
سبەى
لە کاتێکدا ساڵێک بەسەر رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و حکومەتی کاتی سوریا تێدەپەرێت، تا ئێستا ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەری ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەبەر دەست نییە و وڵاتەکە لە ماوەی ساڵی رابردوو بینەری چەندین رووداوی کۆمەڵکوژی بووەتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی کوژرانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان هۆشداری دەدات.
ساڵێک لەمەوبەر و لە شەڕێکدا کە پێدەچوو جارێکی دیکە لە بەرژەوەندی بەشار ئەسەد کۆتایی پێبێت، لەناکاو دۆخەکە پێچەوانە بووەوە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتی کەسێک بە ناوی ئەبو محەمەد جۆلانی و گروپەکەی واتە دەستەی تەحریر شام لە ئیدلب لەسەر سنووری تورکیا بەرەو دیمەشق پێشڕەوییان دەکرد و دەسەلاتیان بەدەستەوە گرت و حکومەتێکی کاتیان دامەزراند.
"سوریا وێران بووە بەڵام هاوڵاتییان دڵخۆشن بە نەمانی دیکتاتۆری ئەسەد"
لە ئێستادا ساڵێک بەسەر چونە سەر دەسەڵاتى ئەحمەد شەرع تێدەپەرێت و ئەگەرچی روخسارێکی وێرانە بە سوریاوە دیارە و خەڵک لە باڵەخانە نیوە وێرانبو و سوتاوەکانی دوای شەڕدا ژیان دەکەن، بەڵام لەگەڵ هەموو کێشەکانیدا، کۆتاییهاتنی سەردەمی دیکتاتۆری ئەسەد وایکردوە خەڵک بە هیوایەکی زۆرترەوە بڕاواننە داهاتوویان، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى بی بى سی.
ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی ئاسایی دەکاتەوە
ئەحمەد شەرع توانیویەتی قەناعەت بە سعودیە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکات کە باشترین بژاردەیە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر لە سوریا و هەر لەو پەیوەندییەشدا لە مانگی ئایاردا شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبوونەوەیەکی کورتی نێوان ئەحمەد شەرع و سەرۆکی ئەمریکای ڕێکخست، شەرع دواجار سەردانی کۆشکی سپی کرد و بەشێک لە گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگیراوە و لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیش پەیوەندییەکان بە رادەیەکی بەرچاو ئاسایی بووەتەوە.
بەپێچەوانەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ولاتانی دەرەوەی وڵات لە ناوخۆی وڵاتەکە دۆخەکە جیاوازە و سوریا رووبەرووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە.
سورییەکان بەدەست نەبوونی دادپەروەرییەوە دەناڵێنن
کەمێک پێش ساڵیادی ڕووخانی ئەسەد، نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی جددی سەبارەت بە خاوبوونەوەی خێرای دادپەروەری دەربڕی.
وتەبێژی ئاژانسەکە لەو بارەیەوە وتى: "لەکاتێکدا دەسەڵاتى کاتی هەنگاوی ئومێدبەخشی ناوە بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی رابردوو، بەڵام ئەم هەنگاوە تەنها سەرەتایەکە بۆ ئەوەی پێویستە بکرێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان: سەدان کەس لە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەدان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گروپە هاوپەیمانەکانی پەیوەست بە حکومەتی پێشوو و گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و چەکدارە نەناسراوەکانەوە کوژراون".
ڕێکخراوەکە روونیشیدەکاتەوە "ئەو پێشێلکارییانەی ئەنجامدراون بریتین لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەوانە توندوتیژی سێکسی، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ڕووخاندنی ماڵەکان، دەرکردنی زۆرەملێ و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ئاشتیانە".
"یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی ساڵی 2026 دووبارەبوونەوەی توندوتیژی ناوچە عەلەوییەکانە"
بەپێی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگاکانی عەلەوی، دروز، مەسیحی و بەدەوی لە چاو ئەوانی تر زیاتر کاریگەری ئەم توندوتیژییەیان لەسەر بووە و یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی ساڵی 2026 دووبارەبوونەوەی توندوتیژی تائیفیی مانگی ئازاری ڕابردووە لە ناوچە عەلەوییەکان.
"چەکدارانی لایەنگری حکومەت دەستیان کردوە بە ڕفاندن، کوشتن یان بریندارکردنی سەدان هاوڵاتی سوریا"
لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە دروست بوو، حکومەتی نوێ هەوڵیداوە لە ڕێگەی زنجیرەیەک دەستگیرکردن و گوشار دەسەڵاتی خۆی لە کەناراوەکانی سوریا بچەسپێنێت، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەریخستوە کە چەکدارانی لایەنگری حکومەت دەستیان کردوە بە ڕفاندن، کوشتن یان بریندارکردنی سەدان هاوڵاتی سوریا.
بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٤٠٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون لە نێوانیاندا نزیکەی ١٠٠ ژن و بەساڵاچوو و کەمئەندام و منداڵ بوونیان هەیە.
"ئیسرائیل بەشێک لە خاکی سوریای داگیر کردووە"
دوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ڕژێمی پێشوو هاوکات سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە پێشڕەوی کرد و بەشێکی خاکی سوریای کۆنترۆڵکردووە.
ئیسرائیل سود لە پشێوی و ئاژاوەگێڕییەکانی سوریا بۆ لاوازکردنی وڵاتێک کە بە دوژمنی دەزانێت وەردەگرێت و هەوڵ دەدات ئەو چەکانە لەناوبەرێت کە بە وتەی خۆی دەتوانرێت لە دژی بەکاربهێنرێت.
"هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نێوەندگیریی لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتی کاتی ئەنجامی نەبووە"
نزیکەی دوو مانگە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نێوەندگیری و دامەزراندنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیل وەستاوە.
سوریا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێک کە سەرەتا لە ساڵی 1974 لەلایەن هێنری کیسینجەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکاوە نێوەندگیری کرابوو، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ دەیەوێت ئیسرائیل لەو بەشێک لە خاکی سوریا بە تایبەت لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان بمێنێتەوە و داوای کردووە سوریا ناوچەیەکی فراوان لە باشووری دیمەشق لە چەک دابماڵدرێت.
"شەوان دەخەوین و بەیانیان بە ترسەوە هەڵدەستین"
دوای ساڵێک لە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا کۆمەڵێک دەستکەوتیان بەدەستهێنا و لە کاتێکدا هێشتا حکومەتی کاتی لە دەسەڵاتدایە، بابەتێک کە کاتێک دیمەشقیان گرت هەرگیز گەرەنتی نەکرابوو.
ئێستا ترەمپ گرنگترین لایەنگری ئەحمەد شەرعە، بەشێک لە سزاکان هەڵگیراون و ئابوری ئەم وڵاتە هێماکانی بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دەدرێت، لەوانە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە نەوتی و گازییەکان و بە دەستبەکارکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب.
"پێدەچێت گرژییەکان سەرهەڵبداتەوە"
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە و ئەو ڕێککەوتنانەی کە واژۆکراون هێشتا ژیانی زۆربەی سوورییەکانیان نەگۆڕدراوە. حکومەت هیچ بودجەیەکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە لەبەردەستدا نییە. ئاوەدانکردنەوە لە ئەستۆی خودی خەڵکە. گرژییە تائیفییەکان تا ئێستا چارەسەر نەکراون و دەکرێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە. هەروەها دانوستانەکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا ڕاگیراون.
بنیامین نەتانیاهۆ پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە دیمەشق دەبێت ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری سوریا لە چەک و سەربازی سوریا دابماڵدرێت و لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک نییە کە فەرمان بە سوپای ئیسرائیل بکات لەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتووە بکشێتەوە.
"داهاتوو قورسە، هیچمان نییە، تەنانەت قوتابخانەشمان نییە، منداڵەکانمان لێرە لە دۆزەخدا دەژین. ئاسایش بۆ ئەوان نییە، چۆن بژین؟ ئێمە ئاسایشمان دەوێت، شەوانە دەخەوین و بەیانیان بە ترسەوە لە خەو هەڵدەستین"، یەکێک لە هاوڵاتیانی سوریا بەو شێوەیە دۆخى خەڵکى رونکردەوە.
