
پۆلیسی بەرلین
سبەی
لە گەڕەکێکی ئارام و بێدەنگی بەرلین، دەنگی گوللـە ئارامی گەڕەکەکەی شێواند، زیاتر لە 20 گوللـە تەقێنران، بەڵام جامی گولنەبڕ سەرۆک هۆزێکی کوردی لە مردن رزگار کرد. پۆلیس سەری لە ئازایەتی ئەنجامدانی تەقەکردن بە رۆژی روناک سوڕماوە و بەدوای ئەنجامدەرانی تاوانەکەدا دەگەڕێت.
ئاژانسی هەواڵی دوێچە ڤێلە (دی دەبلیو) بڵاوی کردەوە، پێشنیوەڕۆیەکی ئارام لە گەڕەکی لیشتیرفیڵدەی بەناوبانگ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا گۆڕدرا بۆ ئاڵۆزی و پشێوی، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو 20 گوللـەیان نا بە ماڵی پیاوێکی خاوەن کاری بەناوبانگ و سەرۆک هۆزێکی کورد بەناوی "میهمەت.ک" لەکاتێکدا نەخۆش بوو لەسەر جێگاکەی کەوتبوو. بەڵام بەهۆی پەنجەرە گوللـەنەبڕەکانی ماڵەکەیەوە لە مردن رزگاری بوو.
هێرشی چەکداری بە رۆژی روناک
رۆژنامەی بەرلینەر تساویتۆنگ بڵاوی کردەوە، هێرشەکە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە (17ـی کانوونی یەکەمی 2025) رویداوە، دوای چەند کاتژمێرێک میهمەت "محەمەد" بێدەنگی شکاند و لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە: "دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە و خۆم و خێزانەکەم لەو هێرشە سەلامەت بووین."
سەرۆک هۆزە کوردەکە، روبەڕووی ئەنجامدەرانی کردەوەکە رایگەیاندووە: لە هەموو تەمەنمدا نەترساوم، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردووم ئەوەیە ئەو کردەوە ترسنۆکانە کراوەتە سەر ماڵێک کە هاوسەر و منداڵەکانم تێیدا دەژین.
پەیامی ئاراستەی تەقەکەرەکان کردووە و دەڵێت: "ئاوا تەقە دەکەن لە ماڵێک کە ژن و منداڵی تێدایە، ئەگەر پیاون روبەڕوی خۆم ببنەوە."
نیو ملیۆن یۆرۆ خەڵات
لە هەنگاوێکدا کە رۆژنامەکانی ئەڵمانیا وەک مەترسیدار بڵاویان کردووەتەوە، میهمەت خەڵاتی 500 هەزار یۆرۆی دیاریکردووە بۆ ئەو کەسەی زانیاریی پێبدات لەسەر کردەوەکە کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان و دەشڵێت: "ئەو دیمەنانە بڵاودەکەمەوە کە چۆن لە ترسدا وەک مشک هەڵدێن."
کێ دەیەوێت میهمەت بکوژێت
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە روداوەکە بەردەوامە و پۆلیس بڵاوی کردەوە، تۆمەتبارەکان شارەزای شوێنی ماڵەکە بوون و پێشتر چوونەتە ناوچەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتن بەشداریی دۆسیەکە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی سەندیکای پۆلیس هۆشداریی داوە لەوەی تاوانی رێکخراو لە بەرلین بەشێوەیەکی مەترسیدار تەشەنەی سەندووە.
ئەو سەرۆک هۆزەی هێرش کراوەتە سەری، کەسێکی دەوڵەمەند سەرمایەدارە، خاوەنی چێشتخانە و هۆڵی یارییە و بەوتەی پۆلیس "دوژمنی زۆرە".
ئاژانسەکە ئەڵمانییەکە پرسیاری ئەوەی کردووە، کێ لە پشت ئەو هێرشە ئازایانەوەیە لە رۆژی نیوەڕۆدا، ئایا شەڕی هەژموونی نێوان هۆزەکان بووە یان پاکتاوی ناکۆکی کەسیی بووە.
