شاندێکی حەماس هەفتەیەکە لە عێراقن

#حەماس#عێراق#تورکیا#غەززە#شاند#سەردان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • شاندی حەماس لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراق کۆبونەوە
  • شاندی حەماس چاویان بە ئەبو ئالای وەلائی یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە کەوتووە
  • شاندێکی دیکەی حەماس لە تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان کۆبونەوە
Primary Asset

کۆبونەوەی شاندی باڵای حەماس و عادل عەبدولمەهدی لە بەغداد

سبەی

شاندی باڵای بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی "حەماس"، دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبونەوە کۆتاییان بە سەردانە یەک هەفتەییەکەیان هێنا بۆ عێراق، شاندێکی هاوشێوەش لە تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان کۆبونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2025) بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی بڵاوی کردەوە، شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوون لە ئوسامە حەمدان سەرکردەی باڵای گروپەکە و تاهیر نونو راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس، لە بارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و دوایین پێشهاتە سیاسیی و مەیدانییەکان و پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، "شاندی حەماس دۆخی سەختی مرۆیی کەرتی غەززە و تاوانەکەکانی داگیرکەر لە کەرتی رۆژئاوا و قودس، دۆخی دەستگیرکراوانیان خستوەتەڕوو و داوایانکردووە هەوڵەکان یەکبخرێت بۆ سنوردانان بۆ ئەو تاوانانە و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان."

شاندەکەی حەماس، جەختیان لەسەر قوڵی پەیوەندی مێژویی لەگەڵ عێراق بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی و حیزبییەکانی و هەڵوێستی نەگۆڕیان بەرامبەر دۆسیەی فەلەستین، کردووەتەوە.

داوایانکردووە، پاڵپشی گەلی فەلەستین بکرێت بۆ بەدەستهێنانەوەی سەرجەم مافەکانی و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە پایتەختەکەی قودسە.

رۆژی شەممەی رابردوو شاندەکەی حەماس گەیشتوونەتە بەغداد و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراق کۆبوتەوە، لە دیارترینیان عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و ئەبو ئالای وەلائی فەرماندەی کەتیبەکانی سەید شوهەدا.

رۆژی چوارشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2025) شاندێکی دیکەی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەیە، سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە، لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە.

بەپێی راگەیاندراوی کۆبونەوەکە، گفتوگۆیان لە بارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە و دۆخی مرۆیی و سیاسی کردووە.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لە سەر ئەو دۆخە سەختە مرۆییە کراوە کە روبەڕوی غەززە بووەتەوە، کە کەمترین پێداویستی دەگاتە خەڵکەکەی و ئیسرائیل رێگە بە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی مرۆیی نادات، 60%ـی ئەو بارهەڵگرانەی دەچنە غەززە کەلوپەلی بازرگانییان پێیە نەک هاوکاری مرۆیی، بەوەش بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراک و دەرمان و چادریان پێناگات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی