
دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق - ئەرشیف
سبەی
تەنها نۆ رۆژ لەبەردەم دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران ماوە، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، نە بەربژێرانی ئەو پۆستانە یەکلایی کراونەتەوە، نە پێکهاتەکانی دیکە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بەربژێرەکانیان بۆ سەرۆکایەتییەکان. دەستور رێکارە یاساییەکانی دیاریکردووە، بەڵام هیچ خولێک لایەنەکان پابەند نەبوون بە خشتەی کاتیی و پابەندبوون بە رێکارە دەستورییەکانەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق رۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دیاریکردووە کە پێویستە لەو دانیشتنەدا دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرێن، لە زۆربەی خولەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە دانیشتنی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە و دانیشتنەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بە کراوەی هێڵراوەتەوە.
بەپێی رێکارە دەستورییەکان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر ناونانی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی تەنها سێ مانگی بۆ دیاریکراوە بە سەرجەم قۆناغەکانییەوە، بەڵام خولەکانی پێشوو هەندێکجار پرۆسەکە لە ساڵێک نزیک بووەتەوە و بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆست و بەرکەوتە سیاسییەکان نەتوانراوە پابەندی وادەی دەستوری بن.
بەوتەی دورید تۆفیق شارەزای یاسای دەستوریی، رێکارە دەستورییەکانی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە رێکارە نەک پابەندبوون، چونکە زۆرجار ئەو ماوانە درێژدەکرێنەوە، لەبەرامبەردا دەرچەی یاسایی نین بۆ لادانەکان و هیچ سزایەکی دواکەوتنیش نییە.
دوای هەڵبژاردنی 2021، بۆشاییەکی گەورەی یاسایی لە عێراق دروست بوو، پرۆسەی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە ماوەیەکی زۆری پێچوو، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چەند مانگێکی خایاند، لەبەرامبەردا دادگای فیدراڵی و دەستورییش هیچ رێگاچارەیەکیان پێنەبوو. بەهەمانشێوە بۆ خولەکانی پێشوویش هەمان سیناریۆ دووبارە بوونەوە.
ناکۆکی سێ ماڵەکە .. خاوکەرەوەی کاتژمێری دەستوری
سێ ماڵە سەرەکییەکەی پرۆسەی سیاسی عێراق، کورد، شیعە و سوننە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە، شیعەکان کە فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانیان راگەیاندووە و خۆیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کۆکردوەتەوە نەیاتوانییوە بگەنە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بەربژێری سەرۆک وەزیران.
ئاراستەی کاندیدەکانیان، روەو تاران یان واشنتن، یان شەقامی عێراقی بێت، گرنگترین خاڵی ناکۆکییانە، دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەک هەموو ئاراستەکان لێی رازی بن و بە سازان دابنرێت، رەچاوی دابەشکاریی و هاوسەنگی نێوان هەژموون، چەک و پارەی دەوڵەت بکات، ئەوەش خەریکە ئەستەم دەبێت.
سوننەکانیش، بەهەمانشێوەی خولەکانی پێشوو ناکۆکییان هەیە لەسەر دیاریکردنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرەڕای ئەوەش دەیانەوێت بەرکەوتەی زیاتریان هەبێت و پۆستی سیادی و وزاریی زیاتر بپچڕن بۆ خۆیان، لەگەڵئەوەشدا بەربژێرەکەیان رەزامەندی کورد و شیعە، تاران و واشنتن، شەقام و ناو ماڵی سوننەیشی لەسەربێت.
هەرچی کوردە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستهێناوە و لە خولەکانی پێشوودا پۆستی سەرۆک کۆمار و جێگرانی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پۆستە وزاری و سیادییەکان لای ئەوان بووە، بە هەمانشێوە ناکۆکیان هەیە و نەیانتوانییوە بەربژێری سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی زیاتر 14 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، نەیانتوانیوە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش پێکبهێنن و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ناکۆکن، ئەو ناکۆکیانە درێژ دەبێتەوە بۆ بەغداد و کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی عێراقیش هەیە لەنێوانیاندا.
واشنتن لەسەر هێڵە
لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، واشنتنیش لەسەر هێڵە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێداگرە لەسەر دوورخستنەوەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت لە پرۆسەکە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت چەک بەدەستی دەوڵەتەوە بێت.
ئەمەریکا هەڕەشەی خنکاندنی ئابوری عێراق دەکات، ئەگەر گروپە چەکدارەکان لە پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت دوورنەخرێنەوە، پەیامی واشنتن لە رێگەی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق چەند جارێک گەیشتووە: "چەک بە دەستی دەوڵەتەوە بێت و گروپە چەکدارەکان کە سەر بە ئێرانن بەشێک نەبن لە پرۆسەکە."
دادگای فیدراڵی دادوەری بێ رۆڵ
دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک و دەستەی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پێچەوانەی سەرۆک و دەستەی پێشوو کەمتر دەستوەردان لە کاروبارەکان دەکەن و تەنانەت خۆیان دوورە پەرێز دەگرن لە زۆر بابەت.
دەستوریش سەرەڕای ئەوەی خشتەی کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و سێ سەرۆکایەتییەکەی دیاریکردووە، بەڵام هیچ رێکارێکی یاسایی دیاری نەکردووە لە حاڵەتی پابەند نەبوون بە کاتەوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، بۆ ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار بدات، یان لایەنە سیاسییەکان پەنای بۆ ببەن.
دادگای فیدراڵی، لە دۆسیەی فراکسیۆنی گەورە، یان زۆرینەی پەرلەمان دەتوانێت بڕیاری کۆتایی بدات، بە تەفسیرکردنی دەقە دەستوری و یاساییەکان و دەسەڵاتی سێ سەرۆکایەتییەکە، بەڵام تائێستا سەرەڕای دواکەوتنی ئەو خشتەیەی دانراوە، نەیتوانیوە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، یان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات لەکاتی سڕبوونی پرۆسەی سیاسی.
هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە
خشتەی کاتی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستی پێکردووە، ناوماڵی شیعە، کورد و سوننە پەرتەوازەیە، شەقام تاڕادەیەک بێدەنگ و تەماشاکارە، فشارەکانی ئەمەریکا بەردەوامە، بۆیە چەند هەفتەی داهاتوو بۆ عێراق تاقیکردنەوەیەکی قورسە، کە تاچەند پابەندی دەستور و ماوەی دیاریکراو دەبێت، یان ئەم خولەش بە دەردی خولەکانی پێشوو دەچێت و پرۆسەکە ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت و هیچ کاردانەوەیەکی راستەوخۆی یاسایی، سیاسی و ناوخۆی و دەرەکی نابێت بۆ فشار خستنە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ پابەندبوون بە دەستور و بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکانەوە.
