
سبەی
سەرەرای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەپاندنی سزای بەسەر 185 کەشتیی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەرکرد، بەڵام فرۆشتنی نەوت بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی تاران رووینەداوە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی پرسیارێکی گرنگ، ئایا ئەمەریکا دەتوانێت لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و سزادانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان فرۆشتنی نەوتی ئێران ڕابگرێت؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوابەدوای هاتنەوە سەر دەسەڵات زنجیرەیەک سزای ئابووری چڕی بە مەبەستی سنووردارکردنی فرۆشتنی نەوت بەسەر ئێراندا سەپاندوە. تا دێت ئەم سزایانە توندتر دەبنەوە، لە دوایین هەنگاوەکانیشدا ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە لە رێگەی دۆزینەوەی ئەو رێگایانەی کە حکومەتی ئێران بۆ دەرباز بوون لە سزاکانی ئەمەریکا گرتوویەتەبەر لەوانەش گواستنەوەی نەوت لە رێگەی کەشتیەگەلێک بە ئاڵای وڵاتانی دیکەوە، فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ کەمترین ئاست دابەزێنێت.
خەزێنەی ئەمەریکا: هەوڵ دەدەین کۆتایی بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بهێنین
جۆن هێرلی، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ تێرۆریزم و هەواڵگری دارایی بە کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی راگەیاندوە: ئەمەریکا رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و هەوڵ دەدات داهاتی نەوتی ئێران ببڕێت، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و ئەتۆمییەکانی بەکاردەهێنرێت.
لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات، ئیدارەکەی زیاتر لە 185 کەشتیی گەمارۆداوە کە بەشدارن لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، ئەمەش هەنگاوێکە وەک بەشێک لە سیاسەتی "زۆرترین فشار" لە دژی ئابووری وڵاتەکە سەیر دەکرێت.
لە دوایین هەنگاویشدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی دووەم، 29 کەشتی دیکەی پەیوەست بە کارەوانی سێبەری ئێرانی (کەشتییە نەوتهەڵگرکان بە ئاڵایەک جگە لە ئاڵای ئێران) سزادا بەهۆی ئەوەی لەو رێگەیەوە هەوڵی دەربازبوون و خۆدزینەوە لە سزاکان دەدرێت و رۆڵیان لە هەناردەکردنی نەوتدا هەبووە.
"گەمارۆکانی سەر فرۆشتنی نەوت نەیتوانیوە سیاسەتەکانی ئێران بگۆڕێت"
سەرەرای ئەم هەوڵ و هەنگاوانەی گیراوەتە بەر بەڵام پرسیارەکە هەر ماوەتەوە، ئایا گەمارۆکانی سەر کارەوانی کەشتی نەوتهەڵگری سێبەری ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری وڵات هەبووە و ئەگەر هەبووە، بۆچی تا ئێستا نەبووەتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی تاران؟
"چین کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێرانە"
لای خۆیەوە هۆمایون فەلەکشاهی، شارەزای باڵای کۆمپانیای کلیر بۆ پرۆسێسکردنی داتاکانی نەوت، لە گفتۆگۆیەک لەگەڵ کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەو هەنگاوانە بۆ کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن پاڵاوگە تایبەتەکانی چین دەگەڕێنێتەوە.
بە وتەی ئەو شارەزایە، ئێران لەرێگەی فرۆشتینی نەوت بە داشکانێکی بەرچاو ئەم کۆمپانیا چینیانە هان دەدات بۆ کڕینی نەوتەکەی و رادەی قازانجی ئەو کۆمپانیایانە بە جۆرێکە کە مەترسی سزاکانی ئەمەریکا بە رژد وەرناگرن.
فەلەکشاهی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەمەریکا لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆکانی بۆ سەر بەشێک لە کۆمپانیا و تانکەرەکان، دابینکردنی خزمەتگوزاری دارایی، بانکی و بیمەی قورستر کردووە و لە ئەنجامدا کڕینی نەوتی ئێران کەمبووەتەوە.
ئەو شارەزایەی بواری نەوت ئاماژەی بەوەدا، هەناردەی نەوتی ئێران لە نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل دابەزیوە و تەنیا نیوەی ئەو کەمبوونەوەیە راستەوخۆ بۆ سزاکان دەگەڕێندرێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە ئومێد شوکری، ستراتیژیستی وزە و مامۆستای زانکۆی جۆرج مەیسۆن، دەڵێت: "ئێران بە شێوازی جۆراوجۆری وەک گۆڕینی ئاڵای کەشتییەکان، لەکارخستنی یان دەستکاریکردنی سیستەمی بەدواداچوونی رێڕەوی کەشتییەکان، گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەک بۆ کەشتیەکی دیکە هەوڵی خۆدرەبازکردنی سزاکان دەدات".
بە ووتەی شوکری: "گەمارۆ نەوتییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە تاران ناچار بکەن گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات، بەوپێیەی کۆماری ئیسلامی توانیویەتی کڕیاری سەرەکی خۆی کە چینە بپارێزێت، لە کاتێکدا هەماهەنگییە نێودەوڵەتییە لاوازەکان و جێبەجێنەکردنی تەواوەتی سزاکان کاریگەریی تەواویان کەمکردووەتەوە".
سەرەڕای ئەمەش سزاکان لە ڕیگەی زیادکردنی تێچووی گواستنەوە، بیمە و خزمەتگوزارییە داراییەکان، مەترسی گواستنەو و کرینی نەوتی ئێرانی بردوەتە سەرەوە و زیادی کردوە.
ئەمەریکا دەتوانێت لە رێگەی گەمارۆی دەریایی هەناردەی نەوتی ئێران بوەستێنێت؟
ترامپ فەرمانی گەمارۆدانی سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوەکانی ڤەنزوێلای دەرکرد کە دەچنە ناو ڤەنزوێلا یان دەچنە دەرەوە. ئایا ئێران دەتوانێت روبەڕوی سیناریۆیەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا ببێتەوە، کە بە شێوەیەکی کاریگەر نەتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات؟
فەلەکشاهی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت: "تەنانەت لە دۆسیەی ڤەنزوێلاشدا هەموو هەناردەکردنی نەوت رانەگیراوە و تەنیا گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تانکەرە سزادراوەکان قەدەغەکراوە، رێوشوێنێک کە نزیکەی لەسەدا 30 بۆ 40ـی ئەو کەشتیانەی لە ڤەنزوێلا کاردەکەن دەگرێتەوە."
بە ووتەی ئەو شارەزایە؛ ڤەنزوێلا هێشتا بەشێک لە نەوتەکەی هەناردەی ئەمەریکا دەکات، چونکە پاڵاوگەکانی ئەمەریکا پێویستیان بە نەوتی زۆر قورسی ئەو وڵاتە هەیە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ڤەنزوێلا لە ئێستادا نزیکەی 750 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە دەکات، لەو ژمارەیەش نزیکەی 300 هەزار بەرمیل رەوانەی چین دەکرێت.
بە ووتەی فەلەکشاهی، دووپاتکردنەوەی سیناریۆی ڤەنزوێلا بۆ ئێران قورسترە، چونکە نزیکەی لەسەدا 70 بۆ 75ـی کەشتییەکانی هەڵگری نەوتی ئێران کەوتوونەتە ژێر سزا و هەر چالاکیەکی سەربازی یان گەمارۆی دەریایی لە کەنداو بە وەڵامدانەوەی توندتر و تێچووی زۆرتر بەرەوڕوو دەبێتەوە.
ئەو شارەزایە پێیوایە ئەمەریکا هەوڵدەدات وردە وردە فشارە ئابوری و سەربازییەکان بۆ سەر ڤەنزوێلا زیاد بکات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی بازدانێکی بەرچاو لە نرخی نەوتی جیهانیدا، بەڵام جێبەجێکردنی سیاسەتێکی لەو شێوەیە دژ بە ئێران دەتوانێت نرخی نەوت بە بڕی 10 بۆ 15 دۆلار بەرزبکاتەوە، ئەمەش ناتەبایە لەگەڵ پێویستی ئیدارەی ترەمپ بۆ پاراستنی نزمیی نرخی سووتەمەنی لە پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی 2026.
ئومێد شوکری لەو بارەیەوە دەڵێت: گەمارۆدانی تەواوەتی دەریایی بۆ سەر ئێران، هاوشێوەی ئەو کردەوەیەی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە دژی ڤەنزوێلا، بەهۆی هەڵکەوتنی ستراتیجی ئێران لە گەرووی هورمز، ئاڵۆزی و قەبارەی کەشتی سێبەری ئێران و توانا سەربازییەکانی، تێچووی زۆر و مەترسیدار دەبێت و پێناچێت بتوانێت بە تەواوی فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین رابگرێت.
هاوکاری نێوان ئێران و کەشتی نەوتهەڵگری سێبەری روسیا
بە گوێرەی شارەزایانی نەوت هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی تۆڕێکی شاراوە و "کەشتی نەوتهەڵگری سێبەر"ـەوە بەڕێوەدەچێت کە بە کوژاندنەوەی سیستەمی شوێنپێهەڵگرتن و گواستنەوەی نەوت لە نێوان کەشتییەکان و گۆڕینی ناو و ئاڵای بەردەوام کار دەکات.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان روسیا و ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت، ئومێد شوکری دەڵێت: هەرچەندە ئێران و روسیا لە هەندێک کاتدا لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024 هاوکاریان کردووە لە ئاڵوگۆڕی هەندێک شێوازی دەربازبوون لە سزاکان، بەڵام چڕبوونەوەی سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا و کێبڕکێ بۆ بازاڕی چین ئەم هاوکارییە سنووردار کردووە و هەردوو وڵات تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیانە مامەڵەیان کردووە.
