ساڤایا بۆ تاوتوێکردنی چوار پرس دێتە بەغداد

#مارک ساڤایا#نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق#عێراق#بەغداد
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • ساڤایا بەم نزیکانە بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەگاتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق
  • گفتوگۆکانی ساڤایا لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی عێراقە، لەناویاندا پرسی ئاسایش، هەماهەنگییە ئابوورییەکان، لەگەڵ باسکردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پلانەکان بۆ راهێنان و پێدانى چەک بە هێزە عێراقییەکان
Primary Asset

ترەمپ و ساڤایا

سبەی

چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق بگاتە بەغداد، لەگەڵ هەڵوێستى ئەرێنى بەشێک لە گروپەچەکدارەکان بۆ دانانى چەکەکانیان، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشارەکانى بۆ دوورخستنەوەى گروپەکان لە حکومەتى داهاتوو چڕکردووەتەوە.

کارنامەى ساڤایا لە بەغداد

پێگەى شەفەق نیوزى عێراقى ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە سەرچاوەیەکى باڵاى حکومییەوە گواستییەوە، ساڤایا بەم نزیکانە بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەگاتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی ساڤایا لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی عێراقە، لەناویاندا پرسی ئاسایش، هەماهەنگییە ئابوورییەکان، لەگەڵ باسکردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پلانەکان بۆ راهێنان و پێدانى چەک بە هێزە عێراقییەکان.

چەکداماڵینى گروپەکان

سەردانەکەی نێردەی تابیەتی ئەمەریکا بۆ عێراق لە کاتێکدایە گفتوگۆیەکی گەرم هەیە لەسەر چەکداماڵینی ‌گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی وەک: کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەنسار ئەلئەوفیا و کەتائیبی سەید شوهەدا رایانگەیاند خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی هەبوونی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام گرووپەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵلا و بزوتنەوەى نوجەبا چەک دانان رەتدەکەنەوە.

لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە بەغداد کردووە حکومەت هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام لە روانگەی ئەمەریکییەکانەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵی رژدی نەداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت.

هۆکارى دواکەوتنى سەردانى ساڤایا بۆ عێراق

هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووى دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "شەرقییە" رایگەیاند، هۆکارى دواکەوتنى سەردانى ساڤایا بۆ عێراق ئەوەیە لە ئێستادا رونکردنەوە و وردەکاریی لە ناوەندەکانى بڕیارى ئەمەریکا (دەرەوە، سی ئاى ئەى، پنتاگۆن) لەبارەى دۆخى عێراق وەردەگرێت و زۆربەى کاتەکانى بۆ ئەو پرسە تەرخانکردووە.

وتیشى ساڤایا پەیوەندى لەگەڵ شیعە و کورد و سوننە هەیە و پەیوەندى زۆرى لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعییەکان هەیە کە بەم نزیکانە ئاشکرادەبێت.

بەوتەى زێبارى، هەڵوێستى ئەمجارەى ئەمەریکا لەجارەکانى پێشوو روونترە، مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەماى سندوقەکانى دەنگدان پێکبهێنرێت و دەستوەردان لە پێکهێنانیدا ناکات،بەڵام واشنتن دوو خاڵى سەرەکى بەلایەوە گرنگە، کە بریتین لەسەربەخۆیی حکومەت و نەبوونى گروپەکان تێیدا.

جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر وەزیر لە کابینەى داهاتوودا لەگروپەچەکدارەکان دیارى بکرێت، واشنتن مامەڵەى لەگەڵدا ناکات و ساڤایاش سیاسەتەکانى واشنتن لەو بارەیەوە جێبەجێ دەکات.

پەیامەکانى ساڤایا

لەدواى دیاریکردنى لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە لە  (19ـی تشرینی یەكەمی 2025) وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، ساڤایا بازرگانی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی چەند پەیامێکى لەبارەى عێراق بڵاوکردووەتەوە.

ساڤایا دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە “وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت.”

ساڤایا هەروەها لەپەیامێکى دیکەیدا پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، پێویستە هێزە چەکدارەکانی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی یەک حکومەت و یەک دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبکرێنەوە.

لەدواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنیش، مارک ساڤایا، ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەمەریکا دەستوەردانی دەرەکی لەپڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکات، پەیامێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئاراستەی ئێران کراوە.

ئەو پەیامانە بە ئاماژەیەکى روون لێکدەدرێنەوە بۆ لاپەڕەیەکی نوێى ململانێی هەژموون لە عێراق لە نێوان واشنتن و تاران، بۆ دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگى و هەژموون لە گۆڕەپانی عێراقدا.

لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی عێراقى بە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتووە دەزانێت، ئێران بە هەستیارییەکی بەرچاوەوە چاودێرى دۆخى عێراق دەکات،  لایەنە عێراقییەکانیش لەژێر فشارى تاران و واشنتندا جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی