ژنە ئەفسەرێکی ئەمەریکی بۆ چەکپێدانانی گروپە چەکدارەکان لە بەغداد و هەولێرە

#ستیفان باگلی#بەغداد#هەولێر#عێراق
2 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • لە چوارچێوەی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و بۆ چەکداماڵینیان، ئەفسەرێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر کوبووەتەوە
Primary Asset

باگلی و یارەڵڵا

سبەی

لە چوارچێوەی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و بۆ چەکداماڵینیان، ئەفسەرێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر کوبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، لە کاتێکدا رۆژئاواییەکان پەیامی خۆیان لەبارەی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە عێراقییەکان گەیاندووە، ستیفان باگلی، پاشکۆی سەربازی لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی بەغداد و هەولێر کۆبووەتەوە.

وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بەپێی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی کە لە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025 پەسەندکراوە و سێ مەرجی تێدایە بە عێراق. 

بەپێی راپۆرتەکەی شەرقلئەوسەت، یەکێک لە مەرجەکان بۆ عێراق، راگرتنی ئۆپەراسیۆنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و لەچەکداماڵینیانە، یەکێکی دیکە لە مەرجەکان بەهێزکردنی پێگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقە وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، سێیەم مەرجیش لێپرسینەوە و سزادانی ئەو گرووپانەن لە ماوەکانی رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. 

سەچاوە رۆژئاواییەکانی بە شەرقلئەوسەتیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ستیفان باگلی ماوەیەکی دیاریکراوی روون بۆ سەرکردە عێراقییەکان دابنێت بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمەریکا. پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2025، لە ماوەی یەک هەفتەدا باگلی دوو جار لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق کۆبوەتەوە.

باگلی لە هەولێر

لە سێی کانوونی یەکەمی 2025، لە وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفان باگلی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە و پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، گفتوگۆی چەندین بابەتیان کردووە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق. هەروەها هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە و بنیاتنانی دەڤەر و فیرقەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. 

وەزیری پێشمەرگە بڵاوی کردەوە: پێویستە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و گرووپە لە یاسادەرچووەکان بەردەوام بێت و فراوانتر بکرێت.

نزیكبوونەوەی گورز؛ پەیامی عەرەبی و رۆژئاوایی هاوكێشەكان لە بەغداد هەڵدەگێڕنەوە

سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" یان راگەیاندووە، حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە چالاکەکان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، پەیامی هۆشداری نائاساییان لە وڵاتانی عەرەبی و دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكانەوە پێگەیشتووە، كە زانیاریی رژدی تێدایە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی گورزی سەربازیی فراوان لە عێراق، بەرپرسێكی عێراقی جەختی کردووەتەوە "دەوڵەتێکی دۆست" بەغدادی لە ناوەڕۆکی هەڕەشەکان ئاگادار کردووەتەوە پێش ئەوەی گرووپە شیعییەکان پەلە بکەن لە سازشکردن.

وەک لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاماژەی پێكراوە، پێدەچێت ئەو گورزانەی لە عێراق دەوەشێنرێت دامەزراوە حکومییەکانیش بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبییەوە هەیە، لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی خاوەن هەژموونی دارایی و سەربازیین، هەروەها پێگەكانی هەڵگرتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك و ناوەندەكانی راهێنانیش بەدەر نابن لە هێرشەکان. پێدەچێت لە ئاستێكی بەرفراوان هەردوو پەیامەکە کاری خۆیان کردبێت، بەوپێیەی لەمدواییەدا راگەیەندراوی لایەنە سیاسییەکان داوایان لە گرووپە چەکدارەکان کردووە "چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت". بەڵام لە هەمانکاتیشدا بۆ جێبەجێکردنی چەکدانانی گرووپەکان داوای کات و ئازادیی مامەڵەیان کردووە، چونکە ئەو پرسە ناکۆکیی ناوخۆیی لەنێو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لێکەوتووەتەوە و تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە.

بە وتەی سەرچاوەكان، ئاستی هەڕەشەكان بەرزبونەتەوە، سەرەتا لەگەڵ ئەو پەیامەی لە دەوڵەتێكی عەرەبییەوە گەیشتووە، كە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەمەریكی و ئێرانیەكاندا پاراستووە، پەیامەكە جەختی لەوە کردووەتەوە "بەغداد نزیکە لەوەی تووشی هێرشێكی سەربازیی هاوشێوەی ئەو هێرشە ببێتەوە کە کرایە سەر مەکتەبی سیاسی حەماس لە ئەیلولی 2025 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر." 

پەیامەكە لایەنەكانی عێراق و حكومەتی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە "ئاستی هەڕەشەکان زۆر رژدە، ئیسرائیلیەكان ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن لەلایەن ئەمەریكاوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبكرێت تا تاكلایەنە پرۆسەی سەربازیی لە عێراق ئەنجام بدەن".

لەوكاتەوەی هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا و دواتریش ئیسرائیل دەستی بە هێرش كردنە سەر غەززە و لوبنان كرد، ئیسرائیل پلانی هەبوو لە وەڵامی مووشەک و درۆنەکانی گرووپە عێراقییەکان، چەند هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر عێراق ئەنجام بدات، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لەماوەی رابردوودا ئەمەریكییەكان رێگرییان لە ئیسرائیل کردووە هێرش بۆ سەر عێراق ئەنجام بدات، لە بەرامبەریشدا فشاریان كردووە تا مەترسیی بوونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت چارەسەر بکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی