گەڕەکە کوردنشینەکانى حەلەب؛ لە پێکدادانەوە بۆ گەمارۆ

#حەلەب
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردووەتەوە دەردەکەوێت، هێزە ئەمنى و سەربازیەکانى سوریا سەرقاڵى دانانى بەربەستى کۆنکرێتین لەدەروازەکانى دوو گەڕەکە کوردنشینەکەى حەلەب کە پێکهاتوون لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە.
Primary Asset

سبەى

هێزەکانى سوریا دەروازەکانى دوو گەڕەکە کوردنشینەکەى حەلەبیان داخست، ئەوەش دواى رۆژێک لە پێکدادانە سەختەکەى شەوى رابردوو کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.

بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردووەتەوە دەردەکەوێت، هێزە ئەمنى و سەربازیەکانى سوریا سەرقاڵى دانانى بەربەستى کۆنکرێتین لەدەروازەکانى دوو گەڕەکە کوردنشینەکەى حەلەب کە پێکهاتوون لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە.

لەگەڵ دانانى بەربەستەکان، هێزەکان رێگریان لە دانیشتووانى ئەو دوو گەڕەکە کردووە هاتوچۆ بکەن لەنێوان ئەو گەڕەکانە و گەڕەکەکانى دیکەى شارەکە.

روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ دەڵێت، داخستنى دەروازەکانى ئەو دوو گەڕەکە لەکاتێکدایە، ترسەکان لە زیادبووندان لەبارەى خراپبوونى دۆخى دانیشتووانى ئەو دوو گەڕەکە و هاتوچۆ و گەیشتنى پێداویستییەکان و دیار نییە کەى دەروازەکان دەکرێنەوە.

هەردوو گەڕەکی کوردنشینى شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەى حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى سەر بە ئیدارەی خۆسەردان، هاوکات هێزەکانی حکومەت کۆنتڕۆڵی دەروازەکانی چوونە ژوورەوە دەکەن.

ئەو دوو گەڕەکە لەمساڵدا چەند جارێک پێکدادانیان بەخۆوە بینى، پێش ئەوەى هەریەکە لە هەسەدە و سوریا لەسەر ئاگربەست رێکبکەون.

دوایین پێکدادان شەوى دووشەممە 22ى کانونى یەکەم روویدا کە ماوەى زیاتر لە سێ کاتژمێرى خایاند و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و 23ى دیکەش برینداربوون.

ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی کورد لە حەلەب رۆژى سێشەممە داوای لە حکومەتی سوریا کرد لێپرسینەوە لەو گروپانە بکات کە لەژێر چاودێری وەزارەتی بەرگریدا کاردەکەن، ئەوەش دوای پێکدادانەکانی شەوى رابردوو.

لە راگەیەندراوێکدا ئەنجوومەنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە رایگەیاندووە، هێرشەکەدرێژەپێدەری ئەو گەمارۆیە بووە کە بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا سەپێنراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکان “پێشوەختە بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراون، پێشوەختە کارەبا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بڕراوە،ڕێگاوبانەکان داخراوى، لەناکاو کارمەندانی ئاسایشی گشتی لە بازگە هاوبەشەکانی حکومەتی کاتی کشاونەتەوە”.

ئەنجوومەنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە پابەندبوونى بە رێککەوتنی لە 1ی نیسان لەگەڵ حکومەتی کاتی لە دیمەشق دوپاتکردووەتەوە، کە لە ڕێککەوتنی 10ی ئازارەوە سەرچاوەی گرتووە.

دوایین پێکدادان

بەپێی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، پێكدادانەكەى شەوى رابردوو دوای ئەوە سەریهەڵداوە، كە خاڵێكی پشكنینی هاوبەشی نێوان ئاسایشی رۆژئاوا و ئاسایشی گشتی سوریا لە حەلەب رووبەڕووی هێرش بووەتەوە لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی بەرگری سوریاوە، كە بەهۆیەوە چەند ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە.

هەریەكە لە هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان سەر بە ئیدارەی خۆسەر و سوریا یەكتری بە هۆكاری پێكدادانەكە تۆمەتبار دەكەن.

هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هێزەكانیان رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و ئەوانیش وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە، لەبەرانبەردا وەزارەتی بەرگری سوریا دەڵێت وەڵامی هێرشی هەسەدەیان داوەتەوە.

فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە پێشتر رایگەیاندبوو، لەدوای رێككەوتنی 10ـی ئازار، هێزەكانی سەر بە دیمەشق 122 جار هێرشی جۆراوجۆریان كردووەتە سەر دێر حافر و گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، كە بەشێكیان لە رێگەی درۆنەوە بوون.

رێككەوتنی 10ـی ئازار لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە واژۆكرا، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

بەپێی رێككەوتنەكە هەسەدە هێزەكانی لە گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب كشاندەوە و تەنها هێزەكانی ئاسایش لەو گەڕەكانە مانەوە.

پێكدادانەكەی رۆژی دووشەممە هاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و دیمەشق لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە پێش كۆتایی ئەمساڵ، بۆ تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، هەروەها هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ سوریا كە تێیدا هەسەدەی تۆمەتباركرد بەوەی هەنگاوی جدی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ـی ئازار.

ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا رۆژی دووشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی رایگەیاند، دەستپێشخەرییەكەیان پێشكەشكردووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و لەلایەن هەسەدەوە وەڵام دراونەتەوە و سەرقاڵی تاوتوێكردنی وەڵامەكەن.

پێشتر عەبدولكەریم عومەری، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشق، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی نۆرس پریس ئاشكرای كردبوو، وەزارەتی بەرگریی سوریا پێشنیازێكی نوێی لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ـی ئادار و تێكەڵكردنی هەسەدە بە سوپا ئاڕاستەی دیمەشق كردووە.

جەختیشیكردبووەوە، تائێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لە دانوستانەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی كاتی سوریا لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ـی ئادار نییە، سەرەڕای ئەوەی چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆ و كۆبوونەوە ئەنجامدراوە و كەشێكی ئەرێنی هەبووە، بەبەشداریی هاوبەشەكانی وەك ئەمەریكا و فەرەنسا، لێكتێگەیشتنەكان زیاتر زارەكی بوون.

نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دیمەشق بە پێویستی زانیبوو، گەڕێكی دیكەی دانوستان لەسەر ئاستی باڵا پێش كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی