هۆشدارییەکی نوێ لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی کۆرۆناوە

#کۆرۆنا#کۆڤید 19#پەتا#رێکخراوی تەندروستی#گیانلەدەستدان#هۆشداری#چاودێری تەندروستی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دەدات لەبارەی بەردەوامبوونی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و رایدەگەیەنێت، نیشانە و کاریگەریی ئەو پەتا جیهانییە هەر ماوە و مەترسیدارە، گیانلەدەستدان بەهۆی کاریگەریی پەتاکەوە بۆ سێ هێندە زیاتر بەرزبووەتەوە.
Primary Asset

سبەی

بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دەدات لەبارەی بەردەوامبوونی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و رایدەگەیەنێت، نیشانە و کاریگەریی ئەو پەتا جیهانییە هەر ماوە و مەترسیدارە، گیانلەدەستدان بەهۆی کاریگەریی پەتاکەوە بۆ سێ هێندە زیاتر بەرزبووەتەوە.

عەبدولڕەحمان مەحمود، سەرۆکی بەرنامەی فریاگوزاری تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری جنێڤ رایگەیاند: نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ماندوێتی سووکەوە دەست پێدەکات تا کێشەی بیرەوەری و سستبوونی مێشک، بۆیە هێشتا توشبووی نوێ بەو پەتایە لە جیهاندا تۆمار دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، لە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی پلانێکی ستراتیژی نوێی بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شێوە نوێیەکانی خستوەتەڕوو.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە، ئەویش بە چاودێریکردنی بەردەوامی رۆژانەی دۆخی پەتا و جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسەکە، لەگەڵ دابینکردنی پلانێکی ستراتیژی نوێکراوە، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە وەڵامدانەوەی فریاگوزاری بۆ روبەڕبوونەوەی درێژخایەنی هەڕەشەی ڤایرۆسەکە و کاریگەرییە بەردەوامەکانی.

بەرپرسی بەرنامەی فریاگوزاری جەختی کردەوە، پەتای کۆڤید19 کاریگەرییەکی دوور و درێژی لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی بەجێهێشتووە کە پێویستیان بە چاودێری و چاکسازی سیستەمی چاودێری تەندروستی و لێکۆڵینەوەی زیاتر و پشتیوانی زیاتر و پارێزگاریی لە توشبووانی هەیە. 

بەپێی داتا فەرمییەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و زانکۆی جۆنز هۆپکینز و رێکخراوەکانی دیکە کۆکراونەتەوە، ژمارەی مردن بەهۆی کۆڤید19 لە جیهاندا 7 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. 

عەبدولڕەحمان مەحمود هۆشداریی داوە لەوەی، رەنگە ژمارەی راستەقینە قوربانییەکان زۆر زیاتربێت، رێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات کە کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە (مردنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ) دوو بۆ سێ هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی کە بە فەرمی تۆمار کراوە، کە ئەگەری هەیە کۆی گشتی بۆ نزیکەی 20 ملیۆن یان زیاتر بەرز بکاتەوە.

جەختی کردووەتەوە، شێوازی ژماردنی گیانلەدەستدان لە نێوان وڵاتاندا جیاوازە [ئایا ئەو کەسانە دەژمێرن کە بە کۆڤید یان بە کاریگەریی کۆڤید گیانیان لەدەستداوە؟]. جگە لەوەش نەبوونی پشکنین لە سەرەتای پەتاکە و لە هەندێک ناوچەی هەژاردا بەو مانایە بوو کە ژمارەیەکی زۆری قوربانییەکان بە فەرمی تۆمار نەکرابوون کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی