گەورەتر لە هەڕەشەى ئەتۆمى؛ چاوى ئیسرائیل دەچێتە سەر مووشەکەکانى ئێران

#ئێران#ئیسرائیل#مووشەک#خامنەیی#نەتەنیاهۆ
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • ئێران دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەى نوێی مووشەکی
  • ئیسرائیل مووشەکەکانی ئێران بە هەڕەشەیەکى گەورەتر لە ئەتۆم دادەنێت
Primary Asset

سبەى

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهۆ لە کۆتایی ئەم مانگدا سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبێتەوە و پرسی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران تەوەێکى سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت، لەو نێوانەشدا ئێران دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەى نوێی مووشەکی، کە ئیسرائیل بە هەڕەشەیەکى گەورەتر لە ئەتۆم دایدەنێت.

لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا لە ٢٩ی کانوونی یەکەمدا، بە گوێرەی زانیارییەکان ئێران یەکێک لەو بابەتە سەرەکییەکانەیە کە لەسەر مێزی گفتوگۆکان قسەى لەسەر دەکرێت.

ئیسرائیل بە وردی سەرنجی لەسەر بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێرانە کە بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەی ئەژماری دەکات، دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە میانی جەنگێکی 12 رۆژەدا  لە مانگی حوزەیران زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران گەیاند.

ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران ناکۆکن

لە ئێستادا ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران روانینی جیاوازیان هەیە، لەلایەک ترەمپ چەندین جار رایگەیاندوە کە لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو چیدیکە ئێران مەترسییەکی بەپەلە نییە و ئەو وڵاتە لە ئێستادا توانانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەدەستداوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئیسرائیل رایگەیاندوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواەتی کۆتایی پێ نەهاتوە و تەنها ساڵێک بۆ دوو ساڵ دواخراوە.

هاوکات ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی کە ئێران سەرقاڵی بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی توانا موشەکیەکانیەتی و بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوز و ئەکسیۆس، بەرزکردنەوەی توانا مووشەکییەکانی ئێران بە مەترسییەکی گەورەتر لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەسف دەکەن.

مووشەک وەک هەڕەشەیەکی بەپەلە

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن ئێران چەندین نمایشی سەربازی ئەنجامداوە کە تێیدا جۆرەکانی جیاوازی مووشەک تاقیکراوەتەوە و ئەو بەرپرسانە هۆشداریان داوە لەوەی ئێران ئەو نمایشە سەربازییانە وەک بەرگێک بۆ هێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنێت.

لای خۆیەوە ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بۆ هێرشێکی نوێ دژی ئێران ئامادەیە و ئەم هێرشە لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت لەناو خاکی ئێراندا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل نیگەرانییکانی لەبارەی بەرنامەی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەک لە ساڵێکدا نەشاردوەتەوە.

بە گوێرەی کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، بڕیارە نەتەنیاهۆ لەسەردانەکەی بۆ ئەمریکا پێشنیازی هێرشی هاوبەش بۆ سەر ئێران پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ بکات، راشیگەیاندوە کە ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی مووشەک و ناردنی بۆ گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە ئاڵۆزی و مەترسییەکان پەرەپێدەدات و هاوکات لە ڕێگەی ئەم مووشەکانەوە هەوڵی پاراستن و بەردەوامکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدات. 

ئێران: دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان ناکەین

ئێران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لەبارەی بەرنامەی مووشەکییەکەی دانوستان ناکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە مووشەکییەکەی تەنیا بۆ بەرگرییە. 

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران لەوبارەیەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە، بەرنامەی مووشەکی ئێران بۆ بەرگریکردن لە دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر وڵاتەکەیان دارێژراوە و لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری بەرنامە و توانا مووشەکییەکانی نابێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێران مەودای مووشەکەکانی گەیاندووەتە زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر و نەشیشاردوەتەوە کە ئەگەر پێویست بکات مەودای مووشەکانی دەتوانێت بە رادەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی جەوان سەر بە سوپای پاسداران لە راپۆرتێکدا بە تیشک خستنە سەر خێرایی ئێران لە پڕکردنەوەی جبەخانەی موشەکییەکانی دوای شەڕی حوزەیران و نوسیویەتى ئیسرائیل "ترساوە" لە توانای ئێران بۆ هەڵدانی سەدان مووشەک بۆ سەر وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی دیکە.

لە بەرانبەردا بەشێک لە میدیا میانرەوەکانی ئێران هۆشداریان داوە لەوەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە کاتێكدا کە نەتەنیاهۆ سەردانی ئەمریکا دەکات هەڵەیە و ئەگەری رازیبوونی ترەمپ بە هاوکاریکردنی نەتەنیاهۆ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەرزدەکاتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی