
کۆبونەوەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025
سبەی
جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لە بەرنامەی "حکومەتی سێبەر"ـەکەیدا بەڵێنی دادپەروەری و مافی کسانی هاوڵاتیبوون بە کورد دەدات، ئەگەر بکاتە دەسەڵات. لەکاتێکدا ماوەی ساڵێکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە تورکیا بە رابەرایەتی مەهەپە و ئاکەپە لەگەڵ ئۆجەلان و دەم پارتی دەستیپێکردووە و جەهەپە ئامادەنەبوو نوێنەری لەگەڵ کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بنێرێتە ئیمرالی بۆ دیداری ئۆجەلان.
حکومەتی سێبەر، کە لەماوەی رابردوودا لەلایەن پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە پێکهێنراوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا کارنامەکەی خستەڕوو و بەڵێنی داوە خواستەکانی کورد لە تورکیا ببێتە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پاتی گەلی کۆماری دوای کۆبونەوەی حکومەتی سێبەر بەڵێیندا، "ئەگەر پارتەکەی بگاتە دەسەڵات هەموو هاوڵاتییەک وەک یەک دەستی بە دادپەروەری دەگات و یەکسانی لە مافی هاوڵاتیبوون دەستەبەر دەکات."
ئۆزەل، کە سەرۆکایەتی کۆبونەوەی حکومەتی سێبەری جەهەپەی کردبوو رایگەیاند: حکومەت پابەندە بە چارەسەرکردنی دۆسیەی یەکسانی و هاوڵاتیبوون تا ئەو کاتەی "دوا کورد دەڵێت هیچ کێشەیەکم نییە".
جەهەپە کە ئاراستەیەکی عەلمانی هەیە، لە کۆنگرەی گشتی پارتەکەی، کە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم ئەنجامیدا، بڕیاریدا حکومەتێکی سێبەری سەربەخۆ پێکبهێنێت، جیاواز لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی جەهەپە و وەک درێژکراوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 2023، بە جۆرێک بەربژێری سەرۆکایەتی ئەو پارتە سەرۆکایەتی حکومەتەکە دەکات و کاروبارەکانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و جیاواز بەڕێوەدەبرێت.
بەهۆی ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ و کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئێستا لە زینداندایە، ئۆزەل خۆی سەرۆکایەتی کۆبونەوەی حکومەتی سێبەری کرد و کارنامەکەی پەسەند کرد.
گەڕاندنەوەی متمانە
پەیامی سەرەکی حکومەتی سێبەر زیاتر رووەو کورد بوو، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبونەوەی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە و گفتوگۆکردن لە سەر قۆناغی نوێی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد کە زیاتر لە ساڵێکە لە تورکیا دەستیپێکردووە.
بەڵێنەکانی حکومەتی سێبەری ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە کورد و دیدارە دۆستانەکەی جەهەپە و دەم پارتی، پێدەچێت لە قۆناغی داهاتوودا لە یەکتریان نزیک بکاتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سیاسی. هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانەکانی 2019 و 2024 و ئەنجامدرا و هەردوولا تاکتیکی هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد و بەهۆیەوە جەهەپە توانی سەرۆکایەتی شارەوانییە گەورەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە لە ئاکپارتی دەسەڵاتدار بباتەوە. بەهەمانشێوە لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا 2023 هەدەپە پشتیوانی کاندیدی جەهەپەی کرد.
هەرچەندە ئێستا دەم پارتی هاوپەیمانییەکی کاتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار "ئاکەپە" و هاوپەیمانەکەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" هەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە ماوەی رابردوودا شاندێکی هاوبەشی هەر سێ لایەنەکە لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی برایەتی پەرلەمانی تورکیا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد لە گرتوخانەی ئیمرالی، بەڵام نوێنەری جەهەپە و پارتەکانی دیکە بەشداریی ئەو شاندەیان نەکرد.
کۆبونەوەی جەهەپە و دەم پارتی
رۆژی دووشەممەی رابردوو (22ـی کانوونی یەکەمی 2025) لە ناوەندی گشتیی جەهەپە لە ئەنقەرە، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆبوونەوە.
دوابەدوای کۆبونەوەکە، ئۆزەل باسی لە ئەو هێرشە رەگەزپەرستانەیە کرد کە دژی لەیلا زانا ژنە سیاسەتمەداری باکوری کوردستان ئەنجامدران و بە توندی شەرمەزاری کرد.
ووتیشی: "هیواخوازین چیتر کورد لە تورکیا لە داهاتوویان نیگەران نەبن، بتوانن باشترین پەروەردە بە زمانی خۆیان وەربگرن و یەکسانانە بژین لە وڵاتەکەماندا. هیوادارین لە سوریا و لە تورکیاشدا هەموو پێکهاتەکان لە ناو ئاشتی و دەستورێکی دیموکراتیدا بژین".
لەبەرامبەردا، پەروین بوڵدان سەرۆکی شاندی ئیمرالی دەم پارتی رایگەیاند: لە ساتەوەختێکی مێژویی وەک ئەمڕۆدا رۆڵی جەهەپە بە گرنگ دەبینین. پرسی کورد پرسێکی سیاسیی نییە و چارەسەرکردنی بەرپرسیارێتی هەموو لایەکمانە.
هاوکات، میدحەت سانجار ووتی: "لەم پرسەدا رێککەوتنی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی گرنگییەکی گەورەی هەیە. جارێکی دیکە بینیمان جەهەپە ئیرادەی خۆی نیشانداوە بۆ درێژەدان بە رۆڵی ئەرێنی خۆی لەم پڕۆسەیەدا. ئەمە بۆ هەموو لایەک زۆر گرنگە".
جەهەپە و پرسی کورد
هەرچەند لە سەرەتای دامەزراندن و لە قۆناغە جیاوازەکانی ماوەی دەسەڵاتدارێتیدا جەهەپە سیاسەتی تواندنەوە و پاکتاوکردنی کوردی بە شێوازی جیا جیا گرتەبەر، بەڵام لە دوای بوونی کەمال کلیچدارئۆغڵو بە سەرۆکی ئەو پارتە کە خۆی خەڵکی دێرسمی باکوری کوردستانە و دەوترێت کوردە، تاڕادەیەک پارتەکە بە رووی کورددا کرایەوە.
بەهۆی ئەم کرانەوەیەشەوە، لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان کە لە 2019 ئەنجام درا لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، ئادانا و مێرسین توانی بە دەنگی کورد، لەسەر داوای ناڕاستەوخۆی هەدەپە گەورە شارەوانییەکانی ئەو شارانە بباتەوە کە پێشتر و بەر لەوەی هەدەپە ئەو داوایە لە دەنگدەرانی بکات، جەهەپە نەیتوانیبوو لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتری شارەوانییەکان لەو ناوچانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەروەها لە گەڕی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا کە لە 2023 ئەنجام درا هەدەپە راستەوخۆ پشتگیریی خۆی بۆ بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت، کەمال کلیچدارئۆغڵو راگەیاند و بەو هۆیەوە کلیچدارئۆغڵو توانی لە 14 پارێزگای باکووری کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو پێش رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێت.
بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024 دەم پارتی کە درێژەپێدەری هەدەپەیە لەگەڵ جەهەپە لە چەند ناوچەیەک لە میانی هاوپەیمانییەتییەکدا لەژێر ناوی "لێکتێگەیشتنی شار" دەنگیان بە کاندیدەکانی یەکتری دا و تەنانەت لەو شوێنانەی دیکەی تورکیا کە هاوپەیمانیەتییشیان نەبوو دەنگدەرانی دەم پارتی دەنگیان بە کاندیدەکانی جەهەپە دا، وێڕای ئەوەی دەم پارتی خۆی کاندیدی بۆ ئەو ناوچانە دانابوو، بەڵام ئەمە وەک بەرنامەیەکی دەم پارتی لێک درایەوە بۆ سەر لێشواندنی ئاک پارتی و هاوپەیمانەکانی.
بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن کرانەوەی جەهەپە بە رووی کورددا لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەلدا هەنگاوی باشتریشی بڕیووە و هەڵوێستەکانی بە بەراورد لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو راشکاوانەتر و بوێرانەترن. بەڵام هێشتاش ئەو پارتە نەیتوانیووە بە تەواوی خۆی لە دیدگای نەتەوەیی تورکی دژە کوردی کەمالیزم داببڕێت و هێشتاش چەندین بەرپرسی دیاری ئەو پارتە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی کورد دەکەن.
تێڕوانینی ئۆزەل بۆ سەر پرسی کورد
ئۆزگور ئۆزەلی تەمەن 51 ساڵ لە مانیسا لەدایک بووە، کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی ئیجەی لە ئیزمیر تەواو کردووە و پێنج خولە پەرلەمانتاری تورکیایە. لە 24ـی حوزەیرانی 2015ـەوە تاکوو 3ـی حوزەیرانی 2023 بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بووە لە پەرلەمانی تورکیا، بەردەوام جەخت لە بوونی پرسی کورد دەکاتەوە لە تورکیا و پەرلەمانیش بە شوێنی چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەزانێت.
ئەو کە بە توندترین شێوە دژی دانانی قەییومە بۆ ئەو شارەوانییانەی دەم پارتی بە دەستی هێناون، کاتێک ئەحمەد تورک لە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لە کار لادرا، هەرزوو چووە مێردین و پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.
ئۆزگور ئۆزەل بەر لەوەی ببێت بە سەرۆکی جەهەپەیش، ئاماژەی بەوە دەدا کە دەنگی هاوڵاتییانی کورد وەک دەنگی هاوڵاتییانی تورک بەهادارە و ناکرێت قەییوم بۆ شارەوانییەکانی باکوری کوردستان دابندرێت.
چەندین جاریش کە بەرپرسە نەژادپەرستەکانی جەهەپە قسەیان لە دژی کورد کردووە، هاتووەتە دەنگ و بە ناوی ئەوانەوە داوای لێبوردنی کردووە.
دوایین جاریش کاتێک مەنسور یەڤاش، بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە "پارچە پەڕۆ" ناوی برد، ئۆزەل بە ناوی ئەوەوە داوای لێبوردنی کرد و جارێکی دیکە سڵاوی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش رەوانە کرد کە نزیکەی 10 ساڵە زیندانی کراوە.
ئۆزگور ئۆزەل'یش هاوشێوەی کەمال کلیچدارئۆغڵو لەو باوەڕەدایە چونکە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئامادە نەبووە ئەردۆغان بە سەرۆکی خۆی بزانێت و لە بەرامبەریدا چۆکی دانەداوە، بۆیە خستوویەتییە زیندان.
جەهەپە
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە 9ـی ئەیلولی 1923 لە لایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێندراوە و لە ماوەی 102 ساڵ تەمەنیدا چەندین جار گۆڕانکاریی بەسەر ئایدۆلۆژیای پارتەکەدا هاتووە.
لە دوای مردنی ئەتاتورک چەندین جار پارتەکە دووچاری جیابوونەوە و لێکترازان و یەکگرتنەوە بووە. بە دوای ئەتاتورکدا هەریەک لە عیسمەت ئینۆنو، بولەنت ئەجەوید، دەنیز بایکاڵ، حیکمەت چەتین، ئاڵتان ئۆیمەن، دەنیز بایکاڵ (بۆ جارێکی دیکە) و کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکایەتیی پارتەکەیان کردووە.
هەرچەند دوای کودەتا سەربازییەکەی 1980، جەهەپە هاوشێوەی پارتەکانی دیکەی تورکیا لە 16ـی تشرینی یەکەمی 1981 داخرا، بەڵام لە 9ـی ئەیلولی 1992 جارێکی دیکە پارتەکە دامەزرێندرایەوە.
ئایدۆلۆژیای پارتەکە بەپێی تێپەڕینی کات گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ئێستا وەک پارتێکی کەمالیست و سۆسیال دیموکرات و چەپی میانڕەو خۆی پێناسە دەکات.
جەهەپە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە ساڵی رابردوو (31ـی ئاداری 2024) ئەنجام دران توانی دوای 47 ساڵ ببێتەوە بە براوەی یەکەم و 37.77%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنا.
ئاک پارتییش دوای 22 ساڵ لە حوکمڕانی لە براوەی یەکەمەوە بوو بە براوەی دووەم و 35.49%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنا.
لە کاتێکدا هێشتا ساڵێک تێپەڕ نەببوو بە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 14ـی ئایاری 2023، ئاک پارتی توانیبووی بە بەدەستهێنانی 36.30%ـی دەنگەکان ببێتەوە بە براوەی یەکەم و جەهەپەیش بە بە دەستهێنانی 25.80%ـی دەنگەکان ببێتە براوەی دووەم.
لە ئێستادا جەهەپە خاوەنی 134 کورسییە لە پەرلەمانی تورکیا.
