مەزنترین یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاستی مێژووی تۆپی پێ، باشترین پێکهاتەی مێژویی تۆپى پێی هەڵبژارد.

ئەوەی جێی سەرنجە تۆنی کروس خۆی نەخستووەتە پێکهاتەکەوە و بۆ هیڵی ناوەڕاست هەریەکە لە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و زێنەدین زێدانی فەرەنسی و لۆکا مۆدریچی کرواتی دیاریکردووە. لە کاتێکدا ئەفسانەیەکی وەکو زێدان لە وەسفی یاریزانە ئەڵمانییەکەدا وتوویەتی، ئەو مەترسییەی تیکی تاک دوای 15 گۆڕینەوەی تۆپ لە نێوان یاریزانەکان دروستیدەکات، تۆنی کروس بە یەک پاس دەیپێکێت.

سەرەڕای ئەوەشی لە پاڵ گۆڵپارێزی گەورەی بە وێنەی ئیکەر کاسیاس و تیبۆ کۆرتوا یاریکردووە، بەڵام تۆنی کروس، مانوێل نۆیەری هاونیشتمانی بۆ پێگەی گۆڵپارێزی پێکهاتەکە دیاریکردووە. کروس و نۆیەر بەیەکەوە و لە یەک تیمدا بەشداریان لە 221 یاریدا کردووە.

باشترین پێکهاتەی تۆپی پێ بە بۆچوونی تۆنی کروس:

4-3-3

گۆڵپارێز: مانوێل نۆیەر

هێڵی بەرگری: پاولۆ ماڵدینی، فیلیپ لام، سێرجیۆ رامۆس، مارسێلۆ

هێڵی ناوەڕاست: مێسی، زێدان، مۆدریچ

هێڵی هێرشبردن: رۆناڵدۆ نازاریۆ، رۆناڵدینیۆ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ

تۆنی کروس چوار یاریزانیشی دیاریکردووە، کە هیچ کات لە بیریان ناکات و هاوڕێتی لەگەڵیاندا بەهێز بووە، ئەوانیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لۆکا مۆدریچ، تۆماس مۆلەر و میرۆسلاڤ کلۆزەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی