
موسەننا سامەڕائی
سبەی
کۆبونەوەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی سیاسی سوننەکان یەکلاکەرەوە بووە و لایەنەکان گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، تاڕادەیەک وەک بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران چانسی بەهێزە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی، ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی یەکەمی 2025) بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە: کۆبونەوەی شەوی رابردووی ماڵی سابت عەباسی وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە بووە و سەرکردەکانی سوننە کۆک بوون لەسەر ئەوەی موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کاندید بکەن، بەوپێیەی بژاردەیەکی پەسەندکراوی نیشتیمانییە و توانای یەکخستنی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکانی هەیە.
ئاماژەی بەوەکردووە، دیاریکردنی بەربژێری سوننەکان، بەشێکە لە ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە سەرۆک کۆمار رۆژی 29ـی ئەم مانگەی دیاریکردووە، سوننەکانیش دەیانەوێت بە یەکلایی کردنەوەی بەربژێرەکەیان پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەپێی رێکارە دەستورییەکان لە وادەی خۆیدا بگاتە ئەنجام.
بڕیارە سبەینێ سێشەممە، ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی کۆبونەوەی کۆتایی خۆی لەماڵی ئەبو مازن ئەنجام بدات و بە فەرمی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرا بکات.
لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکەیدا کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025) ئەنجامیدا، ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی جەختی لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستورییەکان کردەوە بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەکەم دانیشتندا.
ئاماژەی بەوەکردبوو، دوای گفتوگۆ کردن لە سەر بەرکەوتە دەستورییەکان و گرنکی یەکلایی کردنەوەی، جەخت لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستانەکان کرایەوە و بەشداران بڕیاریاندا ئێوارەی سێشەممە بەردەوامی بە کۆبونەوەکەیان بدەن.
شیعەکانیش ئەمشەو کۆدەبنەوە
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ئێواری سبەینێ سێشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی جارێکی دیکە کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەسایەتییەک کە بتوانێت سەرکردایەتی حکومەتی داهاتوو بکات کە لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریی ناوخۆی و دەرەکی ئاڵۆزدایە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی، لایەنەکان پێیانوایە دەبێت سەرۆک وەزیرانی نوێ توانایەکی بەرزی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هەبێت، بەتایبەتی قەیرانی دارایی لە سایەی کورتهێنانی گەورەی بودجە و مامەڵەکردن لە گەڵ فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
بەپێی هەمان سەرچاوە، تا تەواوکردنی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک کۆمار، چوارچێوەی هەماهەنگی بەربژێری خۆی دیاری دەکات، تائێستاش محەمەد شیاع سودانی یەکێکە لە بەربژێرە بەهێزەکان و چانسی وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆک وەزیرانی هەیە، بەڵام هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نەداوە.
