
سبەى
لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 و گۆڕینى سیستمى حوکم بۆ پەرلەمانى، عێراق شەش خولى هەڵبژاردنى بەخۆوە بینیوە لەگەڵ هەشت کابینەى حکومەت، پۆستەکانى کوردیش گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە.
ئەنجومەنى حوکم

یەکەم بەشدارى کورد لەپڕۆسەى سیاسی دواى روخانى رژێمى سەدام، لە ئەنجومەنى حوکم و کابینەکەیدا بوو، کە کورد بە پێنج ئەندام بەشداربوو لە ئەنجومەنەکە لەکۆى 25 ئەندام. ئەنجومەنەکە لە 12ی تەمموزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004 لەکارەکانى بەردەوام بوو.
سەرەڕاى ئەوە، پێنج وەزیرى کورد بەشداربوون لەیەکەم کابینەى ئەنجومەنى حوکمدا کە لە 25 وەزیر پێکهاتبوو.
حکومەت کاتى- عەلاوى
لەکابینەکەى ئەیاد عەلاوى یەکەم سەرۆک وەزیرانى حکومەتى کاتى عێراق دواى روخانى رژێمى سەدام لە حوزەیرانى 2004 تا نیسانى 2005، کورد پێنج وەزیرى هەبوو لەکۆى 33 وەزیر، لەگەڵ دوو جێگرى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى کۆمەڵەى نیشتمانى.
لەو خولەدا، کورد 75 ئەندامی لە کۆمەڵەى نیشتمانى هەبوو لەكۆی 275 ئەندام.

کابینەى جەعفەرى
دواى یەکەم هەڵبژاردنى گشتى لە 30ی کانونى دووەمى 2005 ئەنجومەنى نیشیتمانى راگوزەر پێکهێنرا، کە کورد بووە خاوەنى 58 ئەندام لەکۆى 275 ئەندام.
لەدواى ئەو هەڵبژاردنەوە ئەنجومەنى نیشتیمانى، جەلال تاڵەبانى بە سەرۆک کۆمار لە پشکى کورد، ئیبراهیم جەعفەرى بە سەرۆک وەزیران لە پشکى شیعە هەڵبژارد.
کورد لەو کابینەیەدا هەشت وەزیرى هەبوو لەکۆى 31 وەزیر، لەگەڵ جێگرى سەرۆک وەزیران و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان، سەربارى سەرۆک کۆمار.
یەکەم کابینەى مالیکى

دواى دەنگدان لەسەر دەستور، لەکۆتایی ساڵى 2005 هەڵبژاردنى گشتى لە عێراق بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنى یەکەم پەرلەمانى دواى روخانى رژێمى سەدام، پێکهێنانى یەکەم حکومەتى عێراقى بۆ چوار ساڵى تەواو.
لەو هەڵبژاردنەدا کورد 57 ئەندامى لە پەرلەمانى عێراق بەدەستهێنا لەکۆى 275 ئەندام. هەروەها لەو کابینەیەکەدا (2006-2010) کە لەلایەن نوری مالیکییەوە سەرۆکایەتى کرا، کورد حەوت وەزیرى هەبوو لەکۆى 36 وەزیر، سەربارى پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و جێگرانى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان.
کابینەى دووەمى مالیکى
کابینەى دووەمى مالیکى لەساڵى (2010-2014) گەورەترین کابینە بوو لەمێژووى عێراقدا کە لە 43 وەزیر پێکهاتبوو، لەو ژمارەیە کورد چوار وەزیرى هەبوو لەکۆى 43 وەزیر، لەگەڵ پۆستەکانى سەرۆک کۆمار، جێگرى سەرۆک وەزیران و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان.
لەو خولەى پەرلەماندا کورد خاوەنى 57 کورسى بوو لەکۆى 325 کورسی پەرلەمان.
کابینەى عەبادى

لەکابینەى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى (2014-2018)، کورد شەش وەزیرى هەبوو، کە سەرەتا کابینەکەى لە 33 وەزیر پێکهاتبوو، دواتر بۆ 22 وەزیر کەمکرایەوە.
کورد پارێزگارى کرد لە مانەوەى پۆستەکانى سەرۆک کۆمار، جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆک وەزیران، لەگەڵ 62 پەرلەمانتارى کورد.
کابینەى عەبدولمەهدى

ئەنجامى هەڵبژاردنى 2018 دۆخێکى نوێی بەسەر گۆڕەپانى سیاسی عێراقدا سەپاند، بەو پێیەى حیزبى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر بووە خاوەنى 51 کورسی، هاوپەیمانى فەتحى هادى عامرى 43 کورسی و هاوپەیمانى نەسرى عەبادى 38 کورسی و دەوڵەتى یاسا 22 کورسییان بەدەستهێنا، هەروەها کورد 58 کورسی بەدەستهێنا لەکۆى 328 کورسی.
هەریەکە لە هاوپەیمانى بینا و کوتلەى ئیسڵاح کە رەوتى حیکمە و سائیرون و نەسرى لەخۆدەگرت، لەرێگەى تەوافوق لەگەڵ لایەنەکانى دیکە عادل عەبدولمەهدییان بۆ سەرۆک وەزیران دیاریکرد.
پشکى کورد لەو کابینەیەدا سێ وەزیر بوو لەکۆى 22 وەزیر، لەگەڵ پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان.
کابینەى کازمى

ساڵى 2020 دواى دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونى و بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە، عادل عەبدولمەهدى دەستى لەکارکێشایەوە و لایەنەکان مستەفا کازمیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد و کابینەیەکى نوێی پێکهێنا.
لەکابینەى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى (2020-2022)، پشکى کورد وەزیر بە سێ وەزیر مایەوە، لەگەڵ پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان.
کابینەى سودانى

کورد لە هەڵبژاردنى 2022دا بووە خاوەنى 63 کورسی پەرلەمان لەکۆى 329 کورسی، پشکى کورد لە 24 پۆستى وەزارى چوار وەزارەت بوو، لەگەڵ پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و جێگرانى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان.
