سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئاسان نییە

#عامر فائیز#سەرۆکی دانیشتنی یەکەم#بەتەمەنترین پەرلەمانتار#سەرۆکی ئەنجومەن#جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سوننەکان نزیکن لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
  • رۆژی شەممە چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێوان ئەسەدی و مەندەلاوی یەکێکیان بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکات
  • جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان پشکی کوردە و بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ئەم خولەش بەر پارتی دەکەوێت
Primary Asset

سبەی

بەتەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی ئەم خولەی پەرلەمان، کە سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات، بە دووری دەزانێت لە یەکەم دانیشتدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێن، بەربژێرانی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنیش ئاشکرا دەکات.

عامر فائیز، سەرۆکی بەتەمەنی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ دانیشتانی یەکەم بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو (25ـی کانوونی یەکەمی 2025) دەستیپێکردووە.

ووتیشی: "سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنەکە داهێنراوێکی یاسایی ناڕاستە و پێویستە پێش دانیشتنی یەکەم سازانی سیاسی پێشوەختە بکرێت بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکی دەستوری درووست نەبێت."

فائیز، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگرانی بکەن پێش وادەی دانیشتنی یەکەم، هەرچەندە بە دووریزانی ئەو رێککەوتنە بکرێت، هیواشی خواست نەکەونە بۆشایی یاسایی و پێشێلکردنی دەستورەوە.

سەبارەت بە پۆستی جێگری یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، عامر فائیز ئاشکرای کرد: هەر یەک لە ئەحمەد ئەسەد و مموحسین مەندەلاوی خۆیان بەربژێر کردووە و داوایان پێشکەشی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، بەڵام تائێستا ئەو بابەت یەکلایی نەکراوەتەوە.

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببنەوە و بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەن یەکلابکەنەوە کە بەرکەوتەی پێکهاتەی شیعەکانە. هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر بەربژێری سەرۆک وەزیران دەکرێت و ئەگەر بگەنە رێککەوتن بە فەرمی رایدەگەیەنن.

بەربژێری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران

پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشکی سوننەکانە، ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی کە پێنج لیستی سوننەکان رایانگەیاندووە بەردەوامن لە کۆبونەوەکانیان بۆ دیاریکردنی بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە، بەپێی زانیارییەکان تائێستا موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەهێزترین بەربژێرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی، رۆژی (22ـی کانوونی یەکەمی 2025) بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندبوو: کۆبونەوەی شەوی پێشووی ماڵی سابت عەباسی وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە بووە و سەرکردەکانی سوننە کۆک بوون لەسەر ئەوەی موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کاندید بکەن، بەوپێیەی بژاردەیەکی پەسەندکراوی نیشتیمانییە و توانای یەکخستنی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکانی هەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، دیاریکردنی بەربژێری سوننەکان، بەشێکە لە ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە سەرۆک کۆمار رۆژی 29ـی ئەم مانگەی دیاریکردووە، سوننەکانیش دەیانەوێت بە یەکلایی کردنەوەی بەربژێرەکەیان پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەپێی رێکارە دەستورییەکان لە وادەی خۆیدا بگاتە ئەنجام.

جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان

ئیحسان شەمەری سەرۆکی سەنتەری هزری عێراقی پێی وایە ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی سوننە بە بەراورد لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە کوردییەکان، پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هێزەکانی پێکهاتەی سووننە ئەو راستییە دەزانن، کە پێگەی سەرۆکی پەرلەمان شایستە سەرەتاییەکەیە و چارەسەرکردنی خێرای بووەتە پێویستییەکی سیاسی.

دەشڵێت: "گەیشتن بە تەنها دوو ناو، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە ناو پێکهاتەی سووننەدا، ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە خولی یەکەمدا". بەڵام کێشەی راستەقینە، لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەماندایە کە شایستەییەکی شیعەکانە، لە کاتێکدا رەنگە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دیسانەوە ببێتەوە بە بەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ئەوەی لە خولی پێشوودا روویدا.

شەمەری هۆشداری دەدات لەوەی کە شکستی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆتاییهێنان بە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، دەبێتەهۆی دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی.  پێشبینیش دەکات لە دانیشتنی یەکەمدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران

دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆك كۆماری عێراق بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد رۆژی (29ـی كانوونی یەكەمی 2025) دانیشتنی یەکەم ئەنجامبدەن.

رۆژی (14ـی كانوونی یەكەمی 2025) دادگای باڵای فیدراڵی لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا وردبینی بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد. دواتر دادگای فیدراڵی نوسراوی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی