
سبەی
تۆڕی هاوپەیمانی 19 لەسەر داوایەکی یاسایی وەزیری تەندروستی لەسەر 54 پزیشکی دانەمەزراوی دەرچووی دەرەوەی وڵات، داوا دەکات لە بری پەنابردن بۆ یاسا، پەنا بۆ گفتوگۆی بابەتیانە ببرێت و وەڵامدانەوەی داوا رەواکانی هاوڵاتیانیش بە رێگا راستەکە دەزانێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025) تۆڕی هاوپەیمانی 19 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی نیشاندا لە داوایەکی یاسایی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دژ بە 54 پزیشكی دەرچووی دەرەوە وڵات.
تۆڕەکە لەسەر زاری ئالان جەلال یەکێک لەو پزیشکانەی سکاڵا دژی تۆمارکراوە، بڵاوی کردەوە: داوا یاساییەكە پەیوەندی بە كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممە، 20ـی تەمموزی ئەمساڵەوە هەیە، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان وەزیری تەندروستی و پزیشكانی دانەمەزراو، لەناو پرسگەی وەزیر، دەمەقاڵێ و پشێوی لە نێوان چەند پزیشكێكی دانەمەزراو و كارمەندانی ئۆفیسی وەزیر دروست بوو، هێرشكرایە سەر ژمارەیەك پزیشك و چەند پزیشكێك بریندار بوون.
ووتیشی: "ئێستا هەر 54 پزیشكەكە داوای یاساییمان لەسەر تۆمار كراوە."
ئەو پزیشكانە نوێنەری 54 دەرچوون كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنیان تەواو كردووە، چەندین جار لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی چالاكییان ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن، بەڵام وەڵامێكی قایلكەریان دەستنەكەوتووە.
لەبارەی ئەو روداوە، رۆژی 20ـی تەمموزی 2025 د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە لێدوانێكی فەرمیدا رایگەیاند: ژمارەیەك گەنج بۆ داواكاری دامەزراندن سەردانی وەزارەتی تەندروستییان كرد، دوای پێشوازیكردن و چاوپێكەوتن و رێزگرتن و گوێگرتن لە داواكاریەكانیان، بەداخەوە لە پرسگە بووەتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ چەند كارمەندێك، پاشان پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان داوە، بۆ ئەم مەبەستە رێككاری یاسایی بەرانبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە بوونەتە هۆی پشێوی.
ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی رێككارەكانی لێكۆڵینەوە، مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە شكۆی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان بگرێت".
لەکاتی رووداوەکەدا، تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بەرانبەر بە پزیشكانی دانەمەزراو لەناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئیدانە كرد، داوایكرد رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرانبەر ئەو كارمەندانە بگیرێت كە بەشەق و بۆكس وەڵامی داواكاری رەوای پزیشكانیان داوەتەوە.
تۆڕی 19 بڵاوی کردەوە، لە بری ئەوە وەزیری تەندروستی داوای یاسایی دژ بە 54 پزیشك تۆمار كردووە و لە نوسراوێكدا كە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ناردووە ئەو رووداوەی بە "نانەوەی ئاژاوەو راگرتنی ئیش و كاری هاوڵاتیان" وەسفكردوە و بۆ سەلماندنی داوا یاساییەكە وەزیر دەڵێت: "چەندین بەڵگە و گرتەی ڤیدۆیی هەیە" و رەوانەی دادگای كردووە.
ئاماژەیان بەوەکردووە، دەكرا وەزیری تەنروستی و ستافەكە سنگییان فراوان بوایە رەخنە و داخوازییەكانیان بەهەند وەربگرن، ئەو گەنجانەی كە بۆ داوای هەلی یەكسان چووبونە ئۆفیسەكەی، دەرگای گفتوگۆی بكردایەتەوە نەك پەنا بۆ دادگا بەرێت، كە دەكرێت خوێندنەوە بۆ پەیامەكەی ئەوە بێت "بە هێزی یاسایی بێدەنگتان دەكەم".
تۆڕی هاوپەیمانی19 جەختدەكاتەوە: یاسا پێویستە بۆ پاراستنی كۆمەڵگا، بەڵام تاكە رێگا نییە كە كەسایەتی گشتی و بەرپرسان پەنای بۆ بەرن، گفتوگۆی بابەتییانە قایلكردنی هاوڵاتیان و وەڵامدانەوەی داخوازییە رەواکانیان رێگا راستەكەیە.



