
زیاتر لە 20 کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ و پۆستى سەرۆک کۆمار بێ ئەنجام بووە
سبەى
دوو بەرپرسى یەکێتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان مەترسی “دابەشبوونەوەى” هەرێمى کوردستان و گەڕانەوە بۆ دۆخى “دوو ئیدارەیی” دەخەنەڕوو، لە ئاماژەیەکدا بۆ پەرەسەندنى ناکۆکییەکانى نێوان حزبەکەیان و پارتى لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ و پۆستەکانى کورد لە بەغداد.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى رۆژى سێشەممە لەسەر هەژمارى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەترسى دابەشبوونى هەرێمى کوردستانى خستووەتەڕوو و نوسیویەتى "لە هەر بەرپرسێکی ئەم وڵاتە بپرسی تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان دابەشبێتەوە؟ دڵنيام ڕاستەوخۆ و بێ بيرلێکرنەوە بە ( نا) يەکی گەورە وەڵامدەداتەوە، بەڵام بەداخەوە من وای نابينم".
دەشڵێت، پێکنەهێنانی کابينەی حکومەت و ڕێکنەکەوتن بۆ يەکهەڵوێستی بەرامبەر بەغدا و بەجيا کارکردن باشترين نيشانەی ئەو گومانەن، هەرچەندە هیواى خواستووە پێشبینییەکەى وادەرنەچێت.
ئارێز عەبدوڵا رونیشیکردووەتەوە "ئێمە ئەوانەمان دەوێ و ئەوانيش ئەوانە نادەن و پێشنيازی سێيەميش نييە، کەواتە دەبێ هەر بەم شێوەيە و بەبێ گەيشتن بە هيچ ئەنجامێکی هاوبەش لە دەورى يەکدى بسوڕێينەوە. پارتی دەڵێ: ئێمە دەنگی زۆر و کورسی زۆرترمان هێناوە، بۆيە مافی خۆمانە چی بدەين و چی نەدەين..! يەکێتيش دەڵێ: ڕاستە ژمارەی کورسیيەکانت زياترن، بەڵام بەبێ من کابينەت پێ دروستناکرێ، بۆيە منيش مافی خۆمە ئەوەی دەمەوێ بۆم دابينبکرێ و بەدەستیبهێنم".
لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەم بەرپرسى یەکێتییە ئەو مەترسییە بخاتەڕوو، دواى بێ ئەنجامى گەڕى نوێی دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ و پۆستەکانى کورد لە بەغداد بەتایبەتى پۆستى سەۆک کۆمار کە هەردوو حیزب بە مافى خۆیانى دادەنێن.
رۆژى 18ى ئەم مانگە، لەتیف نێروەیی لێرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە وتارێکدا لە پێگەى فەرمى حیزبەکەى ئاماژەى بەوەکردبوو، "پەیامی بەشێک لە بەرپرسانی پارتی بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت لەکاتێکدا میدیای هەردوو لایەن (یەکێتی و پارتی ) ئاگادارکراونەتەوە کە بەمەبەستی رەخساندنی کەشێکی ئارامتر بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان وەفدی هەردوولا کار بۆ رەخساندنی ئەو دۆخە بکەن".
ناکۆکى لە هەرێم و پەرتەوازەیی لەبەغداد
چەند خولێکى دانوستانى پارتى و یەکێتى بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ و پشکەکانى کورد لە بەغداد بەتایبەتى پۆستى سەرۆک کۆمار بێ ئەنجام بووە، بەو هۆیەشەوە هەردوو حیزب بەجیا شاندیان رەوانەى بەغداد کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان رۆژى دووشەممە گەیشتە بەغداد و لەگەڵ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان کۆبووەوە، لەکاتێکدا یەکێتى لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە زیاتر لە جارێک شاندى رەوانەى بەغداد کردووە.
هەردوولا لەدانوستانەکانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستى زیاتر لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار دەدەن، کە هەردوو حیزب لەسەرى ناکۆکن و هەریەکەیان بە مافى خۆیانى دادەنێن.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانیان، رۆژى سێشەممە مەکتەبى سیاسی یەکێتى لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەیان کراوەیە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم.
هەڵوێستەکەى یەکێتى دواى کەمتر لە هەفتەیەک هات لە دوایین هەڵویستى پارتى لەو بارەیەوە، کە لەلایەن کۆمیتەى ناوەندى پارتیەوە راگەیەنراو و تێیدا جەختیکردبووەوە، دەرگاى گفتوگۆ بۆ رێککەوتن بە گوێرەى ئەنجامى هەڵبژاردن کراوەیە.
دوایین کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى هەفتەیەک لەمەوبەر بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێ لە هەرێم و پۆستەکانى کورد لە بەغداد، کە یەکەم گەڕى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانیان بوو لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
بەپێچەوانەى کۆبوونەوەکانى پێشوویانەوە، دواى کۆبوونەوەکە هیچ راگەیەنراوێک بڵاونەکرایەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ بێ ئەنجامى کۆبوونەوەکە، کە تێیدا هەردوو حیزب سوربوون لەسەر داواکارییەکانى پێشوویان.
بێ ئەنجامى گەڕى نوێی دانوستانەکانى یەکێتى و پارتى هەرێمى کوردستانى خستووەتە بەردەم قۆناغێکى نوێوە، لەگەڵ ئەگەرى دەستبردنى پارتى بۆ پلانى (بی) و پێکهێنانى حکومەت و کاراکردنەوەى پەرلەمان بەبێ یەکێتى، یان بژاردەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەى خولى شەشەمى پەرلەمان.
پێشتر پارتی و یەكێتی 20 جار لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، لەکاتێکدا ماوەى دواکەوتنى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم ژمارەى پێوانەیی شکاندووە و دواى زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردن هێشتا وادەى پێکهێنانى نادیارە.
