
سبەی
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، شەوی رابردوو زیاتر لە 70 مۆڵگە و ئامانجی داعش لە ناو سوریا کراونەتە ئامانج بۆ بەدیهێنانی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە".
ئەمڕۆ شەممە (20ـی کانوونی یەکەمی 2025) فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای ئەو هێرشەی رۆژی 13ـی ئەم مانگە کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەی تەدموری سوریا، کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ئەمەریکا و بە فەرماندەی راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێرشێکی ئاسمانیی فراوانیان کردە سەر مۆڵگەکانی داعش لە ناو سوریا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە 70 ئامانجی لە ناوەڕاستی سوریا پێکاوە، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری هێرشبەر و مووچەکی دوورهاوێژ، هێزەکانی چەکدارەکانی ئوردنیش بە فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتی هێرشەکەیان کردووە.
سێنتکۆم بڵاوی کردەوە؛ زیاتر لە 100 مووشەک و بۆمب بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی سەر بە داعش بەکارهێنراوە.
جەنەراڵ براد کوبەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، پرۆسەکە یەکلا کەرەوە بووە بۆ رێگریی لە چەکدارانی داعش بۆ دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیکەی تیرۆریستی دژی ئەمەریکا.
جەختی کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە راوەدونانی گروپە تیرۆریستییەکان، ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان بگەیەنن و هیچ پەناگەیەکیان بۆ ناهێڵنەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، دوای هێرشەکەی 13ـی کانوونی یەکەم دژی ئەمەریکی و سورییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 10 پرۆسەی سەربازییان لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە و توانیویانە23 چەکداری داعش بکوژن و دەستگیر بکەن.
لەماوەی شەش مانگی رابردووشدا، ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 80 پرۆسەی سەربازییان دژی تیرۆر ئەنجامداوە، کە هەڕەشەی راستەوخۆ بوون بۆ سەر ئەمەریکا و ئاسایشی ناوچەکە.
هەر لەوبارەیەوە، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان پرۆسەیەکی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ لەناوبردنی چەکدارەکانی داعش لە سوریا و ژێرخانی سەربازیی و حەشارگەی چەکەکانیان.
پرۆسەکە لەژێر ناوی "چاوی هەڵۆ" بەڕێوەچووە، بەوتەی وەزیری جەنگ ئەوە سەرەتای شەڕنییە بەڵکو پڕۆسەی راوەدونانی دوژمنانە لە سوریا و ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتوون، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی لە 13ـی ئەم مانگە کرایە سەر سەربازەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی تەدموری سوریا.
