سەرۆك كۆماری عێراق كاتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریكرد

#عێراق#سەرۆک کۆمار#ئەنجومەنی نوێنەران#دانیشتن
9 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، رۆژی 29 ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، وەكو وادەی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد.
  • وەك مەرسومەكە ئاماژەی پێداوە، دانیشتنی یەكەم، بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی دەكات.
Primary Asset

سبەی

لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، رۆژی 29 ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، وەكو وادەی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد.

بەپێی مەرسومی كۆماریی ژمارە "54" و بەپێی حوكمەكانی ماددەی "54" و بەندی چوارەم لە ماددەی "73" ی دەستور، دوای رەزامەندی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، سەرۆك كۆماری عێراق بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات رۆژی 29 ی كانوونی یەكەمی 2025 كۆببنەوە.

وەك مەرسومەكە ئاماژەی پێداوە، دانیشتنی یەكەم، بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی دەكات.

رۆژی یەكشەممە (14ـی كانوونی یەكەمی 2025) دادگای باڵای فیدراڵی لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا وردبینی بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد. دواتر دادگای فیدراڵی نوسراوی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كرد.

دادگای فیدراڵی رایگەیاند: بڕیارەكەی كۆتاییە و پابەندكەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان بەپێی ماددەكانی 93 و 94ـی دەستوری عێراقی لەگەڵ ماددەكانی 4 بەندی حەوت و 5 بڕگەی دووەمی یاسای دادگای فیدراڵی باڵا ژمارە 30 ساڵی 2005 كە بە یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021 هەموار كراوەتەوە.

رێكارە دەستورییەكان

دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، دەستوری عێراق نەخشەڕێگا و كاتێكی دیاریكردووە بۆ پرۆسەی پێكهێنانی دامەزراوە دەستورییەكان.

بەپێی ماددەی 54 لە دەستوری عێراق، سەرۆك كۆماری عێراق بانگهیشتی ئەندامانی هەڵبژێردراوی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەكەم لە ماوەیەكدا كە لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات، پێویستە لە یەكەم دانیشتندا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت كە پێكهاتوون لە سەرۆك و دوو جێگر.

بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراو

بەپێی دەستور دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراو بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی.

مادەی 55 لە دەستوری هەمیشەیی میكانزیمەكانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریكردووە، كە بەشێوەیەكی نهێنی و راستەوخۆ بەڕێوەدەچێت بە زۆرینەی رەها دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن.

مالیكی یان فائیز

هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە مالیكی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوە، بەڵام بەوتەی سعود ساعدی سەرۆكی لیستی حقوق، عامر فائیز سەرۆكی هاوپەیمانی تەسمیم بە تەمەنترینی پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی خولی شەشەمە و سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات.

وتیشی: "پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت".

لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویان كردەوە، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەك بە تەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی خولی شەشەم سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و دواتر لەو دانیشتنەدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێردرێن. 

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار

بەپێی ماددەی 77/ب لە دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات لە یەكەم رۆژی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت.

سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق لەسەر ئەركەكانی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ. 

راسپاردنی سەرۆك وەزیران

دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ و بەپێی ماددی 76 لە دەستوری عێراق، میكانیزمی دیاریكردنی بەربژێری سەرۆك وەزیران دیاریكراوە، كە سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو لەماوەیەكدا كە لە 15 رۆژ تێپەڕنەكان بەربژێری فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

بەربژێری راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات كابینەكەی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەسەندكردنی، ئەگەر نەیتوانی لەماوەی دیاریكراودا كابینەكەی پێكبهێنێت، سەرۆك كۆمار بەربژێرێكی دیكە رادەسپێرێت لە ماوەیەكدا كە لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات كابینەكەی پێشكەش بكات، ئەوەش بە پێی بڕگەكانی دووەم و سێیەم لە ماوە 76 لە دەستوری عێراق.

بەپێی بڕگەی چوارەمی هەمان ماددە، سەرۆك وەزیران ناوی بەربژێرانی وەزارەتەكان و كارنامەی حكومەتەكەی دەخاتە بەردەستی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنیش یەك بە یەك دەنگ بە كارنامە و وەزیرەكان دەدات بە زۆرینەی رەها دەنگی پەرلەمانتاران.

بەپێی بڕگەی پێنجەمی هەمان ماددە، ئەگەر كابینەی وزاری متمانەی وەرنەگرت، دووبارە سەرۆك كۆماری بەربژێرێكی دیكە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی وزاری لە ماوەیەكدا كە لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات.

لەبەرامبەر پێشێلكردنی هەر بڕگەیەكدا، دەستوری هیچ رێكارێكی دیارینەكردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە جگە لە راسپاردنی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە.

سازانی پێكهاتەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان

بەپێی نەریتی سیاسی و سازانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە و دەرئەنجامی كۆتایی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شیعەكان كە ئێستا زۆرینەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبونەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرن، سوننەكانیش كە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی كۆبونەتەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەركەوتەی ئەوانە، لایەنە كوردییەكانیش كە تائێستا هیچ هاوپەیمانی تەنانەت كۆبونەوەیەكیشیان ئەنجامنەداوە، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی ئەوانە، بەڵام تائێستا قسەیان لەسەر هیچ كاندیدێك نەكردووە.

وەك نەریتی سیاسی و بەركەوتەی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆك كۆمار لە دوای ساڵی 2005 بەركەوتەی كوردە، لە دوو خولی رابردوودا ناكۆكی لەنێوان پارتی و یەكێتی وەك براوەی یەكەم و دووەمی ناو كورد دروست بوو لەسەر پۆستەكە، بۆ ئەم خولەش تائێستا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێكی فەرمی ئەنجامنەدراوە بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستە.

لە وێنە گشتییەكەدا دیارە جیاواز لە شیعە و سوننە، ئەمجارەش كورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغداد و ناكۆكییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە بەغداد و ئەوەش كاریگەریی لەسەر بەركەوتە و پشكی كورد لە كابینەی داهاتووی عێراق و پۆستە وزاری و سیادییەكان درووست دەكات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی