پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؛ نەگەنە رێککەوتن پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنێت

#یەکێتى#پارتى#پێکهێنانى حکومەت
16 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی زانیارییەکان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتا پەیامی بۆ یەکێتی ناردووە و پێشنیازی گەڕێکی دیکەی دانوستانی کردووە. هەنگاوەکەی پارتی پێش جێبەجێکردنی پلانی (بی) پارتەکەیە کە پێکهێنانی حکومەتە بەبێ یەکێتی.
Primary Asset

سبەی

بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی گەڕێکی دیکەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکەن، کە دەبێتە "دوایین هەلی" پارتی بۆ یەکێتی، پێش دەستبردن بۆ بۆ پلانی (B)، کە پێکهێنانی حکومەتە بەبێ یەکێتی.

بەپێی زانیارییەکان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتا پەیامی بۆ یەکێتی ناردووە و پێشنیازی گەڕێکی دیکەی دانوستانی کردووە. هەنگاوەکەی پارتی پێش جێبەجێکردنی پلانی (بی) پارتەکەیە کە پێکهێنانی حکومەتە بەبێ یەکێتی.

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان، سەرکردایەتی پارتی بڕیاری کۆتاییانداوە و وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی نادەن، بەڵام لە بەرامبەردا ئامادەن پشتیوانی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆمار بکەن و حەوت پۆستی وەزاری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بە یەکێتی بدەن.

لە بارەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2025). رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆببنەوە، بەڵام دواخراوە بۆ هەفتەی داهاتوو."

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەم بەبێ یەکێتی، ئەمڕۆ فواد حسێن، بەرپرسی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: بە ژمارە دەتوانین حکومەت دروست بکەین، بەڵام لە رووی جوگرافییەوە ناتوانین.

بە وتەی شارەزایەکی سیاسی، هێوربوونەوەی کەمپەینی میدیایی یەکێتی و پارتی پەیوەندی بە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوانیان هەیە و دەیانەوێت پێش کۆبوونەوەی نێوانیان کەشێکی ئەرێنی دروست بکەن.

ئەگەر هەردوولا نەگەنە رێککەوتن، ئەوا پارتی دەست بۆ پلانی (بی) دەبات کە تەواوکردنی رێژەیی یاسایی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەتە بەبێ یەکێتی.

لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی بە دەستهێناوە و پێویستی بە 12 کورسی دیکەیە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و متمانەدان بە کابینەی داهاتوو، وەک بەرپرسانی پارتی ئاماژەی بۆ دەکەن، کۆکردنەوەی 51 کورسی ئەستەم نییە، هەروەها بەرپرسانی یەکێتیش پێیانوایە پارتی دەتوانێت 51 پەرلەمانتار بباتە هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام هێشتا پێیانوایە پارتی بەبێ ئەوان حکومەت پێکناهێنێت و پێکیشی بهێنێت حکومەتێکی سەرکەوتوو نابێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی