
مێحراب عەبدوڵڵازادە
سبەی
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان ئاشكرایكردووە، سزای لەسێدارەدانی بەشداربوویەكی خۆپیشاندانەكانی"ژن ژیان ئازادیی" لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندكراوە و ئەو زیندانییە سیاسییە لە ئێستادا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.
رێكخراوی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە:" لە لایەن لقی نۆی دیوانی باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەشداربوویەكی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بە ناوی مێحراب عەبدوڵڵازادە پەسەندكرا كە پێشتر لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەسەریدا سەپێندرابوو".
وەك ئەو رێكخراوە دەڵێت:"ئەو زیندانییە سیاسییە كوردە بە تۆمەتی بەشداریكردن لە كوشتنی بە ئەنقەست، سزای بەسەردا سەپێندراوە، لە ئێستادا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە".
رێكخراوی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان نوسیویەتی: "رۆژی 22ـی تشرینی یەكەمی 2022، مێحراب عەبدوڵڵازادە لەدایكبووی 1998 و خەڵكی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، وەك یەكێك لە بەشداربووانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی" لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر كرا و بۆ زیندانی ورمێ گواسترایەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژ خرایە بەر ئەشكەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاكوو بە زۆر دان بە بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان و بەشداریكردن لە كوشتنی ئەندامێكی هێزەكانی بەسیجدا بنێت".
"بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركراو كە دیمەنی كوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەكانی بەسیجی تێدایە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی رووداوەكەدا نەبووە". تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان وا دەڵێت.
"شۆڕشی ژینا-مەهسا ئەمینی یان شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی"
لە (16ـی ئەیلولی 2022) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و جوڵانەوەیەكی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستیپیكرد كە دواتر بە شۆڕشی ژینا-مەهسا ئەمینی یان شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ناوبانگی دەركرد.
دوای هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی سەقزی لە تاران ناڕەزایەتییەكان دەستیپێكرد تەنها چەند كاتژمێرێك دوای دەستگیركرانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی ئێران هەواڵی مەرگی بڵاوكرایەوە.
كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی ژینا لە سەقز جوڵانەوەكە بڵێسەی سەند
یەكەمین گردبوونەوە ناڕەزایەتییەكانی لە (15ـی ئەیلولی ساڵی 2022) لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی كە ژینا ئەمینی تێیدا گیانی لەدەستدا (نەخۆشخانەی كەسرا) لە تاران ئەنجامدرا، رۆژانی دواتر و كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی ژینا لە سەقز بە خوێندنەوەی دروشمی ژن ژیان ئازادی جوڵانەوەكە بڵێسەی سەند و لە 31 پارێزگای ئێران بڵاوبووەوە و زیاتر لە چوار مانگ بەردەوام بوو.
حكومەتی ئێران هەرگیز دانی بە ناڕەزایەتیانەدا نەنا و خۆپیشاندەرانی سەركوت كرد و سەدان كەسی كوشت و هەزارانی دیكەشی بریندار كرد و سەدانیش دەستگیركران. بەپێی راپۆرتی كۆمیسیۆنی دۆزینەوەی راستییەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی ئێران بۆ سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان پەنای بۆ تاوانەكانی وەك كوشتن، ئەشكەنجەدان و دەستدرێژی بردووە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
لەو رۆژانەدا ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران شاهیدی گەورەترین و درێژخایەنترین خۆپیشاندانی دژ بە حكومەت بوو كە پشتیوانی بەربڵاوی ئێرانییەكانی دەرەوەی وڵات و هاوپشتی حكومەتەكان و كەسایەتییە دیارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زانستی و هونەری لە سەرانسەری جیهانی لێكەوتەوە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەم ناڕەزایەتیانە لە دوای شۆڕشی 1979ـەوە گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر حكومەت. سەركوتكردنی لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە - كە بە "ئاژاوە" ناوی دەبرد - لە كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكانەوە ئیدانە و كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێكهێنانی لیژنەی دۆزینەوەی راستییەكانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی خۆپیشاندەران و كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆمیسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ باری ژنان، هاوكات خۆپیشاندان لە زیاتر لە 150 شاری جیهان بەڕێوەچوو.
سەدان خۆپیشاندەر كوژران و هەزاران كەسیش دەستگیر و زیندانی كران
لە كاتی سەركوتكردنی توندوتیژانەی هێزە چەكدارەكانی حكومەت، سەدان خۆپیشاندەر كوژران و هەزاران كەسیش دەستگیر و زیندانی كران. پێكدادانەكان لە سیستان و بەلووچستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی ئێران كوشندەتر بوون.
بەپێی راپۆرتی (بی.بی.سی) 511 كەس لە نێوانیاندا 143 كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان و تەنها لە هەینی خوێناوی زاهیدان نزیكەی 90 كەس كوژران.
جوڵانەوەی ژینا خوێناویترین ناڕەزایەتی دژ بە حكومەت بوو لە ئێران لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی دووەمی 2019 كە زیاتر لە هەزار و 500 كەسی تێیدا كوژران.
حكومەتەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان بەكارهێنانی توندوتیژیی لە رادەبەدەر هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیان لە دژی خۆپیشاندەران ئیدانە كرد.
