
سبەى
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمى کوردستان هەڵسەنگاندنى زیانەکانى لافاوى لەسەر ئاستى پارێزگاکان رایگەیاند، کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
پارێزگای هەولێر:
بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) لە سەنتەری شار (٢٥.٦) ملم باران بووە.
• بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنها ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە.
• لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامک، (٦) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.
پارێزگای سلێمانی:
بەشێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەی (٦١.٣) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا.
لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلیزمە هەمان پارێزگای گرتەوە و چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەرین ئاو چووتە ماڵیان و زیانیان پێگەیشتووە.
بەڵام لە قەزای چەمچماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆرش، ڕێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (٤) کاتژمێر لە نێوان (١١ نیوەڕۆ بۆ ٢ ی نیوەڕۆ) کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.
زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
1. دوو کەس گیانی لەدەستداوە.
2. کەسێک لە ناو لافاوەکە بووە و تووشی تەنگە نەفەسی بووە، بارودۆخی ناجێگیرە.
3. یەک کەس بێ سەر و شوێنە.
4. دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردوویەتی و زیانیان پێکەوتووە.
5. چەندها گەڕەک و ماڵ ئاو چووتە ماڵەکانیان.
6. چەندەها دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان.
7. ڕێگە سەرەکییەکانی سلێمانی- چەمچەماڵ و کەرکوک – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان کەس لە خاڵی پشکنینەکان گیریان خواردووە.
8. کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێلەکانی ئەنتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە.
پارێزگای دهۆک:
بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (٢٣.٦) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
پارێزگای هەڵەبجە:
بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەیی (٥٤) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
پارێزگای کەرکوک:
بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (٢٦.٧) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨)، ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەرەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکوک – لەیلان داخراوە.
بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (٧) ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە.
بەپێى هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان لەو گوندە زیانی ماددی هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێگەکان، تیمەکان نەیانتوانیوە زیانەکان تۆمار بکەن.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (٥٠) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨)، و خۆشبەختانە تەنها ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆبووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە.
بەڵام ڕێژەیەکی باران بارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) زۆر بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:-
1. زیانێکی زۆر بەر بازاڕی ناحیەی ڕزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.
2. ئاو چووتە چەندین ماڵ و زیانی ماددی بەر هاوڵاتیان کەوتووە.
3. ڕێگەی نێوان هەردوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (٢٥.٦) ملم بووە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) بەڵام دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە دەروازەکانی (زێد و حاجی ئۆمەران) کە بووەتە هۆی پێکدادان لە نێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیوە. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکو چۆمان بەفرێکی زۆر باریووە.
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکی گەلی علی بەگ- بێخاڵ دروست بووبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بە زووی لابرا.
بەهۆی داڕمانی شاخ، خانووی هاوڵاتێک لە شارۆچکەی قەسرێ لە قەزای چۆمان ڕووخا.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەی (١٣) ملم بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (٩٥) سم بۆ (٢٠٥) سم بەرزبووەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دەکرێت.
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین:
بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٨) نزیکەیی (٨٤) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و چەند ماڵێک لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوەکە و زیانی ماددی هەبووە.
لە سنووری دەروازەی کێلی، بەفرێکی زۆر باریووە کە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شوفێران دروستکردووە.
