
گوڵستان كلچ كۆچیگیت
سبەی
گوڵستان كلچ كۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا، رەخنەی لە بودجەی 2026 ی توركیا گرت و رایگەیاند "پارەی گەل لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەی ژنان و جوتیاران، بۆ چەك و شەڕ خەرج دەكرێت".
رۆژی 21-12-2025لە پەرلەمانی توركیا، لە كاتی هەڵسەنگاندن بۆ رەشنووسی یاسای بودجە، گوڵستان كلچ كۆچیگیت سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: لە كەمترین مووچەوە تا دەگاتە خانەنشینان و ژنان، كێشەكانیان بەو بودجەیە چارەسەر ناكرێت كە 24 ساڵە ئاكەپە دەیسەپێنێت.
گوڵستان وتیشی: هاووڵاتییان لە هەر چركەیەكدا بڕێكی زۆر باج دەدەن، بەڵام هەڵاوسانی راستەقینە لە بازاڕ و چێشتخانەكاندایە و ژیانی خەڵكی تەنگاو كردووە.
كۆچیگیت دەشڵێت: بودجەی وەزارەتی بیمەی كۆمەڵایەتی و كار بە شێوەی نادادپەروەرانە داڕێژراوە، چونكە ئەو پارەیەی بۆ پاراستنی ژنان تەرخان كراوە زۆر كەمە، ئەمەش وایكردووە كوشتنی ژنان لە زیادبووندا بێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا ئاماژەی بەوەشدا، كورد و عەلەوی ساڵانێكی زۆرە بوونەتە قوربانیی سیستمی پاوانخوازی، بۆیە دەبێت بودجە لەسەر بنەمای یەكسانی دابەش بكرێت نەك بۆ بەهێزكردنی لایەنی سەربازی.
سەبارەت بە چارەسەریی پرسی كورد، كۆچیگیت باسی لەوە كردووە، دامەزراندنی كۆمیسیۆنی دیموكراسی و خوشك و برایەتی و یەكگرتنی نەتەوەیی هەنگاوێكی گرنگە.
"پەرلەمان شوێنی سەرەكیی چارەسەرییە، دەبێت لە رێگەی دیموكراسی و ئازادییەوە كۆتایی بە رژێمی قەیوم بهێنرێت و پەروەردە بە زمانی دایك و دادوەریی سەربەخۆ دابین بكرێت، پڕۆسەی ئاشتی بە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەستی پێكردووە، ئێستا ئەركی دەوڵەت و دەسەڵاتە كە رێكارە یاساییەكان بۆ سەركەوتنی ئەم هەنگاوە دابین بكەن، بۆ ئەوەی ئاشتییەكی هەمیشەیی بە گەرەنتی یاسایی دروست بكرێت و هەموو پێكهاتەكان پێكەوە بژین". گوڵستان كلچ كۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا وا دەڵێت.
11 حزبی توركیا كە بەشدارن لە لیژنە پەرلەمانییەكە راپۆرتی خۆیان ئامادە كردووە
وتەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا لەكاتێكدایە،11 حزبی توركیا كە بەشدارن لە لیژنە پەرلەمانییەكە راپۆرتی خۆیان ئامادە كردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیاز و چوارچێوەی یاسایی لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی پێویستە لەمەودوا بنرێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حزبە جیاوازەكانی بەشدار لە لیژنەكە دزەیان كردووە، راپۆرتەكانیان جیاوازی تێدایە لەبارەی پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" لەگەڵ چوارچێوە یاساییەكەی كە پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت گفتوگۆی راپۆرتی 11 حزبەكە لە نیوەی دووەمی كانوونی دووەمی داهاتوو بكرێت.
نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا كە سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات، رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی توركیا كۆبۆوە كە بەشدارن لە لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی".
دوای كۆبوونەوەكە 11 حزبەكە رایانگەیاند راپۆرتەكانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چوارچێوە یاساییەكەی تەواو كردووە، بڕیاریشیاندا لیژنەیەك بۆ تێكەڵكردنی راپۆرتەكان و ئامادەكردنی یەك راپۆرتی گشتیی پێكبهێنن، تا دواتر رادەستی نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی بكەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی لیژنەی ""هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی" كرا كە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەم وادەكەی كۆتایی یەت، كاتی درێژكردنەوەكەش رەنگە بۆ ماوەی دوو مانگ بێت.
هەڵوێستێكی هەستیارانە
سەرچاوەكان لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ئاشكرای دەكەن، ئامادەكردنی راپۆرتێكی هاوبەش باشترین رەفتاری نمونەیی لیژنەكە دەبێت، بەڵام لە دۆخی نەگەیشتن بە رێككەوتن دەكرێت هەر لایەنێكی سیاسی بە جیا بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو.
هەر بە وتەی سەرچاوەكان، پارتی دادوگەشەپێدان "ئاكپارتی" كە بە هۆشدارییەوە لەگەڵ هەنگاوە یاساییەكان مامەڵە دەكات، چاوەڕێی راگەیاندنی هەڵوێستی سوریایە سەبارەت بە پابەندبوونی هەسەدە بە رێككەوتنی 10 ی ئاداری 2025 سەبارەت بە تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سوپای نوێی سوریا.
هەروەها ئاكپارتی نایەوێت هەنگاوی متمانەپێكراو بۆ پرۆسەكە بنێت، تا بەرپرسانی باڵای حكومەتی توركیا لەوانەش هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی دڵنیایی دەدەن لەوەی پرۆسەی "چەكدانانی پەكەكە" تەواو بووە. ئەمەش بەوتەی سەرچاوە توركییەكان.
سەبارەت بە ئەندامانی پەكەكە كە بەوتەی بەرپرسانی توركیا لە "تاوان" تێوەگلاون، ئاكپارتی پێی وایە پێویستە یاسای سزادانی توركیا جێبەجێ بكرێت، بەڵام دەكرێت سزاكان سوك بكرێن بەشێوەیەك رای گشتیی نەجوڵێنێت.
مافی هیوا
بەڵام پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" لە راپۆرتەكەیدا باس لە یاسایەكی تایبەت بە پرۆسەكە دەكات، دوای دڵنیابوونەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا لە كۆتاییهاتنی "پەكەكە"، هەروەها دواخستنی حوكمی پەیوەست بەو ئەندامانەی پەكەكە كە نەخۆشن یاخود بەتەمەنن، لەگەڵ هەنگاو نان بۆ ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان، لەوانەش سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و كۆتایی هێنان بە سیستمی "قەییوم" كە لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا بگونجێت پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ و دادگای دەستوریی.
سەبارەت بە مافی هیوا، كە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لەكاتی دەستپێشخەرییەكەی بۆ "پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر" لە 22 ی تشرینی یەكەمی 2024 پێشكەشیكرد، راپۆرتەكە ئاڕاستەیەكی هاوتای لەگەڵ ئاڕاستەی پارتی دەسەڵاتدار نیشان داوە، لەو روەوە كە بە مانای ئازادكردنی زیندانیان نییە، بەڵكو كورت دەبێتەوە لە دوبارە هەڵسەنگاندنی سیستمی جێبەجێكردنی سزاكان، سەرچاوەكان وای بۆ دەچن لە دۆخی دەستەبەربوونی ئەو مافە كە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2014 بڕیاری لێداوە سەبارەت بەو كەسانەی 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندانی هەتاهەتایی بەسەر بردووە، بەوشێوەیەش 230 زیندانیی سودمەند دەبن لێی لەوانەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە.
چاكسازیی دیموكراتی
پارتی دیموكراتی و یەكسانیی گەلان "دەم پارتی" لە راپۆرتەكەیدا پرۆسەكەی ناوناوە "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی" هاوشێوەی ناونانی ئۆجەلان بۆ پرۆسەكە، نەك "توركیای بێ تیرۆر" كە حكومەت ناوی لێناوە.
دەم پارتی لە راپۆرتەكەیدا دوای دانانی "یاسای ئاشتی" دەكات لەگەڵ گرەنتی "هاوڵاتی یەكسان" و پێداچوونەوە بە حوكمە ناوخۆییەكان لەسەر حسابی دەوڵەتی نەتەوەیی، لەگەڵ كۆتاییهێنان بە سیستمی "قەییوم" لەسەر شارەوانییەكان كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی بەشێكیان دوورخراونەتەوە، لەگەڵ رێگەدان بە فێربوونی زمانی دایك "كوردی" و گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی كە بنەماكەی یەكسانی بێت و لە دەستوردا جێگە بگرێت.
دەم پارتی داوای جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارەكانی دادگای ئەوروپاش دەكات بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەگەڵ دادگای دەستوری تایبەت بە ئازادكردنی زیندانیانی سیاسیی، هەروەها گرەنتیكردنی "مافی هیوا" بەشێوەیەك عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بگرێتەوە.
بەڵام پارتی گەلی كۆماریی "جەهەپە" كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە راپۆرتەكەیدا پێشنیازی كردووە هەمواری 29 ماددەی دەستوری بكرێت و چاكسازیی دیموكراتییان تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە "كێشەی كورد" چارەسەر بكرێت و ببێتە جێگرەوەی یاسای پرۆسەی ئاشتی.
بە هەمانشێوەی دەم پارتی، جەهەپەش داوا دەكات دانانی قەییوم كۆتایی پێبهێنرێت و زیندانییە سیاسییەكان ئازاد بكرێن، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی دوورخراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ، كە بەتۆمەتی گەندەڵی و چەند تۆمەتێكی دیكە لە ئاداری 2025 ەوە دادگایی كردنی دەستیپێكردووە و لە زینداندایە.
