
سبەی
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق وەک کۆمسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دیاری کرا. یەکەمجارە ئەو پۆستە لەلایەن کەسایەتییەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەردەگیرێت.
سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق وەک کۆمسیاری ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دیاریکراوە، کە یەکەمجارە لە مێژوودا کەسایەتییەکی کورد لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2025) ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناو 12 بەربژێردا بە فەرمی بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە و کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ پەسەندکردنی و داوای لە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی لەسەر ئاستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ بەرهەم ساڵح بکەن بۆ کاروباری پەنابەران بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لە سەرەتای ساڵی نوێوە.
دوای پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمسیاری کاروباری پەنابەران بەرزترین پلەیە لەناو دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا.
دامەزراوەی دیفکس بڵاوی کردەوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوڵاتیانی ئەوروپا کۆنترۆڵی پۆستی کۆمسیارای پەنابەرانیان کردبوو، یەکەمجارە لە مێژودا کەسایەتییەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پۆستە وەربگرێت.
تائێستا بە فەرمی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەواڵی دەستبەکاربوونی بەرهەم ساڵح بڵاونەبووەتەوە، کە کێبڕکێی ژمارەیەک بەربژێری لەناو وڵاتانی بەخشەری ئەوروپا دەکرد لە ئەڵمانیا و سویسرا و سوید، بۆ جێگرتنەوەی فلیبیۆ گراندی ئیتاڵی کە دوای 10 ساڵ بەردەوام بوونی لە پۆستەکەی کۆتایی ئەمساڵ خانەنشین دەبێت.
ئەرکەکەی بەرهەم ساڵح بۆ ماوەی پێنج ساڵە و دەکرێت بۆ پێنج ساڵی دیکە ویلایەتەکەی درێژبکرێتەوە.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح
لە (22ـی ئەیلولی 1960) لە سلێمانی لە دایک بووە، سیاسەتمدارێکی کوردە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی لە زانکۆی کاردیفی بەریتانیا لە ساڵی 1983 بەدەستهێناوە، ساڵی 1987 بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئامار و کۆمپیوتەر لە زانکۆی لیڤەرپولی بەریتانیا بەدەستهێناوە.
ساڵانی 2001-2004 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) بووە، 2010-2012 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان – کابینەی یەکگرتوو بووە.
ساڵی 2004 جێگری سەرۆکی حکومەتی کاتی و 2005 وەزیری پلاندانانی عێراق بووە.
2009-2006 سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.
2018 – 2022 سەرۆک کۆماری عێراق بووە.
ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە.
