توێژینەوەی زانستی؛ کاتژمێرەکان لەسەر مەریخ بەراورد بە زەویی خێراترن

#مەریخ#زەویی#کات
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • توێژینەوەیەکی زانستی جیاوازی کاتەکانی نێوان مەریخ و زەوی ئاشکراکردووە، بەجۆرێک کاتژمێرەکان لەسەر مەریخ خێراترن. دۆزینەوەکە گرنگە بۆ ئەرکەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی لەسەر ئەو هەسارەیە.
  • ئاشکراکردنی توێژینەوەکە، لە کاتێکدایە کە هەندێک لە زانیارییەکانی تایبەت بەکات بۆ زانایان ئاشکرایە، وەکو ئەوەی ساڵێک لە مەریخ بەراورد بە زەویی زیاترە و دەگاتە 687 رۆژ، هەروەها رۆژێک لەسەر مەریخ 40 خولەک لە زەوی زیاترە.
Primary Asset

مەریخ

سبەی

توێژینەوەیەکی زانستی جیاوازی کاتەکانی نێوان مەریخ و زەوی ئاشکراکردووە، بەجۆرێک کاتژمێرەکان لەسەر مەریخ خێراترن. دۆزینەوەکە گرنگە بۆ ئەرکەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی لەسەر ئەو هەسارەیە.

دوو توێژەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەکنەلۆجیا لە ئەمەریکا، توێژینەوەیەکیان لەسەر جیاوازی کاتژمێرەکان لەسەر هەردوو هەسارەی زەویی و مەریخ ئەنجامداوە. گرنگی توێژینەوەکە لەوەدایە، کە سوودێکی زۆر بە گەشتەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی لە ناو بۆشایی ئاسمان، بەتایبەتی بۆ هەسارە سورەکە دەگەیەنێت.

لە توێژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کاتژمێر لە سەر مەریخ بە رێژەی 477 مایکرۆ چرکە بەراورد بە کاتژمێر لەسەر زەوی خێراتر دەڕوات. هەرچەندە رێژەکە زۆر کەمە، بەڵام گرنگە، لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لە هەوڵی بێ وچاندایە بۆ ئەنجامدانی یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ. هۆکارەکەشی خراوەتەڕوو، کە پەیوەندی بە جیاوازی هێزی کێشکردن لەسەر زەویی و مەریخەوە هەیە. ئەوەش بەهۆی دووری هەردوو هەسارەکە لە خۆرەوە بە سروشتی دروستبووە.

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە، کاتژمێرەکان لەسەر زەویی بەهۆی کێشکردنی بەهێزیەوە خاوتر دەڕوات، بەراورد بە مەریخ کە کێشکردن لەو هەسارەیەدا بە دووری لە خۆر و زەویی و مانگ کاریگەرە.

باسیش لەوە کراوە پێوانەکردنی کات لەسەر مەریخ، بەراورد بە زەویی و مانگ ئاڵۆزترە و جیاوازیەکە دەگاتە سەدان مایکرۆ چرکە لە ساڵێکی ئەو هەسارەیەدا.

ئاشکراکردنی توێژینەوەکە، لە کاتێکدایە کە هەندێک لە زانیارییەکانی تایبەت بەکات بۆ زانایان ئاشکرایە، وەکو ئەوەی ساڵێک لە مەریخ بەراورد بە زەویی زیاترە و دەگاتە 687 رۆژ، هەروەها رۆژێک لەسەر مەریخ 40 خولەک لە زەوی زیاترە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی