
سبەى
هاوپەیمانێتییەکەى سودانى هۆشدارى دەدات لە کاندیدکردنى کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران کە لە هەڵبژاردندا "دۆڕاوە" و زیاتر لە سێ هەزار دەنگى بەدەستنەهێناوە و جەختدەکاتەوە سودانى وەک فەرمانبەر ناگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەى، دەوڵەتى یاساش جەختدەکاتەوە تەنها پێوەر بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران دەنگ و کورسی نییە.
دواى زیاتر لە مانگێک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن دانوستانە بەردەوامەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران هێشتا نەگەیشتووە بە ئەنجام.
چوارچێوەى هەماهەنگى کە دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردن خۆى وەک گەورەترین هاوپەیمانێتى ناساند، لە دوایین کۆبونەوەیدا جەختى لە خێراکردنى پڕۆسەى یەکلایکردنەوەى کاندیدى سەرۆک وەزیران کردەوە.
چانسى سودانى
عەلى فەتلاوى سەرکردە لە هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان بەسەرۆکایەتى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، هیچ کەسایەتییەکی ناو چوارچێوەى هەماهەنگى بە ئاشکرا باسی لەوە نەکردووە کە سودانی نوێنەرایەتیان ناکات و کەسیش رەتینەکردووەتەوە.
وتیشى ناکرێت چاوەڕوانى ئەوە بکرێت سودانى بۆ هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەى هەماهەنگى و سودانی فەرمانبەر نییە.
فەتلاوى جەختیکردەوە کە پێویستە سەرۆک وەزیران لەسەر بنەمای شایستەیی و ئەنجامى هەڵبژاردن هەڵبژێردرێت. "دۆڕاو نابێت پاداشتی بدرێتەوە. چۆن دەکرێت کەسێک کاندید بکرێت کە لە هەڵبژاردندا دۆڕاوە و تەنانەت نەیتوانیوە سێ هەزار دەنگیش بەدەستبهێنێت"، بەبێ ئەوەى ناوى کاندیدەکە ئاشکرابکرێت.
جەختیشیکردەوە، ئەوان نابنە ئۆپۆزسیۆن ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست نەهێنین چونکە بەشێکین لە چوارچێوەى هەماهەنگى و ڤیتۆشیان لەسەر هیچ کاندیدێک نییە ئەگەر چوارچێوەى هەمانگى کاندیدى بکات لەناویاندا نورى مالیکى.
بەوتەى فەتلاوى، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کەسانێک هەن کە بە ئاشکرا پشتگیری لە سودانی دەکەن بۆ خولی دووەم، هەندێکی تریش دەڵێن بۆچوونەکەیان هاوتەریبە لەگەڵ بۆچوونى چوارچێوەدا و پاڵپشتیکارن، هەندێکی دیکەش هەن لە اتێکدا بەشێکن لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەگەڵ پرسەکەدا نین، بەڵام مەرج نییە هەموو دەوڵەتی یاسا سودانى رەتبکەنەوە.
هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان دوو رۆژ لەمەوبەر دەستپێشخەرییەکى بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران لەسەر بنەماى پێنج پێوەر پێشکەشى چوارچێوەى هەماهەنگى کرد.
پێوەرەکان بریتین لە، رێزگرتن لە ئیرادەى دەنگدەران، لەبەرچاوگرتنى ئەزموونى سەرکەوتوو لە بەرێوەبردنى دەوڵەت، بوونى دیدگایەکى واقیعى و و بەرنامەیەکى حکومى گونجاو لەگەڵ ئاڵنگارییەکانى داهاتوو، رەزامەندى نیشتمانى، پشتیوانیکردنى لەلایەن یەکێک لە هێزەکانى پێکهێنەرى چوارچێوەى هەماهەنگییەوە.
دەستپێشخەرییەکە لەلایەن هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساوە رەتکرایەوە و بە هەوڵێک بۆ رێگەخۆشکردن بۆ خولى دووەمى سودانى ناویبرد، لەکاتێکدا دەوڵەتى یاسا مالیکى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە کاندیدکردووە.
"چوارگۆشەى زێڕین"
سەڵاح بوشى سەرکردە لە دەوڵەتى یاسا دەڵێت، چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر چەند ئاڕاستەیەک کاردەکات بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران، لە چوارگۆشەى زێڕین هەریەکە لە مالیکى و سودانى بوونیان هەیە.
وتیشى ئەگەر چوارچێوەى هەماهەنگى لەژێر فشار و تەوافوقدا پڕۆسەکە تێپەڕێنێت، لەرووى سیاسییەوە دەدۆڕێت، هاوسەنگى لەناو چوارچێوەى هەماهەنگى تەنها لەسەر بنەماى ژمارەى کورسى و دەنگەکان نییە، بەڵکو قەبارەى سیاسی لایەنەکانیش لەبەرچاو دەگیرێت.
بەگوێرەی خشتەی ئەنجوومەنی دادوەری لە 14ی کانونی یەکەمەوە، واتە لە رۆژی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، پێویستە لایەنە براوەکان بەپێی ماددەکانی دەستور لە ماوەی 15 رۆژدا، سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێرن. پاشان لە ماوەی 30 رۆژدا کاندیدى سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە. دواتر لە ماوەی 15 رۆژدا سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران کە کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. هەر بەپێی ماددەکانی دەستور، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی کابینەکەی لە پەرلەمان بخاتەڕوو.
