
سبەى
نرخى تمەنى ئێرانى بەرانبەر دۆلارى ئەمەریکى رێکۆردێکی مێژوویی دیکەی تۆمار کرد و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 12 ملیۆن و 628 هەزار تمەن، حکومەتیش مامەڵەکردنى بە دۆلارەوە راگرت، وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە دابەزینى زیاترى نرخى دراوەکەى.
بەهای تمەن بەرانبەر بە زێڕ و دراوە جیهانییەکان لە دابەزینی مێژوویی بەردەوامە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 12 ملیۆن و 628 هەزار تمەنی ئێرانی و لە کاردانەوەشدا حکومەت کڕینی و فرۆشتنی دۆلاری لە نوسینگەکانى تاران راگرت و هۆشداری داوە لەوەی نابێت نرخی دۆلار رابگەیەندرێت.
پەرلەمانی ئێران: نزیکەی 30 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان، لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تمەن دیاری کردووە و رایگەیاندووە، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
خەمڵاندنە نوێیەکانی پەرلەمان دەریدەخەن کە ئابووری ئێران لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 دا نەرێنی بووە و بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، ئابووری ئێران لە ساڵی 2025دا نزیکەی لەسەدا 1.7 دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بگاتە ڕێژەی 2.8%.
هاوکات ڕێژەی هەڵاوسانیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە و ناوەندی ئاماری ئێران ئاشکرای دەکات کە لە مانگی تشرینی دووەمدا ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە گەیشتووەتە 48.6% و پێدەچێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە لە 50% تێپەڕێنێت، ئەمەش ئاستێکە کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.
لای خۆیەوە ڕەحمەتوڵڵا نەورۆزی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی ئێراندا رایگەیاند "بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 123 هەزار تمەن و لیرەیەکی زێڕ بە 130 ملیۆن تەمەنە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "حکومەت هۆکاری سەر جەم قەیرانەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە و ئەوەش قبووڵکراو نییە و پێویستە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت بکرێت".
نەورۆزی باسى لەوەشکرد، هەڵاوسان گەیشتووەتە %50 کەچی مووچەی فەرمانبەران تەنیا %20 زیاد دەکرێت سەرەڕای ئەوەی حکومەت ئاگادارە کە خەڵک لە چ دۆخێکی دژواردا دەژین.
وەزیری ئابووری ئێران: کاتێک وڵات لە ژێر هێرشی سەربازیدایە دۆلار هەرزان نابێت
عەلی مەدانیزادە وەزیری ئابووری ئێران رایگەیاند، کاتێک وڵات لە ژێر بێ وێنەترین هێرشی سەربازیدایە، پێشبینی ناکرێت دۆلار هەرزان بێت.
جەختیشی کردەوە کە سیستمی ناهاوسەنگی بانکی و کورتهێنانی بودجە لەگەڵ چاپکردنی پارە هۆکاری بنەڕەتی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری ئابووری ئێران وێڕای داننان بە قەیرانی وڵاتەکەی، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ شەڕ و فشارە نێودەوڵەتییەکان و بارودۆخی تایبەتی ئەم دواییە گەڕاندەوە.
