ئیکۆنۆمیست: چەکدانانی تەواوتی و ئازادکردنی ئۆجەلان پرۆسەی ئاشتی راگرتووە

#پەکەکە#تورکیا#پرۆسەی ئاشتی
2 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست-ی بەریتانی، هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی راوەستاوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر لایەنێک داوا دەکات لایەنەکەی دیکە هەنگای داهاتوو بنێت
Primary Asset

ساتی سوتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە

سبەی

لە مانگەکانی رابردوودا بەرەوپێشچوونی هەبوون لە دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکومەتی تورکیا، بەڵام لە ئێستادا گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی وەستاون.

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست-ی بەریتانی، هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی راوەستاوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر لایەنێک داوا دەکات لایەنەکەی دیکە هەنگای داهاتوو بنێت.

وە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، تاکە رێگەیەک بۆ هەنگاوی دواتر چەکدادانانی تەواوی پەکەکە-یە، دوای ئەوە لێبوردنی گشتی بۆ هەزاران گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و چالاکوانی دیکە دەربکرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، لە بەرامبەردا، سەرکردایەتی پەکەکە داوا دەکەن تورکیا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە ئازاد بکات.

لەم قۆناغەدا ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن تورکیاوە بە ئەستەم دادەنرێت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نایەوێت ئەو هەنگاوە بنێت.

پرۆسەی ئاشتی کە لەلایەن ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) سەرکردایەتی دەکرێت، لەسەر ئازادکردنی سەرکردەکانی کورد ناکۆکن. لە پێناو بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی، باخچەلی دەیەوێت سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەکردەکانی دیکەی کورد لەلایەن تورکیاوە ئازادبکرێت، بەڵام ئەردۆغان ئەو هەنگاوە رەتدەکاتەوە.

وەک لە راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیستدا هاتووە، یەکێکی دیکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەنگاوی دواتری پرۆسەی ئاشتی پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە، تورکیا داوا دەکات نەک هەر پەکەکە، بەڵکو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـەش چەکدابنێن، بەڵام ئەو هەنگاوە لەلایەن هەسەدەوە رەتکراوەتەوە و دەیانەوێت بە رێککەوتن بە شێوازی یەکە تێکەڵ بە سوپای نوێی سوریا ببن، بۆ ئەو هەنگاوەش هەسەدە پەلە ناکات و بە دوای رێککەوتنێکی باشەوەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی