تەلەفزیۆنی سوریا: پێش کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنی سەربازی لەنێوان هەسەدە و دیمەشق رادەگەیەندرێت

#هەسەدە#سوریا#ئاسایش#یەپەژە#وەزارەتی بەرگری
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • پێش کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنی سەربازی رادەگەیەندرێت
  • سێ مانگی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە درێژ دەکرێتەوە
  • هەڵبژاردنی فەرماندەکانی هەسەدە و ئاسایش بۆ پۆستەکانی ناو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ یەکلا دەکرێنەوە
Primary Asset

رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی 10ـی ئاداری 2025

سبەی

تەلەفزیۆنی سوریا بڵاوی کردەوە، پێش کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنی سەربازی نێوان حکومەتی کاتی سوریا و هەسەدە، بە چاودێریی ئەمەریکا رادەگەیەندرێت.

تەلەفزیۆنەکە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە: واشنتن فشارێکی گەورەی لەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا دروستکردووە بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ و لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی سەربازی نێوانیان واژۆ بکەن و بە فەرمی رایبگەیەنن.

سەرچاوەکە پێشبینی کردووە رۆژانی 27 و 30ـی ئەم مانگە لە دیمەشق رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت.

سێ فیرقەکەی سەربازی هەسەدە

میدیا سورییەکە بڵاوی کردەوە، بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە میکانیزمی تێکەڵابوون و لکاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش" کە ژمارەیان زیاتر لە 90 هەزارە بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریاوە دیاری دەکرێت، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی سێ فیرقەی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری بۆ هەسەدە لە رەققە و دێرەزور و حەسەکە.

لەئێستادا گفتوگۆی هەسەدە و دیمەشق لەسەر ژمارەیەک خاڵی ناکۆکە، ئەوانیش چوونی هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریایە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. دیاریکردنی پۆستەکانی هەسەدە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ. دیاریکردنی میکانیزمی بڕیاری سەربازی و پەیکەرەی کارگێڕی فیرقەکانی هەسەدە. دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی نێوان هەسەدە و وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری سوریا.

هەسەدە پێداگریی دەکات لەسەر دروستکردنی دوو لیوای سەربەخۆی سەربازی کە جیاوازبن لە وەزارەتی بەرگری، ئەوانیش لیوایەکی تایبەتی ژنان بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و لیوایەکی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی تیرۆر "YAT". واشنتن پشتیوانی دروستکردنی لیوای دژە تیرۆر دەکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆسە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی پرۆسەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەتایبەتی داعش.

بابەتێکی دیکە، هەسەدە پێداگرە لەسەر ئەوەی هێوەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای سوریا نەچنە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئەوەش پێشنیازی بۆ دیمەشق کردووە سەرکردەی سەربازی لەلایەن خۆیەوە بۆ ئەو هێز و دامەزراوە ئەمنییانە دابنێت.

مەزڵوم عەبدی: رێککەوتن نزیکە

لەلایەکی دیکەوە تەلەفزیۆنی عەرەبییە لە سەر زاری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە: گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی سوریا بێت.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەندێک پرسی دیکەی دەستوری هەیە پێویستی بە کاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەموو سوریا بگرێتەوە، پێیانوایە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا ئەوەی وڵاتێکی ناناوەندی "لامەرکەزی" بێت

بەوتەی عەبدی، شێوەی سیستمی سیاسی بە جۆرێک سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن، پێویستی بە گفتوگۆی وورد و قوڵ هەیە بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەی دەستورێک کە رەنگدانەوەی خواستی هەموو لایەنەکان بێت.

فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاندووە: لەبارەی سنورەکان و دەروازەکانەوە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، سامانی ژێر زەوی موڵکی هەموو سورییەکانە، لەوبارەیەوە لەیەک نزیکبوونەوەی باش هەیە و هیوادارن لە ماوەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتن لەسەر سەرجەم بوارەکان.

شاندی دانوستان: نێوەندگیریی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی رێککەوتنی 10ـی ئادار

هەر لەوبارەیەوە، هاوسەرۆکی شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق رایگەیاندووە: هەوڵێکی گەورە عەرەبی و جیهانی هەیە بۆ سەرکەوتنی رێککەوتنی 10ـی ئادار. ئەمەریکا و فەرنسا هاوشانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ناوچەکە لە سەروو هەمویانەوە سعودیە هاوکار و پشتیوانن بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ دیمەشق.

ئاشکرای کردووە؛ سەرکەوتنی رێککەوتنی 10ـی ئادار پەیوەستە بە جێبەجێکردنی کردەیی رێککەوتنەکە بە سەرجەم خاڵەکانییەوە.

فەرماندەکانی ئاسایش و هەسەدە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ

سەرچاوەکەی تەلەفزیۆنی سوریا بڵاوی کردووەتەوە، لەئێستا سەرقاڵی گفتوگۆکردن و دیاریکردنی فەرماندەکانی هەسەدە و ئاسایشن بۆ پۆستەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا.

چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەو وادەیەی کە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دیاریکرابوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کە کۆتایی ئەمساڵ، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا کە چاودێریی رێککەوتنەکە دەکەن بەتایبەتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هانی حکومەتی سوریا و هەسەدە دەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان و دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان پێش کۆتایی ئەمساڵ.

تیمێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و نێردەی بەریتانیا بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و نێردەی فەرەنسا سەرپەرشتی لێکنزیککردنەوەی بۆچونەکانی هەردوولا و چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان دەدەن بە زووترین کات.

بەپێی سەرچاوەکان، گەیشتن بە رێککەوتنی سەربازی لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە هەردوو رێککەوتوون کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی سوریا لە باکوری سوریا کاتی زیاتری پێبدەن، بۆ ئەوەی ماوەی رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگی دیکە درێژبکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەستەمە بەشێکی خاڵەکانی تا کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێبکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی