
سبەى
زیرەکی دەستکرد سامانی ملیاردێرەکانی گەیاندووەتە ژمارەی پێوانەیی و جگە لە دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێی ملیاردێر. بەتەنیا لە ئەمەریکا نرخی پشکەکانی حەوت گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد بە رێژەی 25% بەرزبوووەتەوە. لە ماوەی ساڵێکیشدا بەهۆی وەبەرهێنان لە زیرەکى دەستکرد، 171 ملیار دۆلار بۆ سامانی شەش ملیاردێری ئەمەریکا زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی بزنس ئینسایدەر، زیرەکی دەستکرد سامانی ملیاردێرەکانی بەرێژەیەکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە، زیادبوونی سامانی دەوڵەمەندەکان بەتایبەتی لە ئەمەریکا، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانی کۆمپانیا دیارەکانی تەکنەلۆجیا، وەکو مێتا و ئۆراکڵ و ئینڤیدیا دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی رابردەوەوە دەستیان کردووە بە وەبەرهێنانی گەورە لە AIدا.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، نرخی پشکی حەوت گەورەترین کۆمپانیای ئەمەریکی، کە لە بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکردا کاردەکەن، بە رێژەی 25% بەرزبووەتەوە.
ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، لە ئەمەریکا تەنیا شەش ملیاردێر لە ماوەی ساڵێکدا و بەهۆی وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرددا، 171 ملیار دۆلار چووەتە سەر سامانەکەیان.
سەبارەت بە ژمارەی ملیاردێرەکان، بانکی یو بی ئێسی سویسری ئاشکرایکردووە، ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان گەیشتووەتە 2 هەزار و 919 ملیاردێر. بەراورد بە ساڵی رابردوودا، ژمارەی ملیاردێرەکان لە ئاستی جیهاندا بە رێژەی 8.8 بەرزبووەتەوە و زیاتر بەهۆی شۆڕشی زیرەکی دەستکردەوە، 287 ملیاردێری نوێ دەرکەوتوون.
هاوکات هەر بەراورد بە ساڵی رابردوو، وەکو بانکە سویسرییەکە ئاماژەی بۆ کردووە، سامانی ملیاردێرەکانی جیهان بە رێژەی 13% زیادیکردووە، بەجۆرێک کۆی سامانەکانیان بەیەکەوە 15.8 تریلۆن دۆلارە.
