
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا
سبەی
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا، رەتیکردەوە ئامادەکاریی بکەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی نوێی سەربازی لە ناو خاکی سوریا و ئەوەی لەوبارەوە بڵاودەکرێتەوە دوورە لە راستییەوە.
زەکی ئاکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند: بە ووردی چاودێری دۆخی باکوری سوریا دەکەین، بەڵام هیچ ئامادەکارییەکمان نییە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازی نوێ، نا سەقامگیری سوریا خزمەتی لایەنەکانی دەرەوە دەکات و ئێمەش نامانەوێت دۆخەکە ناسەقامگیر بێت.
ووتیشی: "ژمارەیەک وڵات هەن هانی هەسەدە دەدەن چەک دانەنێت و تێکەڵی سوپای سوریا نەبێت، بۆ ئەوەی ناسەقامگیری لەو وڵاتە بەردەوام بێت، هەسەدەش کات دەکوژێت و هەوڵ دەدات لەوبارەیەوە هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهێنرێت."
ئاکتورک رەخنەی لە هەسەدە گرت بەوەی بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی لە بری ئەوەی تێکەڵی سوپای سوریا بێت، ئەوەش زیان لەو هەوڵانە دەگەیەنێت کە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دەدرێت.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی کردەوە، پێویستە تێکەڵکردنەکە بەشێوەی تاک بێت، نەک بەشێوەی یەکەی سەربازی سەربەخۆ.
هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی تورکیا
هەفتەی رابردوو یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: قۆناغی گواستنەوەی ناوچەکە پێویستی بەوەیە رۆڵی سەرجەم گروپە چەکدارەکان کۆتایی پێبهێنرێت لە سەروی هەمویانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ووتیشی: "لە چەند مانگی رابردوودا راگەیەندرا کە پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و دواتر لە خاکی تورکیا کشانەوە، ئێستاش پێویستە بەبێ مەرج چەک دابنێت لە سەرجەم ناوچەکان بەتایبەتی لە سوریا."
وەزیری بەرگری تورکیا بەپێویستی دەزانێت: پارتی کرێکارانی کوردستان و گروپەکانی سەر بەو پارتە دەستبەجێ چالاکییەکانیان رابگرن بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان، بەردەوامی چالاکییەکانی ئەو گروپە لەناو تورکیا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
بەوتەی گولەر، ژمارەیەک لێدوان و شیکردنەوەی نێودەوڵەتی، ئەوە نیشان دەدەن کە هەوڵ هەیە هەسەدە وەک ئامرازێکی دووبارە دابەشکاری و هاوسەنگی جیۆسیاسی بەکاربهێنرێت، هۆشدارییدا ئەوە هەڕەشە نییە تەنها بۆ سەر سوریا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ تورکیاش.
پەلەکردن لە تێکەڵبوون بە سوپای سوریا
وەزیری بەرگری تورکیا پێیوایە، بەدیهێنانی سوریایەکی دوور لە گروپە چەکدارەکان، مەرجی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ئەو وڵاتە، بەهەمانشێوە یارمەتیدەرە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، بۆ ئەوەش پێویستە پەلە بکرێت لە تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە چەکدارەکان بە سوپای نیشتیمانی سەر بە دەوڵەت.
وەزیری بەرگری تورکیا داوای لە هەسەدە کرد وەڵامی داخوازییە ناوخۆییەکان بداتەوە بۆ تێکەڵبوون و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی کە ئاڕاستەی پرۆسەکە دەگۆڕێت.
یەشار گولەر ئاشکرای کرد، ئەنقەرە بەردەوامە لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ دیمەشق و بەغداد لەسەر ئەو دۆسیەیە، رێگە بە هیچ گروپێکی چەکداری نادەن لە ژێر هەر ناوچەیەکدا بێت، چونکە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و سەقامگیری ناوچەکە.
ووتیشی: "چاودێریی سەرجەم پێشهاتەکان دەکەن لەسەر زەوی و رێکاری پێویست دەگرنەبەر، ئەوەش پێویست بە هیچ پرۆسەیەکی سەربازی نوێ نییە."
هەسەدە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون بە سوپای سوریا
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، لیستى ناوى فەرماندەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) رادەستى هاوپەیمانان کراوە بەمەبەستى وەرگرتنى پۆست و بەرپرسیارێتى لەئەگەرى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا، زۆینەشیان لە فەرماندەکانى ریزى یەکەم پێکدێن لەناویاندا مەزڵوم عەبدی و سیپان حەمۆ.
ئەبو عومەر ئیدلیبى فەرماندەى لیواى باکورى هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوەدا، رێککەوتنێکى زارەکى لە نێوان سەرۆکى سوريا و جەنەڕاڵ مەزڵومدا هەیە کە تێیدا رەزامەندی دەربڕدراوە لەسەر تێکەڵکردن و یەکخستنى هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە و سێ لیوادا لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریا.
وتیشى: "لیژنەیەکى هەسەدە ناوەکانی پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە کە پێکهاتوون لە 70 ناوی فەرماندەی ریزى یەکەم لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لیستەکە ئێستا لای وەزارەتی بەرگری لەسەر مێزى دانوستانە."
ئیدلیبى جەختیکردەوە، ئەو فەرماندانە لەریزى یەکەمن، لەناویاندا مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتى هەسەدە و سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی ههسهده، بەتایبەت ئەوانەى سوریین.
لیستەکە ناوى ئەو فەرماندانەى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە.
هەسەدە دەبێتە سێ فیرقەی سەربازی
بەشێک لە ئەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.
لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ـى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا.
یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.
هەسەدە 100 هەزار شەڕڤانی هەیە
مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتى هەسەدە رۆژى یەکشەممەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیلی رایگەیاند، هێزەکانى هەسەدە لە 100 هەزار چەکدار پێکهاتوون کە 70 هەزاریان شەڕڤانن و ئەوانەى دیکەش ئەندامى هێزەکانى پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن.
ئاماژەى بەوەکرد، ئاڵنگاریی گەورەیان لەبەردەمدایە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان، "چۆن دەتوانن لیوایەکی ژنان (یەپەژە) تێکەڵ بە سوپای سوریا بکەین لە کاتێکدا سوپای سوریا لیوا ژنانیان نییە؟ ئێمە ناتوانین ژنە شەڕڤانەکان دووربخەینەوە."
بەپێی رێککەوتنى (10ـى ئازارى 2025)ـی نێوان مەڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع، دەبوو هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا تێکەڵ بکرێن، بەڵام وردەکارییەکان بە ناڕوونی ماونەتەوە و جێبەجێکردنیش وەستاوە.
خاڵێکی سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە سوپای نوێدا دەمێنێتەوە، یان هێزەکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەندامەکانی تاک بە تاک لە سوپای نوێدا دادەنرێن.
مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتى هەسەدە ناوەڕاستى تشرینى یەکەم ئاشکرایکردبوو، لەگەڵ حکومەتی سوریا بەشێوەیەکى سەرەتایی لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپاى نوێی ئەو وڵاتە رێککەوتوون.
هەروەها پێشبینی کردبوو، ئەو ئەندام و فەرماندانەی کە دەچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە، پۆستی باش و بەرز لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپا وەربگرن.
