هەسەدە وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی دیمەشق لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی دەداتەوە

#ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری#باکور و رۆژهەڵاتی سوریا#رۆژئاوای کوردستان#هەسەدە#دیمەشق#تێکەڵکردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 15 خولەک نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگری سوریا پێشنیازێکی نوێی لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا ئاڕاستەی دیمەشق کردووە، ئەوانیش سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکە و وەڵامدانەوەین.
Primary Asset

عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشق

سبەی

نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگری سوریا پێشنیازێکی نوێی لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا ئاڕاستەی دیمەشق کردووە، ئەوانیش سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکە و وەڵامدانەوەین.

عەبدولکەریم عومەری، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نۆرس پریس ئاشکرای کرد، تائێستا هیچ بەرەوپێشچونێک لە دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار نییە، سەرەڕای ئەوەی چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆ و کۆبونەوە ئەنجامدراوە و کەشێکی ئەرێنی هەبووە، بەبەشداریی هاوبەشەکانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا، لێکتێگەیشتنەکان زیاتر زارەکی بوون.

ئاماژەی بەوەکردووە، "بە دیدی ئێمە تائێستا دەسەڵاتی کاتی دیمەشق بەرپرسیارێتی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، هیچ بڕگە و بەندێکی رێککەوتنەکە بە کردەیی جێبەجێنەکراوە."

نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق بە پێویستی دەزانێت، گەڕێکی دیکەی دانوستان لەسەر ئاستی باڵا پێش کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

جەختی لەوەکردووە، ئەو رێککەوتنانە کاریگەری دەبێت لەسەر هێورکردنەوەی گوتاری خراپ و رقئامێز کە لە بەشێکی دامەزراوەکاندا دەبینرێت و زیانی بۆ یەکێتی و ئایندەی سوریا هەیە.

سەبارەت بە پێشنیازە نوێیەکەی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سوریا و میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا، عەبدولکەریم عومەر رایگەیاند: جیاوازیی لە دید و بۆچووندا هەیە لەنێوان هەردوولا سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵکردنەکە، بەتایبەتی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە رووی (سەربازی، ئاسایش، کارگێری و ئابوری).

نوێنەرەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق رایگەیاند: ئێمە وا پرۆسەی تێکەڵکردنەکە دەبینین کە هەنگاوێکە بۆ هاوبەشی و پێکەوەکارکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆچوونیان جیاوازە سەبارەت بە هاوبەشی راستەقینە و پرۆسەی تێکەڵاوکردن بۆ وەک پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و خۆڕادەستکردن دەبینن.

سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەد و ئاسایشی ناوخۆ بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا، عەبدولکەریم عومەر رایگەیاند: لە رووی تیۆرییە گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەتایبەتی لە کۆبونەوەی حەوتی ئۆکتۆبەری نێوان جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی، بە بەشداریی ئەمەریکییەکان، بەجۆرێک تێکەڵکردنەکە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوا بێت، لیوای روبەڕوبونەوەی تیرۆر و لیوای یەکینەکانی پاراستنی ژنان و ئەو پرۆسەیەش دراوەتە دەستی لیژنە فەرعییەکان بۆ جێبەجێکردن.

لەبارەی هەنگاوەکانی ماددەکانی دیکەی رێککەوتنی 10ـی ئادار و ئەگەری جێبەجێکردنی، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق رایگەیاند: خاڵەکانی دیکە روبەڕوی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، لەکاتێکدا ئەو خاڵانە بنەمایەکی سەرەکیین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە جەوهەرییەکان.

بەوتەی عەبدولکەریم عومەر: "ئاڵنگاری گەورە دیدی دەسەڵاتی کاتی دیمەشقە کە دژی هاوبەشی راستەقینەی نێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریان، ئەو سیاسەتەش وڵات بەرەو تاکڕەوی دەبات، ئەوان سیستمی ناوەندییان دەوێت، ئەوەش لەگەڵ دۆخی سوریا و فرەیی نەتەوە و ئاینەکاندا یەکناگرێتەوە."

مەزڵوم عەبدی: سەرەتای ساڵ دەستپێکێکی نوێیە

رۆژی هەینی (19ـی کانوونی یەکەمی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە وادەی کۆتایی هاتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار رایگەیاند: زۆر کەس ئەوە بە کۆتایی دەزانن، لەکاتێکدا لای ئێمە دەستپێکی ساڵی نوێ، دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کوردی لە دەرەوە، هیوادارین ساڵی 2026، ساڵی یەکڕیزی و یەکگرتنی کورد و بەستی کۆنگرەی نەتەوەیی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستەکانمان.

ووتیشی: "ئەوانەی ئێستا وەزارەتی بەرگریی سوریا بەڕێوە دەبەن، دەناسین و‌ ناچارن خۆیان بگۆڕن".

بەوتەی عەبدی،  "هێشتا زهنییەتی بەعس لە سوریا کار دەکات و گروپێکی توندڕەو نایەوێت کێشەکان چارەسەر بن و بەربەستی گەورەن.

پێشنیازی نوێی وەزارەتی بەرگری بۆ هەسەدە

پێش وادەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری ئەمساڵ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، گفتوگۆکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریا چڕتربونەتەوە.

پێنج سەرچاوە دووپاتیانکردوەتەوە حکومەتی دیمەشق پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو، کە تێیدا هەسەدە لە چەند فیرقە و لیوایەکدا رێکبخرێتەوە، بەو مەرجەی خاکەکەی بە رووی یەکەکانی سوپای سوریادا بکاتەوە و دەستبەرداری هەندێک پێکهاتەی فەرماندەییەکانی بێت.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، لە کۆبوونەوەکانی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریا، بەرپرسانی کورد و ئەمەریکی و سورییەکان هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکانی ئەو پرسە گرنگە چڕکردوەتەوە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، سەرەڕای ئەوەی بێ هیوایی باڵی بەسەر کۆبوونەوەکاندا کێشاوە و ئاسۆی رێککەوتنی گشتگیر لە کاتی دیاریکراودا بەدوور دەزانرێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوەوە گفتوگۆکان خێراتر بوون و کاریگەرترن بەراورد بە گفتوگۆکانی پێشوو، ئەویش بەهۆی نزیکبوونەوە لە وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان، کە تا کۆتایی ئەم مانگەیە.

هاوکات پێنج سەرچاوەکە ئاشکرایان کردووە، دیمەشق پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە.

سەبارەت بە پێشنیازەکە بەرپرسێکی سوری و ئەمەریکی و سێ بەرپرسی کورد رایانگەیاندووە: حکومەتی دیمەشق بەراورد بە پێشووتر ئێستا کراوەترە بە رووی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەجۆرێک بەڵێی کردووە بۆ ئەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە چەند فیرقە و لیوایەکدا رێکبخاتەوە، بەو مەرجەی خاکەکەی بەڕووی یەکەکانی دیکەی سوپای سوریادا بکاتەوە و دەستبەرداری هەندێک لە پێکهاتەی فەرماندەییەکانی ببێت.

هێشتا روون نەبۆتەوە کە ئایا پێشنیازەکە بەچی دەگات، سەرچاوەکانیش دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە دواین رۆژەکانی پێش کۆتایی هاتنی وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەدی ناکەن، دەڵێن "گفتوگۆی زیاتر پێویستە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی