
مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا
سبەی
مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، لە وتارێکدا لە فۆکس نیوز، ئاماژەی بە قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی کردوە و جەختی لەوە کردووەتەوە ئێران لە ئێستادا تا ئەوپەڕی لاواز بووە و پێویستە ئیدارەی ترەمپ لە رێگەی زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر حکومەت و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کار ئاسانی بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی بکات.
لە کاتێکدا کە حکومەتی ئێران لە خراپترین دۆخی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە، هاوکات فشارەکانی ئەمەریکا بۆ ناچارکردنی تاران بە دەستهەڵگرتن لە بەردەوام بوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە بەرپرسانی ئەمەریکی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکیشەوە باسیێکیان لە هەوڵدان بۆ گۆرێنی رژیمی سیاسی لە ئێران نەکردوە، لەبەرانبەردا بەشێک لە بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا لەوانەش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپ داوای کردوە، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت پێویستە ئەمەریکا لە رێگەی فشاری ئابوری و پشتیوانی کردنی خەڵکی ئێران هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بدات.
پۆمپیۆ: پێویستە ئەمەریکا یارمەتی خەڵک بدات بۆ روخاندنی رژێم
پۆمپیۆ لە بەشێکی وتارەکەیدا کە لە فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و شەڕی 12 رۆژە نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی چیتر ئەو دەسەڵاتە ناوچەییە نییە کە جاران هەیبوو، ئێستا لە هەموو بەرەیەکیشدا روبەڕوی قەیران بووەتەوە. ژێرخانی سەربازیی ئێران لاواز بووە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. تۆڕی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە بە "بەرەی مقاوەمە" ناسراوە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە رادەیەکی بەرچاو تووشی دارمان بووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا پۆمپیۆ تیشک دەخاتە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و بە سەرنجدان بە دەیان قەیران کە حکومەت لەم ساڵانەدا رووبەرووبووەتەوە لەوانەش دۆخی خراپی ئابوری و هەڵاوسانی لە رادەبەدەر، گەندەڵی و گۆشەگیری و پەراوێزخرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەوروەها قەیران سروشتییەکان لەوانەش قەیرانی ئاو و وشەکەساڵی بووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا لەو باوەڕەدایە حکومەت رەوایەتی و شەرعیەتی خۆی لای هاوڵاتیان لەدەستداوە و تەنها ئامرازێك کە حکومەت لە ئێستادا بەدەستیەوە ماوەتەوە سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی ناڕازییە لە رێگەری ئەو ئامرازانەی بەدەستییەوە ماوەتەوە بۆ ترساندنی زیاتری خەڵک.
پۆمپیۆ: جێگرەوەی حکومەتی ئێران بوونی هەیە
پۆمپیۆ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رەخنە لەو روانینەی حکومەتی ئەمەریکا دەگرێت کە هیچ جیگرەوەیەک بۆ حکومەتی ئێستای ئێران نییە و نکۆڵی لە بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو و دیموکراتیک دەکات و دەڵێت: "ئەم تێڕوانینە لە هەموو رویەکەوە درۆیە و چاوپۆشی لە خواستی ملیۆنان ئێرانی دەکات کە گیانی خۆیان خستۆتە مەترسی بۆ دەستەبەرکردنی گۆڕانکاری."
مایک پۆمپیۆ، کە لە سەردەمی یەکەم ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وەزیری دەرەوە بوو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گەلی ئێران لە شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی راپەڕینەکاندا زۆر بە ڕوونی حەز و ئارەزووی خۆیان دەرخستووە.
پۆمپیۆ بە وەبیرهێنانەوەی روخانی دیواری بەرلین و لەناوچوونی دەسەڵاتی کتوپڕی رژێمی بەشار ئەسەد جەخت لەوە دەکاتەوەو کە کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ لە هەمان دۆخی پێش روخاندایە و ئاماژەکانی ماندووبوون و بێزاری کۆمەڵگاکەی لە حکومەت پێوە دیارە.
مایک پۆمپیۆ، کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەومپ لە کۆشکی سپی وەک یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران ناسراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاری ئەمەریکا ئەوە نییە کە ساتەوەختی وردی داڕمانی حکومەتی ئێران پێشبینی بکات، بەڵکوو پێویستە ئامادەکاری بۆ ئەوە بکات کە روخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا نەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئیدارەکە دەستبەرداری شێوازە شکستخواردوکانی رابردووی بێت و رێبازێکی واقیعی پەیرەو بکات.
پۆمپیۆ: رووخانی حکومەتی ئێران گۆڕانکاری راستەقینە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئێستا کاتی ئەوەیە واشنتن یارمەتی روخانی حکومەتی ئێران بدات و لەو رێگەیەوە گۆڕانکاری راستەقینە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بخوڵقێنێت.
پۆمپیۆ جەختی کردووەتەوە، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت گۆڕانکاری لە ئێران بهێنێتە ئاراوە و ئەمە کاری گەلی ئێرانە.
لە کۆتاییدایی وتارەکەشیدا وەزیری پێشووی دەرەروەی ئەمەریکا نوسیوویەتی: دەتوانرێت لە رێگەی زیادکردنی فشاری دەرەکی و پاڵپشتی لە خواستی گۆڕانکاری، یارمەتی هاوڵاتیانی ئێران بدرێت کە بەدوای ئایندەیەکی ئاشتیخوازانە و دیموکراسی و پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوادا دەگەڕێن.
