سۆمۆ: کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم پابەندن سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراویان رادەست بکەن

#سۆمۆ#نەوت#هەرێمی کوردستان#وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#هەناردەکردنی نەوت#دی ئێن ئۆ
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆمپانیا سۆمۆ رایگەیاند: پابەندن جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەردەوامیدان بە بارکردن و گواستنەوەی نەوتی خامی هەرێم بەبێ پچڕان
  • سەرجەم ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کاردەکەن پابەندن سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراویان رادەستی سۆمۆ بکەن بۆ هەناردەکردن
Primary Asset

سبەی

کۆمپانیا سۆمۆ رایگەیاند: پابەندن جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەردەوامیدان بە بارکردن و گواستنەوەی نەوتی خامی هەرێم بەبێ پچڕان. رایدەگەیەنن سەرجەم ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کاردەکەن پابەندن سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراویان رادەستی سۆمۆ بکەن بۆ هەناردەکردن.

کۆمپانیا بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز دەداتەوە سەبارەت بە کۆمپانیای (دی.ئێن.ئۆ)ـی نەرویجی و رایدەگەیەنێت: پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

سۆمۆ، جەختی کردوەتەوە هەڵەکانیان بەردەوامە بۆ گرەنتیکردنی پرۆسەکانی بارکردن و پارێزگاری لە بەردەوامی ناردنی نەوتی خامی هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان، سەرەڕای ئاڵنگارییە لۆجستی و توانا سنوردارەکان و روبەڕی کۆگاکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا.

کۆمپانیای سۆمۆ وەڵامی ئەو راپۆرتەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەداتەوە سەبارەت بە کۆمپانیای (دی.ئێن.ئۆ) کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات و لەئێستادا راستەوخۆ بەشداریی لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ناکات و سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا و لە دەرەوەی رێککەوتنی ئەو دواییەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان. 

کۆمپانیای سۆمۆ جەختی کردوەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندینجار جەختی کردوەتەوە، پابەندە بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە. 

ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندن بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە خامەی بەرهەمیدەهێنن بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق، جگە لەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم.

کۆمپانیای سۆمۆ پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە بە بنەمای شەفافیەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری پرۆسەی هەناردەکردن و بەرژەوەندی گشتی.

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025)، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکرد، بەپێی رێککەوتنەکە ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت هەناردە دەکرێت و 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەش بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم بەکاردەهێنرێت.

دی ئێن ئۆ: 500 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە

ئەوە لەکاتێکدایە لە (11ـی کانوونی یەکەمی 2025)، کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی (DNO) لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا بڵاوی کردەوە، کارەکانی لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 500 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.

کۆمپانیاکە بڵاوی کردەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە راگرتنی خەرجییەکانی، هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی هەڵکەندنی هەشت بیرە نەوتی نوێ دەستپێدەکاتەوە لە کێڵگەی تاوکێ بەپێی مۆڵەتەکەی کە تا کۆتایی ساڵی 2026 دەخایەنێت. بە ئامانجی زیادکردنی 25%یـ بەرهەمهێنان و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

بیژەن موسافیر رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیا نەرویجییەکە رایگەیاندووە: سەرەڕای وەستاندنی هەڵکەندنی نوێ دوای داخستنی بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023 و دابەزینی بەرهەمەکان و داهاتەکان، هێشتا رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.

دی ئێن ئۆ: هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە بەرهەمهێنانی رۆژانە دەگەیەنین بە 100 هەزار بەرمیل

رۆژی (21ـی ئابی 2025) کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO)ـی نەرویجی، راپۆرتی چارەکی دووەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئاستی قازانجی کۆمپانیاکە 37% بەرزبووەتەوە گەیشتوەتە 258 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی. پلانیان هەیە لەگەڵ کەوتنە کاری بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکەنەوە.

وەک لە راپۆرتەکەی دی ئێن ئۆدا هاتووە، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان 56 هەزار و 100 بەرمیل بووە، بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 5 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە کەمی کردووە، بەرهەمی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 61 هەزار و 561 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ لە کێڵگەی تاوکێ بە تێکڕا رۆژانە 21 هەزار و 978 بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە ئەو رێژەیە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بووە بە 20 هەزار و 955 بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ئاستی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی پێشخاپووریش دابەزیوە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 39 هەزار و 583 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بۆ 35 هەزار و 115 بەرمیل کەمی کردووە.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەکانی تاوکێ، پێشخاپوور و بەعشیقە کار دەکات. ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ، 20 هەزار 955 بەرمیلی رۆژانە بووە، لە پێشخاپوور 35 و 115 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی بەعشیقە سفرە.

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 

رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێکردەوە.

وەزارەتی نەوت بڵاوی کردەوە؛ پڕۆسەکە بەبێ هیچ گرفتێکی هونەری دەستیپێکردووەتەوە، کە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە گەورەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاو و گرنگە بەرەو باشترکردنی بەڕێوەبردنی سامانە نیشتیمانییەکان لەڕێگەی گیانی هاوبەشی و هەماهەنگییەوە، بەشداریکردنە لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی.

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم

رۆژی (25ـی ئازاری ساڵی 2023) هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.

حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.

راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.

نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی