
سبەى
پێش رووخانی رژێمی سەدام حسێن بە چەند هەفتەیەک، پاشای ئوردن پێشنیازی بۆ بەریتانیا کردووە، سيستمى پاشایەتی لە رێگەی بنەماڵەی هاشمییەکانەوە بۆ عێراق بگەڕێتەوە. ئەویش بەپێی بەڵگەنامەکانى بەریتانیا.
ئاشکراکردنی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی بەریتانیا، پەیوەست بە کۆبوونەوەیەکی شا عەبدوڵڵای دووەم لەگەڵ تۆنی بلێر بە ماوەیەک پێش دەستپێکردنی جەنگی دووەمی کەنداو، کە رووخانی رژێمی سەدام حسێنی لێکەوتەوە، مشتومری بەدوای خۆیدا هێناوە و وا لێکدەدرێتەوە، پاشای ئوردن خواستی ئەوە بووە لە رێگەی سیستمی پاشایەتییەوە دەسەڵاتەکەی بگەیەنێتە عێراق، ئەوەش بەپێى رۆژنامەى شەرقولئەوسەت.
لە وەڵامی بەڵگەنامەکاندا، بەرپرسێکی ئوردنی دووپاتیکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئوردن و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پێش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا، پێشنیازی گەڕانەوەی سەردەمی پاشایەتی بۆ عێراق لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن نەکراوە.
بەپێی بەڵگەنامەکان، لە کۆبوونەوەکەدا پاشای ئوردن داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا کردووە رۆڵ بدرێت بە هاشمییەکان، کە پێشتر دەسەڵاتدار بوون لە عێراقدا بەو پێیەى مەلیک فەیسەڵ پاشای عێراق لە بنەماڵەی هاشیمییەکان بووە. لە بەرامبەردا بەرپرسە وتویەتى، لێکدانەوەی هەڵە بۆ بەڵگەکان کراوە، چونکە پاشای ئوردن ئەو بیرۆکەیەی لەگەڵ تۆنی بلێردا باس نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا هاتووە، شا عەبدوڵڵا تۆنی بلێری ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی رووخانی رژێمی سەدام حسێن دەبێتەهۆی ئەوەی، سوپای پاسدارانی ئێران بۆشایی ئەمنی لە عێراق بقۆزێتەوە، هەروەها تاران حزبوڵڵای عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە بیانییەکان دروستبکات.
پێشنیاری چوونەدەرەوەی سەدام حسێن لە عێراق
لە کۆبوونەوەکەدا پاشای ئوردن پێشنیاری چوونەدەرەوەی سەدام حسێنی لە عێراق بۆ بەریتانییەکان خستووەتەڕوو. داواشی کردووە ئەمەریکی و بەریتانییەکان بە پێشنیازەکەی رازی بن.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیش پێشوازی لە بیرۆکەکە کردووە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە، بەریتانیا ئەمەریکا بە تەنیا جێناهێڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا تۆنی بلێر و جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا، بەدوریان زانیووە سەدام حسێن بە پێشنیازی لەو جۆرە رازی بێت.
هەڵسەنگاندنەکانی بەریتانیا بۆ هەڵوێستی ئوردن
بەرپرسە ئوردنییەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەو بەڵگەنامەیەی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن گەورەیان کردووە، تۆماری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سەرەتاییە، کە لەلایەن سکرتێری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە ئامادەکرابوو.
روونیشیکردەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، پێشنیازەکەی شا عەبدوڵڵا بووە بۆ چوونەدەرەوەی سەدام حسێن لە عێراق، ئەویش لە پێناوی رێگریکردن لە جەنگ.
مشتومڕی جەنگ لە ئوردن
لە مانگی ئابی ساڵی 2002 شا عەبدوڵڵای دووەم لەگەڵ جۆرج بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شا عەبدوڵڵا بە جۆرج بۆشی راگەیاند، جەنگ دەرگاکانی دۆزەخ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. سەرۆکی ئەمەریکاشی ئاگادارکردبووەوە لەوەی رووخانی سەدام حسێن، گروپەکانى وەکو قاعیدە بەهێزدەکات و ئێرانیش بە بیانوی پشتیوانیکردنی لە شیعەکان، دەست بەسەر سەرچاوە سروشتییەکانی عێراقدا دەگرێت.
